ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا لە واڵوەگەڕی کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە ناوچەی پیرانجغ لە خاکەلێوەی ١٣٦٢ی هەتاوی، ئەم ڕووداوە وەکوو بەشێک لە ئولگۆی سیستماتیک و داڕێژراوی پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار دەکات.
هەرچەندە ئەم تاوانەی کە ڕووی داوە لە سەرچاوە فەرمییەکاندا کەمتر وە بەر جاو دەکەوێت، بەڵام گێڕانەوەی قوربانییەکان و کەسوکارەکانیان و هەروەها بڕێک لە بەڵگەکانی ئەحزابی کوردستانی تەنیا سەرچاوەی جێی بڕوان لەم بارەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تیمی یاساییی “هانا”، هێزەکانی سوپای پاسداران لە نێوان ڕێکەوتی ٣ تا ٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە گوندەکانی (گیجە، هەلەقوش، خەلیفەلیان، گۆڕخارن، سۆفیان و کانیڕەش) سەر بە ناوچەی ورمێ، دەستیان داوەتە زنجیرە ئۆپراسیۆنێک کە لە ئەنجامدا زیاتر لە ٦٠ کەسی سڤیل و مەدەنی کۆمەڵکوژ کراون. لە نێو قوربانییەکاندا منداڵ، ژنانی دووگیان و کەسانی بەساڵاچوو هەبوون؛ ئەو کەسانەی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکاندا نەبووە.
گێڕانەوە جۆراوجۆرەکان باس لە بەکارهێنانی شێوازی دڕندانە دەکەن، وەک: ئاگرتێبەردانی ماڵان، هاویشتنی نارنجۆک بۆ ناو ماڵی خەڵک و تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە هاووڵاتییانی مەدەنی. ئەم کردەوانە نەک تەنیا بووەتە هۆی کوشتارێکی بەکۆمەڵی خەڵکی ئەو ناوچەیە، بەڵکوو شوێنەواری قووڵی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی لەسەر ڕزگاربووان و بنەماڵەی قوربانییەکان بەجێ هێشتووە.
ئەم کۆمەڵکوژییە بەشێک بووە لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دژی کوردەکان. بەڵگە مێژووییەکان نیشانی دەدەن کە لە ساڵی ١٣٦٢دا، سیاسەتی “سزای بەکۆمەڵ” (Collective Punishment) دژی دانیشتووانی کورد بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیڕەو دەکرا؛ سیاسەتێک کە لە زۆر حاڵەتدا لەگەڵ سەرکوت، کۆچی زۆرەملێ و کوشتاری ڕاستەوخۆی مەدەنییەکاندا بووە.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤەوە، ئەم کردەوانە بە شێوەیەکی جدی پێشێلکاریی پابەندییەکانی دەوڵەتی ئێرانە لە چوارچێوەی “پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان”، بەتایبەت “مافی ژیان” کە لە ماددەی ٦دا هاتووە. هەروەها هێرشی ئەنقەست بۆ سەر مەدەنییەکان و ڕەچاونەکردنی بنەمای جیاکاری لە نێوان ئامانجە سەربازییەکان و دانیشتووانی سڤیل، پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە و لە ئەگەری سەلماندنی خاڵە پێویستەکاندا، دەکرێت لە چوارچێوەی “تاوان دژی مرۆڤایەتی”دا لێک بدرێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا جەخت دەکاتەوە کە نەبوونی بەڵگەیی کردنی رەسمی نابێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم ناسینی ڕاستییەکان، پاراستنی یادەوەریی بەکۆمەڵ و بەدواداچوونی ئەم تاوانە. لەم پێناوەدا، هانا داوا لەو کەسانە دەکات کە خۆیان قوربانیی ئەم ڕووداوەن، یان لە بنەماڵەی قوربانییەکان، شایەتحاڵان و ئاگادارانی ئەم کۆمەڵکوژییەن، بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی بەڵگەنامەکردن و یارمەتیدانی تیمی یاسایی هانا، زانیاری، بەڵگە و شایەدییەکانی خۆیان پێشکەشی ئەم ڕێکخراوە بکەن. بەڵگەنامەکردنی وردی ئەم تاوانە، هەنگاوێکی پێویستە لە ڕێڕەوی دادخوازی، لێپرسینەوە و ڕێگریگرتن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاریی لەم شێوەیە لە پڕۆسەی “دادپەروەریی گواستنەوە”دا.
تیمی یاساییی هانا
ژنێڤ، ٢٨ی مارسی ٢٠٢٦
