بە پێی ڕاپۆرتی هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : زیندانی ناوەندیی سەڵماس کە یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی دەستبەسەرکردن لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران بووەتە هێمای پێشێلکاریی سیستماتیکی و بەربڵاوی مافی مرۆڤ. ڕاپۆرتە دۆکیۆمێنتاریەکان لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژە بە هەلومەرجی نامرۆڤانەی زاڵ لەم زیندانەدا دەکەن کە نەک تەنها بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ بەڵکو تەنانەت یاسا ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشێل دەکات .
١. باری تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان :
خراپبوونی حەمام و تەوالێتەکان : حەمام و تەوالێتەکانی زیندان کۆن بوون و کەڵکیان نەماوە . نەبوونی سیستەمی ئاوەڕۆی ستاندارد بۆتە هۆی پیسبوونی بەرفراوانی ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە عفونیەکان لە نێو زیندانیاندا .زیندانییەکان دەستیان بە ئامرازە سەرەتاییەکانی پاکوخاوێنی وەک سابون و کلێنێکس و دەرمانی پاککەرەوە ناگات . پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکانی ناو زیندان زۆر سنووردارە .ئاوی خواردنەوەی زیندانەکە ستانداردی تەندروستی نییە و بووەتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی هەناوی و پێست و ئیلتیهابی . زۆرێک لە زیندانییەکان پشت بە ئاوی پیس دەبەستن و توانای دابینکردنی ئاوی پاکیان نییە
٢: دۆخی خۆراکی و تەندروستی:ئەو خۆراکانەی کە پێشکەش دەکرێن بەهای خۆراکی پێویستیان نییە . زۆرجار ژەمەکان پێکهاتەی تێکچوو یان بەسەرچوو لەخۆدەگرن و لەڕووی خۆراکییەوە خراپن . بەدخۆراکی لە نێو زیندانیاندا بووەتە قەیرانێکی جیددی.زیندانیانی نەخۆش ڕێگری دەکرێن لە دەستگەیشتن بە پزیشکی پسپۆڕ و دەرمانی پێویست. ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاودێری بەپەلە هەیە تاڕادەیەکی زۆر پشتگوێ دەخرێن، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی باری جەستەیی و تەنانەت مردنی هەندێکیان .
٣: قەرەباڵغی زۆر و بارودۆخی نامرۆڤانە :ژمارەی زیندانیان چەند هێندەی توانای ستانداردی ئەم زیندانەیە . ئەم قەرەباڵغییە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و توندوتیژی لەناو زیندانەکەدا و زیادبوونی کێشەی تەندروستی دەرونی لە نێو زیندانیاندا .
نەبوونی ئیمکاناتی گەرمکەرەوە و ئاوی گەرم: لە وەرزی سەرمادا سیستەمی گەرمکەرەوە بە ڕادەی پێویست کارا نییە و زیندانییەکان ناچارن بەرگەی سەرمای زۆر بگرن . ئاوی گەرم بۆ شۆردن و پاکوخاوێنی کەسیش بە دەگمەن بەردەستە .
٤: ڕەفتاری نامرۆڤانە و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ :کارمەندانی زیندان بەردەوامن لە بێڕێزی و ئەشکەنجەی دەرونی زیندانیان و خۆیان لە پێگەی “باڵاتر” و “دەسەڵاتی ڕەها”دا دەبینن . قسەی ناشرین و جنێودانی بەردەوام بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی زیندانییەکان .
سووکایەتیکردن بە بنەماڵەی زیندانییەکان : لە ڕۆژانی سەردانکردندا خێزانەکان ڕووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە و سووکایەتیکردن دەبنەوە . ئەوان وەکوو کۆیلە دەپشکنن و لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە بێڕێزییان پێدەکرێت .
٥: گەندەڵی ڕێکخراو لەناو زیندان :
دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە : بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە مادەی هۆشبەر لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە بەسەر بەشێک لە زیندانییە هەڵبژێردراوەکاندا دابەشدەکرێت و بە نرخێکی لەڕادەبەدەر گران بە زیندانییەکانی دیکە دەفرۆشرێت . ئەمەش نەک هەر مەترسی لەسەر تەندروستی جەستەیی زیندانییەکان دروست دەکات بەڵکو توندوتیژی و خراپ بەکارهێنان لەناو زیندانەکاندا بەرەوپێش دەبات.
٦: ڕۆڵی بەرپرسانی زیندان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ :
میهرعەلی فەرهەنگ (سەرۆکی زیندان) و ئیسماعیل قولیزادە (جێگری سەرۆکی زیندان) ڕۆڵێکی کارا و ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی سیستەمی ئەشکەنجەدان و هەراسانکردنی زیندانیاندا دەگێڕن . ئەم کەسانە لە زیندانی سەڵماس وەک تاوانباری سەرەکی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ناسراون و پێویستە بخرێنە لیستی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بۆ پاراستنی مافی زیندانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات ؛ داوا لە حکومەتە دێموکراتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە لە هەموو ئامرازە دیپلۆماسییەکان بۆ فشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کەڵک وەربگرن .سەپاندنی گەمارۆی نێودەوڵەتی بەسەر میهرعەلی فەرهەنگ ، ئیسماعیل قولیزادە و بەرپرسانی دیکەی تێوەگلاو لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانی ناوەندیی سەڵماس .
داواکاری بۆ ناردنی چاودێرانی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی زیندانەکان و ڕاپۆرت لەسەر بارودۆخی ڕاستەقینەی زیندانەکانی ئێران و بەتایبەت زیندانی ناوەندیی سەڵماس .
هەوڵدان بۆ تۆمارکردنی دۆسیەی یاسایی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دژی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی کە دەستیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ، ئەشکەنجەدان و ئازاردانی زیندانیان هەیە .