ڕاپۆرتی ژمارە ١ی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ‌۱٤۰٤ لە ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ڕاپۆرتی ژمارە ١ی خۆیدا ڕایدەگەیەنێت کە لە پێنج ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە ئێران، کۆبوونەوەکان لە پایتەختەوە بۆ لانی کەم ٣٢ شار و ئوستانی جیاواز پەرەی سەندووە. هاوکات لەگەڵ مانگرتنی چین و توێژەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، سەرکوت و توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان زیادیان کردووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی هانا کۆی کردوونەتەوە، لەم ماوەیەدا لانی کەم ١٤٦ شارۆمەند، دەستبەسەر کراون، لانی کەم ٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم ٣٣ کەس بریندار بوون تۆمار کراوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە هەندێک شوێن چەکی گەرم، گازی فرمێسکڕێژ، ئامێرەکانی کۆنترۆڵی جەماوەر وەک ماشینی ئاوپاشی بەهێز و تەقەکردن بە چەکی ساچمە بەکارهاتووە و لە هەندێک خاڵدا پێکدادانەکان گەیشتوونەتە ئاستی توندوتیژیی زۆر.

هانا ئەم ڕاپۆرتەی لەسەر بنەمای زانیارییە مەیدانییەکان، گێڕانەوە ناوخۆییەکان، ڤیدیۆ و وێنە پشتڕاستکراوەکان و زانیارییە وەرگیراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامادە کردووە.

هۆکاری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان
زانیارییەکان دەریدەخەن کە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لە ناو قەیرانێکی قووڵی ئابووری و بژیوی و ناڕەزایەتی بەربڵاو لە شێوازی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی سەریهەڵداوە. لە هەفتە و مانگەکانی پێش دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان، دابەزینی بەهای ڕیاڵ بەرامبەر دۆلار، هەڵاوسانی لە ڕادە بەدەری ئابووری ، سست بوونی بازاڕ و کەمبوونەوەی بەرچاوی توانای کڕین، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بنەماڵەکان و کاسبکاران.
لە ڕۆژانی نزیک لە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان، نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە نزیکەی ١٤٠ هەزار تمەن. مانگرتنی بازاڕی تاران لە ڕۆژی یەکەمدا، بە خێرایی بۆ شوێنەکانی دیکە گوازرایەوە و لە ڕۆژانی دواتردا بە شێوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لەسەر شەقام بە  ڕێپێوانی کورتخایەن و درێژ خایەن و داخرانی بەربڵاوی دوکانەکان بەردەوام بوو.

پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە پێنج ڕۆژی یەکەمدا

ڕۆژی یەکەم (یەکشەممە ٧ی بەفرانبار): دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان بە مانگرتن و کۆبوونەوەی بازاڕیانی تاران.

ڕۆژی دووەم تا چوارەم: فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان بۆ دەرەوەی تاران و شارە جیاوازەکان. هاوکات جووڵەی خوێندکارانیش لە هەندێک زانکۆ دەستی پێکرد.

ڕۆژی پێنجەم (پێنجشەممە ١١ی بەفرانبار): بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان بۆ پێنج ڕۆژ، یەک لەدوای یەک. لە هەندێک شار کەشی ئەمنی توندتر بووەوە و ڕاپۆرتی کوژرانی چەند شارۆمەند تۆمار کرا.

پانتایی جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان و
گرنگترین ئەو شوێنانەی کە ناڕەزایەتییان تێدا تۆمار کراوە:
تاران: هاوکات لەگەڵ میلیتاریزە بوونی کەشی تاران لە بازاڕی تاران، شەقامەکانی لالەزار، وەلی عەسر، ئیمام خومەینی، جمهووری، فیردەوسی، بەنی هاشم، مەلاسەدرا، خەیام، مەیدانی میوە و تەڕەبار، شار قودس مانگرتن کرا و هاوکات لەگەڵ مانگرتن لە مەیدانی میوە تەڕەباری تاران خۆیشاندانی جەماوەری هاتە ئاراوە.

پارێزگای فارس: ناڕەزایەتی جەماوەری لە مرودەشت، کوار، ئەزنا، فەسا، شیراز و نوورئابادی مەمەسەنی هاتە ئاراوە.

پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری: لۆردەگان و جونەقان.

پارێزگای هەمەدان: شاری هەمەدان.

پارێزگای ئیسفەهان: ئیسفەهان، شاهین شەهر، مەیدانی نەقشی جیهان، ئەحمەدئاباد، فوولادشەهر و نەجەف ئاباد.

شارەکانی دیکە: کوهدەشت، ئەلیگودەرز، دووروود، گناوە، باغمەلەک، کرماشان (شەقامی نەوبەهار)، سەبزەوار، زەنجان، قشم، یەزد، ئەراک و مەلارد.

شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان
بەپێی لێکۆڵینەوە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان بەم شێوەیە بووە:
لۆردەگان: تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک.
کرماشان: ڕاپۆرتی تەقەکردن بە چەکی ساچمەیی لە مەیدانی موسەدەق و گەڕەکی دەبیری ئەعزەم.
نەهاوەند و کوهدەشت: بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن.
ئەزنا: پێکدادانی توند لەبەردەم بنکەی پۆلیس کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٣ کەس و برینداربوونی ١٧ کەس. لێرەدا چەکی گەرم بەکارهاتووە.

ئاماری دەستبەسەرکراوەکان
لانی کەم ١٤٦ شارۆمەند لە ۲٤ ڕووداو دا، دەستبەسەر کراون.
پێویستە بوترێت، بەشێک لە دەستبەسەرکراوان بە شێوەی بەکۆمەڵ بوون و ناونیشانی هەموویان بە ڕوونی ئاشکرا نیە.

هەندێک لە ناوە تۆمارکراوەکان لە تاران بریتین لە:
مەهدی بەیک (ڕۆژنامەنووس)، ئەبولفەزل مروەتی، شاهین شکوهی، عارف هادی نەژاد، مۆبین ئەمینیان، مانی ئایدی، ئەمیرحوسێن قەلیزادە، حەسەن مووسەوی، سەریرا کەریمی.
ئەلناز کاری، نیگار قەنبەری، هێلێنا ڕۆستەمی، مەعسوومە نووری، فاتیمە هاشم‌پوور، ئایدا ( ناوی نادیارە بەڵام لە گرتووخانەی ئێوینە).
خوزستان: سوڵتان ئیمام خواە لە بێهبەهان، لە ناڕەزایەتی جەماوەری دەستبەسەر و دواتر ئازاد کراوە هەروەها ئەمیر مهدی ڕەزم، ئەبولفەزل جفش و ئەبولفەزل ئاشنود دەستبەسەر کراون.

ئیسفهان: مەهشاد کشانی لە شەقامی قائمیە دەستبەسەر کراوە،

دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵ: کوهدەشت (٢٠ کەس)، کرماشان (٧ کەس)، ئەلبورز (١٤ کەس)، مەلارد (٣٠ کەس)، ئیلام (٢٧ کەس).

بە پێی زانیارییەکانی هانا، دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بۆ دەستبەسەر کراوان ناڕوونە و ئەم بابەتە نیگەرانی جدی بۆ ئێمە درووست کردوە.

ئاماری گیانبەختکردووان و برینداران:

گیانبەختکردووان (٧ کەس): ١.ئەمیرحسام خودایاری فەرد (کوهدەشت) ٢. داریوش ئەنساری بەختیاروەند (فوولادشەهر) ٣. سەجاد والامەنش (لۆردگان) ٤. ئەحمەد جەلیل (لۆردگان) ٥. سێ شارۆمەند لە (ئەزنا) بە ناونیشانی نادیار.

برینداران: لە ماوەی پێنج ڕۆژی یەکەم لانی کەم ٣٠ کەس تۆمار کراوە کە زۆربەیان بەهۆی گازی فرمێسکڕێژ و لێدان و کوتان بووە. هاوکات هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی فەسا و کوهدەشت ئاماری بریندار بوونی ‌۱٦ کەس سەر بە هێزە سەرکوتگەرەکانیان پشتڕاست کردوەتەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی وردی دۆخەکە و لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا زانیاریی نوێ بڵاو دەکاتەوە.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها