ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر ڕێورەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی حەمید مورادی لە سنە

حەمید مورادی چالاکی ژینگەپارێزی ، پارێزەری پلە یەکی دادگا و بەرپرسی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “شنەی نەوژین” لە سنە بوو .
ئەو لە ماوەی ئەو ساڵانەی چالاکی بوو خۆیی بە بەرپرس زانیوە لە بواری پشتیوانی و پاراستنی ژینگەی کوردستان . ئەو لە چالاکانی جددی مەدەنی لە دژی تێکدانی ژینگە و کێشانی نایاسایی سیاج و فەنس لە ناوچەکە بووە و جگە لەمانەش پارێزەری کۆمەڵێک دۆسیە سەبارەت پاراستنی مافی ژینگە و سامانە سروشتیەکان بووە .
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئاگری گەورە و بەرین لە بەرزاییەکانی شاخی ئاویەر ، پشت پەناگا ڕوو بە حەسەناوا کەوتووەتەوە ، ناوچەیەک کە نەک تەنها بە یەکێک لە گرینگترین شوێنە گەشتیاریەکانی سنە هەژمار دەکرا ، بەڵکوو وەک شوێنێکی مێژوویی لە باوەڕە هاوبەشەکاندا و وەک هێمای بەرخۆدانی سیاسی خەڵکی سنە بووە . ئەم ئاگرە لە نزیک کاژێر دوازدە و سی خولەکی نیوەڕۆ دەستی پێکرد و لە ماوەی چەن کاژێردا زیاتر لە ٢٠ هێکتار لە پوش و گیای ناوچەکەی گرتەوە . بە پێی زانیاریە مەیدانیەکان ، گەرمای زۆر کە زیاتر لە ٤٠ پلە بووە ، بای توند و نەبوونی کەلوپەلی پێویست بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کە بەردەوام بەشێک لە سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە بووە ، بووەتە هۆی تەشەنە سەندنی ئاگرەکە و دەرچوونی لە کۆنتڕۆڵ .

هەر لەم ڕێرەوەدا حەمید مورادی لەگەڵ گروپێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی و خەڵک ، خۆبەخشانە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاتوونەتە مەیدان . بەڵام لە جەریانی هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگرەکە ، بە هۆی گۆڕانی لە ناکاوی ڕێرەوی با ، لە نێو کڵپەی ئاگردا گیریان خواردووە و بە سەختی سوتاون . بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەردەستدان ، لانیکەم هەشت کەس لە خۆبەخشەکانیش لەم ڕووداوەدا زیانیان بەرکەوتووە . بەشێکیان برینەکانیان سوک بووە و چارسەر کراون و بەشێکیان لە بەشی چەوەدێری چڕی نەخۆشخانە خەوێندراون .

ناسنامەی بەشێک لە برینداران بریتین لە :
حەمید مورادی (گیانبەختکردوو) موحسێن حوسێن پەناهی ، سەید موستەفا هۆژبری ، خەبات ئەمینی (باری تەندروستی ناجێگیر) چیاکۆ یوسفی نژاد و ئاریاس (ئاریەن)سەلیمی کە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵە .

حەمید مورادی دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە ڕاگوێزرا بەڵام بە هۆی بەرزی پلەی سوتاوی کە زیاتر لە هەستا لە سەد بووە و سەختی برینەکانیەوە ، سەرەڕای هەوڵی کادری دەرمانی سەر لە بەیانی هەینی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤ ، گیانی لە دەستدا .

ڕێورەسمی ئەسپەردە کردنی تەرمی ئەم چالاکی ژینگە پارێزیە ، هەمان ڕۆژ کاژێر ١٧ لە گۆڕستانی بەهەشت محەمەدی سنە بەڕێوەچوو و تەرمەکەی لە قەتعەی دوازدە بە خاک سپێردرا . ئامادە بوونی بەرینی خەڵک ، چالاکانی مەدەنی ، ئەندامانی دامەزراوەکانی ژینگە پارێزی و بنەماڵەی گیانبەختکردووان دەرخەری پێگەی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی ئەو لە ناو خەڵکدا بوو . بە پێی ئەو وێنانەی بە هانا گەیشتووە خەڵک بە وتەنەوە سرودی نیشتمانی و دروشمی شۆڕشگێرانەی کوردی تەرمەکەیان بەڕێکردووە .

مەرگی حەمید مورای وەبیرهێنەری گیانبەختکردووانی پێشووی ڕێگای پاراستنی ژینگەی کوردستانە . لە ساڵی ١٣٩٧، لە جەریانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان ، ئومید کۆنەپۆشی و شەریف باجوەر ، لە چالاکانی ناسراوی ژینگە پارێزی گیانیان لە دەستدا . هەروەها لە ساڵی ١٣٩٩، لە جەریانی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە ناوچەی پاوە ، موختار خەندانی ، بیلال ئەمینی و سۆران مەحمودی سێ چالاکی دیکە لە ڕێگای پاراستنی ژینگەدا گیانیان لە دەستدا .

کوردستان بەردەونم لە بزووتنەوە ژینگە پارێزیەکاندا پێشڕەو بووە و مەرگی ئەم چالاکە ژینگە پارێزیانە دەرخەری قوڵایی پەیوەندی خەڵکی کوردستان لەگەڵ زەوی ، شاخ و ژینگەیە .

بە پێی ڕاپۆرتەکان ، تەنها لە ماوەی یەک هەفتەی پێش ئەم ڕووداوە ، سێ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە بەرزاییەکانی ئاویەر ڕاگەینراوە :

یەکەم حاڵە ، لە نزیک میوانخانە و جەهانگەردی ، دووهەم لە نزیک پارکی کودەک و سێهەم حاڵەت لە بەرزاییەکانی ئاویەر ، پشت پەناگا بەرەو حەسەناوا ڕوویدا ، هەمان ئاگرکەوتنەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی حەمید مورادی و بریندار بوونی چەندین چالاکی ژینگە پارێزی .

دووبارە بوونەوەی ئەم ئاگرکەوتنانە هۆشداری جددین لە سەر بارودۆخی قەیراناوی پاراستنی سەرچاوە سروشتیەکان لە ناوچەکە . هانا کۆنترۆڵ نەکردنی ئاگرکەوتنەوە و ئاگر کەوتنەوەی بە ئانقەست بە بەشێک لە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی حاکمیەت لە کوردستان دەزانێت .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای ئەوەی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی حەمید مورادی و کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان دەکات ، جەخت لە سەر پێویستی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەت لە هەمبەڕ ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکات .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین