ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر کۆتا بارودۆخی نەرگس محەمەدی و دەستبەسەر کراوان لە ڕێورەسمی حەوتەمین ڕۆژی کۆچی دوایی خوسرەو عەلیکوردی لە مەشهەد

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە دوای ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان لە سەر دەستبەسەر کرانی بەشداربووان لە ڕێورەسمی حەوتەمین ڕۆژی کۆچی دوایی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەری ناسراو و ڕەخنەگر لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەشهەد، ڕایدەگەنێت کە ئەم دەستبەسەر کردنانە بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان بە دەستمان گەیشتووە، بە شێوەی بەرین سەرەڕۆیانە و لەگەڵ توندوتیژی ئەنجام دراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەی یاسایی یان بڕیاری دادوەر بەشێک لە ئامادەبووانیان دەستبەسەر کردووە و لە درێژەشدا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەم کەسانە بە شێوەی ناڕوون بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان ڕاگوێزران و لەمافی پەیوەندی لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. لەگەڵ تێپەڕ بوونی چەندین ڕۆژ بە سەر کاتی دەستبەسەر کرانیان هێشتا بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی بەشێکی بەرچاویان نادیارە.

بە گوتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵە، نەرگس محەمەدی شەوی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤، دوای سێ ڕۆژ توانیویەتی لە ڕێگای پەیوەندیەکی کورتماوەی تەلەفۆنی بارودۆخی خۆیی بۆ بنەماڵەکەی باس بکات، ئەو لەم پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا وتوویەتی بە توندوتیژی دەستبەسەر کراوە و دوایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل” خراوەتە پاڵی. بەم پێیە ئەم تۆمەتە بەبێ ڕوونکردنە، بەڵگەنامە و ڕێوشوێنی دادگایی کرانی دادپەروەرانە باس کراوە. نەرگس محەمەدی هەروەها باسی لەوە کردووە کە لێدراوە و تا ساتی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکە نازانێت کام دامەزراوەی ئەمنی دەستبەسەری کردووە. داواکاری ئەو بۆ تۆمار کردنی سکاڵا لە ئاست شێوەی دەستبەسەر کردن و هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان، لە ڕوانگەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە نیشانی دەدات کە ئیدیعای پێشێلکاری مافە یاساییەکانی ئەو جددیە و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی بەپەلە، سەربەخۆ و کاریگەر هەیە.

هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە دەستبەسەرکرانی عالیە موتەلب زادە چالاکی مافی مرۆڤ دەکەن. بە پێی زانیاریە بەردەستەکان بۆ ئەو بڕیاری دەستبەسەرکردنی یەک مانگانە بە تۆمەتی گشتی و دووبارەی “پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” دەرکراوە.
سەرچاوەکانی هانا گوتویانە ئەو لە سەرتاوە لای ئیتڵاعاتی سوپاوە بووە و پاشان بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی مەشهەد ڕاگوێزاوە. هەروەها ڕاگەیندراوە کە عەلیە موتەلب زادە لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا بە توندی لێدراوە و دوای ڕاگوێزانی بە هۆی خراپی بارودۆخی تەندرووستی پشکنینی پزیشکی سەرەتایی بۆ ئەنجام دراوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ئاست بارودۆخی جەستەیی عالیە موتەلب زادە نیگەرانی قوڵی خۆیی دەردەبڕێت. ئەو شێرپەنجەی مەمکی هەیە و پێشتر نەشتەرگەری، شیمی دەرمانی و رادیۆتراپی بۆکراوە. تەندروستی ئەو پێویستی بە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تایبەتمەند و دەرمانی پێویست بە خێرایی و بەردەوام هەیە و هەر ڕەتکردنەوەی چارەسەری گونجاو دەتوانێت ڕاستەوخۆ ژیانی بخاتە مەترسییەوە. ئەو ڕێکخراوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە بەرامبەر هەر زیانێکی جەستەیی یان دەرئەنجامێکی قەرەبوو نەکراو کە لە ئەنجامی دەستڕانەگەیشتن بە چارەسەرەوە بۆ ئەو ڕووبدات دامودەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆیان دەبێت.

لە پەنا ئەم حاڵەتانەدا، بنەماڵەکانی دەستبەسەر کراوانی تر باس لە پەیوەندی تەلەفۆنی کورتماوە، سنووردار و لە ژێر چاوەدێریدا دەکەن. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی کە بە هانا کەیشتووە، بۆ بەشێک لە دەستبەسەر کراوان لە لایەن لێکۆڵەری لقی ٩٠١ەوە بڕیاری دەستبەسەر کردنی یەک مانگە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” دەرکراوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم تۆمەتە لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سیستماتیکی بۆ سنووردارکردنی چالاکییە مەدەنییەکان و بێدەنگکردنی دەنگی ڕەخنەگران و لە زۆر حاڵەتدا بەبێ ئەوەی بەڵگەی ڕوون و پشتڕاستکراوە بخرێتەڕوو، بەکارهێنراوە.

بە پێی لیستی کۆکراوە لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە، جەواد عەلیکوردی (برای خوسرەو عەلیکوردی) نەرگس محەمەدی، عالیە موتەلب زادە، سپیدە قولیان، هەستی ئەمیری، پوران نازمی، یاسر دێهستانی، عەلی ئادینە زادە (باوکی زیندەیاد ئەبولفەزڵ ئادینە زادە) تەیەبە نەزەری (دایکی مەریەم ئاروین پارێزەری گیانبەختکردوو) پوریا نەجارزادە، حەسەن باقری نیا، حیدەر چاە چەمەدنی، حامد رەسوڵخانی، کەمال جەعفەر یەزدی، جەواد جەلالی، وەحیدە حەق پەرەست(نورا حەقی) و محەمەد حوسێن حوسێنی، دەستبەسەرن و لە سەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی بەشێکیان هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زنجیرەی ئەم کەیسانە، لە دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژی جەستەییەوە تا دەگاتە دەستبەسەرکردنی درێژخایەنی بێ پەیوەندی، ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، تۆمارکردنی تۆمەتی ئەمنی بەبێ ڕەچاوکردنی گەرەنتی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، و هەڕەشەکردن لەسەر تەندروستی دەستبەسەرکراوانی نەخۆش، پێشێلکردنی ڕوونی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ پێکدەهێنن، لەوانەش مافی ئازادی و ئاسایشی کەسی، مافی ئازادی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، و مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، و لەگەڵ ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە تایبەت پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ناگونجێن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان، ئاشکراکردنی شەفافانەی شوێنی ڕاگیرانیان و دەستڕاگەیشتنێکی کاریگەر بە پارێزەرانی سەربەخۆ و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ خێزانەکانیان دەکات. هەروەها ڕێکخراوەکە داوای چاودێری پزیشکی خێرا و دابینکردنی چارەسەری تایبەتمەند و دەرمانی پێویست بۆ دەستبەسەرکراوانی نەخۆش و بەتایبەتی عالیە موتەلب زادە و هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و سەربەخۆ و کاریگەر لە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی لە کاتی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە لە دامەزراوە بەرپرسیارەکان دەکات. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دووپاتی دەکاتەوە کە دامەزراوە ئەمنیەتی و دادوەریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسیارن لە هەموو دەرئەنجامە جەستەیی و دەروونی و یاساییەکانی ئەم دەستبەسەرکردنانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین