بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دوابەدوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل و قەبوڵ کردنی ئاگربەست ، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوشتنی خۆسەرانەی کۆڵبەرانی کوردیان بە شێوەی سیستماتیک پەرە پێداوە . بە پێی ئامارەکان ٩ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بریندار وگیانیان لە دەستداوە .
ئێران لە رێکەوتی ١٦ی دێسامبری ١٩٦٦ چووە پاڵ رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسیەکانی پەسند کراوی کۆمەڵەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەپێی مادەی ٩ی یاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامی ، خاڵەکانی ئەم رێککەوتننامەیە پێویستە جێبەجێ بکرێن . بەندی یەکی مادەی ٦ی ئەم رێککەوتننامەیە باس لەوە دەکات کە مافی ژیان لە مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤە ، ئەم مافە پێویستە بە شێوەی یاسایی پشتیگری بکرێت . ناتوانرێت هیچکەسێک خۆسەرانە لە ژیان بێبەش بکرێت .
سەرەڕای ئەم پابەند بوونە ، بەڵگەنامە مەیدانیەکان بە ڕوونی نیشانیان داوە کە هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی مافی ژیانی شارۆمەندانی ناوچە سنووریەکان ، بە تایبەتی کۆڵبەران پێشێل دەکەن بەبێ ئەوەی بەپرسایەتی هەڵبگرن یا ڕێرەوی دادوەری دادپەروەرانە بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتانە بوونی هەبێت .
کۆڵبەری نە لە یاسای ئێراندا پێناسە کراوە و نە لە لایەن سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامییەوە وەک پیشەیەک ناسێنراوە؛ لە ئەنجامدا کۆڵبەران لە هەموو پارێزگارییەکی یاسایی لە بوارەکانی کار، بیمە و ئاسایشی کار بێبەش دەبن . ئەم بۆشاییە یاساییە وایکردووە کە لەڕادەبەدەر بەرەوڕووی هەموو جۆرە توندوتیژی و سووکایەتی و نادادپەروەرییەک ببنەوە . ژمارەیەکی زۆر لە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان دەریدەخەن کە کۆڵبەران تەنها مەرترسی گیانیان لە سەر نیە بەڵکو لەلایەن هێزە سنووریەکانەوە توشی دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانیان ، دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە و لە هەندێک حاڵەتدا دەستدرێژی جەستەیی و دەروونیش دەبن .
لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دەریدەخەن کە ئەم شەپۆلە نوێیەی کوشتن لە چوارچێوەی پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەدا، لەوانەش ململانێی سەربازیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو چڕتر بووەتەوە . لە چەند حەوتووی ڕابردوودا حکومەتی ئێران بە چڕکردنەوەی کەشوهەوای ئەمنی لە ناوچە سنوورییەکان و بە گەڕاندنەوەی تۆمەتی بێ بنەمای وەک “سیخوڕی”، “پەیوەندیکردن لەگەڵ دوژمن” یان “گواستنەوەی کەرەستەی هەواڵگری” بۆ کۆڵبەرەکان ، هەوڵی داوە زەمینەیەکی فیکری و میدیایی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی ئەو شارۆمەندە بێبەشانە دابین بکات . ئەم کارە تەنها درۆ نییە ، بەڵکو بنەما بنەڕەتییەکانی پرۆسەی یاسایی و کەرامەتی مرۆڤیش پێشێل دەکات .
ناسنامەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار لەم ماوەدا بەم شێوەیەن :
١. سەیوان عەبدوڵڵا زادە تەمەن ٢٤ ساڵ ، خەڵکی ئاوایی حەوت تاشی بانە
٢. خالد محەمەدی تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی ئاوایی ئەنجیجەی بانە
٣. رزگار محەمەدی تەمەن ٤٢ ساڵ ، خەڵکی بۆکان
٤. پەیام ئەحمەدی ، خەڵکی ئاوایی بەرقەڕۆی سەوڵاوا
٥. لەتیف یەعقوبی ، تەمەن ٤٥ ساڵ ، خەڵکی ئاوایی کۆزەڕەشی سەر بە سەڵماس
٦. دانیال ساڵحی تەمەن ٢٤ ساڵ ، خەڵکی ئاوایی دوپلۆرەی سەر بە شاری مەریوان
٧. ئەمین گەردی ، خەڵکی ئاوایی کانی تەمرخانی سەر بە شاری مەریوان
٨. رەسوڵ فەتحی ، خەڵکی مەریوان
٩. بەرزان ساڵحی خەڵکی بانە
زانیاریەکانی ئەم کەسانە لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تۆمار کراون . زۆرێک لە بنەماڵەی ئەم قوربانیانە لە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین و بەدواداچوونی یاسایی ڕووبەڕووی هەڕەشە ، بانگ کران یان بێدەنگکردنی زۆرەملێ بوونەتەوە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی جددی لە سەر ئەم بارودۆخە و چڕبوونەوەی کوشتاری کۆڵبەران ، داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ و ڕاپۆتدەری تایبەتی شۆرای مافی مرۆڤ لە ئێران و یەکێتی ئەوروپا دەکات بە کەڵک وەرگرتن لە توانا سیاسی و یاساییەکانیان داوای ڕاگرتنی بەپەلەی بە کار هێنانی زۆر و توندوتیژی لە دژی کۆڵبەران بکەن و لێکۆڵێنەوەی بێلایەنانە لە سەر کوشتنی ئەم دواییانەی کۆڵبەران ئەنجام بدەن و ڕێوشوێنی دادوەری لە ئاست بەرپرسان و هێزەکانی بەرپرسیار لەم پێشێلکاریە مافی مرۆییانە بگرنە بەر .