ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر دۆخی مافی مرۆڤی کوردستان .
ئامار و زانیاریە کۆکراوەکان لە لایەن تیمی لێکۆڵینەوەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە لە ڕووی ستانداردەکانی ڕاپۆرت نوسی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ ئامادە کراوە . لەم ڕێرەوەدا ئەو زانیاریانەی بەردەستن لە ڕێگای گفتوگۆ لەگەڵ قوربانیان ، بنەماڵەکان و دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە تۆمار کراوەکان ، پشتڕاست کردنەوەی تەواویان بۆ کراوە .
بەم پێیە ئەو ئامارەی ڕادەگەینرێت تەنیا لە چوارچێوەی ئەو بابەتانەیە کە تیمی لێکۆڵینەوەی هانا دەتوانێت بە تەواوەتی پشتڕاستیان بکاتەوە .
بەم پێیە لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، ٢٨٤ شارۆمەند لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆکاری پەیوەندیدار بە تۆمەتەکانی سیاسی و عەقیدەتی دەستبەسەر کراون .
٣٤ شارۆمەندی کورد لە سێدارە دراون کە زۆرترینی لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانەکانی مادەهۆشبەرەکانەوە بووە . ٢٧ بەندکراو بە ٦٥٨ مانگ بەندکران سزا دراون و ٢ بەندکراویش سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێنراوە . ٤ بەندکراویش لە بەندیخانەکان گیانیان لە دەستداوە .
-ژمارەی ١٠ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئیمەی شوێنی کار و ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەستداوە .
-١٦ کۆڵبەر لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان گیانیان لە دەستداوە و بریندار بوون .
-٢ شارۆمەند بە هوی تەقینەوەی مینی چێندراو زیانی گیانی قورسیان بەرکەوتووە .
-ئاماری خۆکوژیەکانیش زیادی کردووە بە شێوەیەک کە لانیکەم ٣٤ کەس لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، خۆیان کوشتووە .
دەستبەسەر کردنەکانی پەیوەندیدار بە تۆمەتە سیاسی و عەقیدەتیەکان :
لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٢٨٤، شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون . بە پێی لێکۆڵینەوەکان ، زۆربەی هەرەزۆری ئەم دەستبەسەر کردنانە بە شێوەی نایاسایی ئەنجام دراون و کەسەکان بەبێ بانگهێشت یان بانگ کرانی پێشوەختە و بەبێ پێشکەشکرانی بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراون . شایانی باسە گرتن و دەستبەسەر کردی کەسەکان تەنانەت بە پێی یاسا بنەڕەتیەکانی کۆماری ئیسلامیش بە مەرجی ڕێزگرتن و ڕچاو کردنی مافەکانی تۆمەتباران و لە ژێر چاوەدێری قەزایی و دادوەریە بەڵام دامودەزگا ئەمنییەتیەکان بە نایاسایی و بە شێوەی خۆسەرانە ، بە پێشێلکردنی یاسای دادرەسی کەیفەری کەسەکان دەستبەسەر دەکەن .
زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان لەم کاتەدا ، لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکیە مەدەنی پەیوەندیدار بە ژینگە پارێزی ، مافی ژنان و چالاکیە میدیاییەکان بووە . بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکان ١٩ کەس لە دەستبەسەر کراوان ژن و باقیەکەیان پیاو بوون .
-سێدارە :
لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لانیکەم ٣٤ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لەم ژمارە کەسە ٢٣ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست ، ٨ کەس بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهوشبەرەکان و ٣ کەسیش بە تۆمەتی دەستدرێژی سیکسی لە سێدارە دراون .
-گیانلەدەستدان لە بەندیخانە :
لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ ، چوار بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان لە دەستداوە . دوو بەندکراو بە هۆی نەخۆشی ، بەندکراوێک بە هۆی شەڕ لە بەندیخانە و بەندکراوێکیش بە هۆکاری نادیارەوە لە بەندیخانە گیانی لە دەستداوە .
-دەرچوونی سزای قورسی بەندکران :
لە سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٥، بۆ ٢٧ کەس بە گشتی سزای ٦٥٨ مانگ بەندکران دەرچووە . بۆ ٢ بەندکراو سزای سێدارە دەرچووە . هەروەها سزای سێدارەی وریشه مورادی و پەخشان عەزیزی بە فەرمی بە تۆمەتی بەغی پشتڕاست کراوەتەوە .
-کۆڵبەران :
بە پێشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لانیکەم ١٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو یان بریندار بوون . لەم ژمارە کەسە سێ کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامیەوە کوژراون ، سێ کۆڵبەر بە هۆی سەرما و ڕووداوی سروشتی کوژراون و ١٠ کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور بریندار بوون .
-خۆکوشتن :
لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، لانیکەم ٣٤ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان زۆرتر بە هۆی هەژاری و بێکاریەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە بە پێی ئاماری هانا ، ١٥ کەسیان ژن و ١٩ کەسیشیان پیاو بوون . ئەم خۆکوژیانە زۆرترینیان بە هۆی کێشەی خێزانی ، گوزەران ، هەژاری و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە ڕوویانداوە .
-ژنکوژی :
لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ١١ کەس لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەوە وەک (باوک ، برا ، هاوسەر ، خزم و کەس) کوژراون . لەم ژمارە ٨ کەسیان ژن و ٣ کەسیان پیاو بوون . زۆرترین هۆکاری کوشتنی ئەم کەسانە قەتڵی ناموسی بووە . یەک حاڵەتیشیان مەرگ بە هۆی دەستدرێژی سێکسی و ئازاری جنسی بووە .
-مافی کرێکاران :
لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ١٠ کرێکار بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە و ١٢ چالاکی کرێکاریش دەستبەسەر کراون .
-تەقینەوەی مین :
لە مانگی ژانویەی ٢٠٢٥، دوو شارۆمەند بە هۆی تەقینەوەی مین زیانی گیانی قورسیان بەر کەوتووە . بە پێی کۆنواسیۆنی نێونەتەوەیی ئاواتا حکومەتەکان پابەندن کراون بە خۆ بەدوورگرتن لە بەرهەم هێنان ، کۆکردنەوەی ڕاگوێزانی مینە دژە نەفەرەکان کە بە داخەوە حکومەتی کۆماری ئیسلامی وێڕای قوربانی گرتنی زیا لە حەدی مین تا ئێستا نەچووەتە پاڵ ئەم کۆنواسیۆنەوە .
کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوکێشەی سنووری لەگەڵ عێراق و بە بیانووی بەرگری کردن لە سنوورەکانی و ڕووبەڕوو بوونەوەی حزبە ئۆپۆزۆسیۆنەکانی کورد پابەندی بەڵێننامە و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان نابێت و یاری بە ژیانی شارۆمەندان دەکات .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ئاوریلی ٢٠٢٥