ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆخی مرۆیی و ئەمنییەتی شارەکانی کوردستان\ مەهاباد

ڕاپۆرتی تایبەت بە شاری مەهاباد

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە درێژەی هەڵسەنگاندنی مەیدانی بارودۆخی شارەکانی کوردستان و لە ژێر ڕۆشنایی بەردەوامی سنووردارکردنی پەیوەندییەکان و ژینگەی ئەمنی کە لە ئەنجامی پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا سەریهەڵداوە، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکان سەبارەت بە دۆخی مەهاباد کۆکراونەتەوە، ئەم ڕاپۆرتە بڵاودەکاتەوە.
بە پێی داتا مەیدانییەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەوشی ژیانی شارۆمەندان لە شاری مەهاباد بەرەو خراپی دەڕوات و نیگەرانییەکان لەوە زیاتر دەبن کە ئەو بارودۆخە بەردەوام بێت. سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە توانای دابینکردنی خۆراک لە شارەکەدا وردە وردە کەم دەبێتەوە و بەشێک لە خێزانەکان بەتایبەتی ئەوانەی خزمیان لە ئاواییەکاندا هەیە، بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و باشتر دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ڕوو لە ناوچە گوندنشینەکان دەکەن.

خەمڵاندنە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر دۆخی ئێستا بەردەوام بێت، هەفتەی داهاتوو دۆخەکە دەتوانێت قورستر بێت.
بازاڕی مەهاباد لە دۆخێکی نیمچە چالاکدایە و هەندێک دوکان کراوەن و هەندێکی تریش داخراون. هێشتا نانەواخانە و بەنزینخانەکان کاردەکەن، بەڵام ڕیزێکی درێژ لەبەردەمیاندا دەبینرێت. هاوکات نرخی کاڵا سەرەتاییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوە بەردەوام بووە، سەرچاوە ناوخۆییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ماوەیەکی کورتدا نرخی زۆرێک لە کاڵاکان دوو هێندە زیادی کردووە.
پێداچوونەوە بە نرخەکان دەریدەخات کە کیسەیەکی برنج کە کێشی ١٠ کیلۆگرامە لە ١.٧٥٠ هەزار تمەنەوە بۆ دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرزبووەتەوە، کیسەیەکی ٥ کیلۆگرام قەند لە ٤٠٠ هەزارەوە بۆ ٦٠٠ هەزار بەرزبووەتەوە، کیسەیەکی ٥ کیلۆگرامی ڕۆن لە ٧٠٠ هەزارەوە بۆ ٢ملیۆن تمەن بەرز بووەتەوە، هەروەها نرخی کیسەیەک چای ڕەشی یەک کیلۆگرامی لە یەک ملیۆن تمەنەوە بووەتە ٢ ملیۆن. هەروەها کیسەیەکی ئاردی ٤٠ کیلۆگرام لە ٦٠٠ هەزار تمەنەوە بۆ دوو ملیۆن و٢٠٠هەزار تمەن بەرزبووەتەوە و گۆشتی سوور لە ٧٠٠ هەزارەوە بۆ ١ملیۆن و ٤٠٠هەزار بەرزبووەتەوە و مریشکیش لە ١٥٠ هەزار بۆ ٣٠٠ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە. هەروەها نرخی لترێک بەنزینیش لە سێ هەزارەوە بۆ پێنج هەزار بەرزبووەتەوە.

لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، کەشوهەوای گشتی شارەکە بە نیگەرانییەکی بەرفراوان بۆ داهاتووی هەیە. سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن زۆرێک له خەڵک له چارەنووسی بارودۆخی سیاسی ئێستایان شڵەژاون و نازانن پێشهاتەکانی ئێستا ئەنجامەکەی چی دەبێت. بەڵام بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووان بە ئەگەری کۆتایی هاتنی پێکهاتەی ئێستای حکومەت گەشبینن.
لە ڕووی ئەمنییەوە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی حکومەت لە زۆرێک لە شوێنە سەرەکییەکانیان ئامادە نین و هەندێکیان بۆ قوتابخانە و مزگەوتەکان گواستراونەتەوە. هەروەها سەرچاوە خۆجێییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەشێک لە یەکەکانی جێبەجێکردنی یاسا و ئاسایش، لەوانە ١١٠ و هێزەکانی هەواڵگری، ئامادەیی کاریگەریان لە ناو شاردا نییە و تەنانەت لە حاڵەتەکانی وەک پەیوەندییەکانی پەیوەست بە دزییەوە، وەڵامدانەوەکە کەمبووەتەوە و هەندێکجار بە هیچ شێوەیەک وەڵام نەدراوەتەوە.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە سەربازانی کورد لە سەربازگەکان کشاونەتەوە و بەشێک لە هێزە ناخۆجێی و توندڕەوەکان لە پێگەی بەرگریدا ماونەتەوە. هاوکات بنەماڵەی ئەو هێزانە گەڕێنراونەتەوە زێدی خۆیان و بەشێکی زۆری هێزەکانی جێگیر لە مەهاباد ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکان بە تایبەت ڕێگای مەهاباد- سەردەشت کراون.
هەروەها دۆخی جاشەکان بە ناجێگیر وەسف کراوە. سەرچاوه خۆجێیەکان باس لەوه دەکەن که بەشێک لەو کەسانەله چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماده بوونی گشتییان کەمتر کردووه، هەندێکیان له ماڵەکانیاندا ماونەتەوه و خۆیان له جموجۆڵی گشتی به دوور گرتووه و هەندێکی دیکەش شوێنی نیشتەجێبوون یان چالاکییه کانی پێشوویان جێهێشتووه.
لەڕووی کۆنترۆڵی ئەمنیەوە، خاڵی پشکنین بەشێوەیەکی چڕتر لەسەر ڕێگاکانی نێوان شارەکان دامەزراون و چاودێریکردنی هاتوچۆ لەسەر ئەو ڕێگایانە زیادی کردووە. لە هەمان کاتدا هێزەکانی جلوبەرگ مەدنی دەبینرێن کە بە دەوری شارەکەدا دەسوڕێنەوە.
هەروەها ڕاپۆرتە مەیدانییەکان ئاماژە بە قوربانیی مرۆیی لە کاتی پێکدادانەکاندا دەکەن. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، لە یەکێک لە هێرشەکانی سەر بینای ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، ١٧ کەس کوژراون. هەروەها چەند هاووڵاتییەکی مەدەنیش بریندار بوون و لە ڕووداوێکی جیادا دەستفرۆشێک بە ناوی ئەبوبەکر موغمی گیانی لەدەستداوە. سەرچاوە خۆجێییەکان ژمارەی بریندارانی مەدەنی مەهاباد بە نزیکەی ١٥ کەس دەخەمڵێنن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە دەربڕینی نیگەرانی لە بەردەوامی تێکچوونی بارودۆخی ژیان و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە کەلوپەلی سەرەکی بۆ شارۆمەندان و زیادبوونی بوونی هێزە چەکدارەکان لە فەزای گشتی و مەدەنیی شاری مەهاباد، جەخت لەسەر پێویستی گرنگیدانی بەپەلە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە دۆخی خەڵکی مەدەنی و پاراستنی دەستڕاگەیشتنیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکاتەوە. هەروەها هانا جێگیرکردنی هێزی چەکدار له قوتابخانەکان و مزگەوتەکان و شوێنه مەدەنییەکانیش به هۆکارێک دەزانێت که دەتوانێت ئاستی مەترسییەکان بۆ دانیشتوانی شارەکان زیاد بکات و ڕاستەوخۆ هەڕەشه لە ئاسایشی شارۆمەندانی سڤیل بکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین