ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر توندوتیژی جەستەیی و ئەشکەنجەی قوتابیانی قوتابخانەی بنەڕەتی راشدین لە ئاوایی کەرجۆیی سەر بە شاری سنە

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، چەند قوتابیەکی پۆلی پێنجی قوتابخانەی “ڕاشدین” لە ئاوایی “کەرجۆ” لە ٢٨ کیلۆمەتری شاری سنە ، لە لایەن مامۆستای پۆلەکەیانەوە بە قورسی ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی دراون .

تیمی یاسایی هانا لە ڕێرەوی بەڵگەنامەکردنی ئەم ڕەفتارە توندوتیژانەی مامۆستاکە (کە ناسنامەکەی لای رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەردەستە) لەگەڵ بەشێک لە خێزان بە تایبەتی دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دوو قوتابیە کە پێشتر ئاسەواری ئەشکەنجە لە سەر جەستەیان دیار بوو ، گفتوگۆیی کردووە .

بە پێی وتەکانی بنەماڵەکان “مامۆستا ڕۆژی یەکشەممە بە قوتابیەکان وتووە شارژێری موبایلەکەم ون بووە و کاری ئێوەیە و ئێوە هەڵتانگردووە ، لەپڕ دەرگای پۆلەکە دادەخات و بە دار بە توندی و لە مەودایەکی نزیکەوە لە منداڵەکان دەدات . هاوکات بە بێڕێزی پێکردن و جنێودان لە بەشێکیتر لە قۆتابیان [١٣ قوتابی] دەدات .

بنەماڵەی قوتابیەکان هەروەها زیادیان کرد “سەرەڕای ئەوەی دەنگی پاڕانەوە و گریانی منداڵەکان لە سەرتاسەری قوتابخانەکە دەبیسترا بەڵام هیچکام لە کارمەندانی قوتابخانەکە نەچووتە یارمەتی منداڵەکان تا ئەو کاتەی مامۆستاکە لە لێدان لەو منداڵانە ماندوو دەبێت” .

هەروەها میدیا حکومیەکان وێڕای پشتڕاست کردنەوەی وەها توندوتیژیەک لە لایەن مامۆستاکەوە ڕایانگەیاندووە “مودیری قوتابخانەکە و کارمەندانیتر دەرگای پۆلەکەیان شکاندووە و ڕێگر بوون لە بەردەم درێژەی کێشانی جینایەتی مامۆستاکە” ، لەگەڵ ئەمەش هانا بە پێی لێکۆڵینەوەکانی خۆیی ناتوانێت ئیدیعای گەیشتی هاوکاری بەپەلە بۆ قوتابیان پشتڕاست بکاتەوە .

لە درێژەدا کە منداڵەکان دوای ئازاری جەستەیی و دەروونی قورسی مامۆستاکە دەڕۆنەوە بۆ ماڵەکانیان ، شوێنەواری ئەشکەنجەی مامۆستاکە پێشانی بنەماڵەکانیان ئەدەن کە لە ئەنجامدا بنەماڵەکان بەپەلە دەڕۆنە قوتابخانەکە و بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن . مودیر و کارمەندانی قوتابخانەکە وێڕای قەبوڵ کردنی ڕوودانی ئەم جینایەتە لە ڕۆژی ڕووداوەکە و بەڵێندان بۆ پێڕاگەیشتن بە سکاڵای بنەماڵەکان ، هاوکات هەڕەشەی کردنەوەی دۆسیەی سەیر و سەمەر و دوور لە ڕاستی لە سەرجەم قوتابیە قوربانیەکان دەکەن و داوایان لێدەکەن بە نسبەت ئەگەری هەر جۆرە لێکۆڵینەوەیەک بێدەنگی هەڵبژێرن و ئەو ڕووداوە لە بیر بکەن .

شایانی باسە داواکاری تیمی یاسایی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ مودیرانی پەروەردەی سنە (ناحیە٢) تا ئێستا بێ وڵام ماوەتەوە و بەرپرسانی پەروەردە کۆمەڵێک لێدوانی ناڕوونیان سەبارەت بەو ڕووداوە داوە بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتی وەربگرن تەنها تەعلیقی مامۆستای سەرپێچیکاریان ڕاگەیاندووە .

تیمی یاسایی هانا وێڕای مەحکوم کردنی ئەم جۆرە رەفتارە ناشایستە لە لایەن ئەم مامۆستاوە و بەبەپرس زانینی سەرجەم ئیدارەی پەروەردە ڕایدەگەینێت : مامۆستا مافی ئەوەی نیە تەنانەت بە پێی یاسا بنەڕەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک مادەی ١١٧٩ی یاسای مەدەنی و بەندی ت مادەی ١٥٨ی سزادانی ئیسلامی ، هیچ جۆرە لێدان و توندوتیژیەکی جەستەیی لە دژی قوتابیان بە کار بهێنێت . هەر لەم ڕێرەوەدا بە پێی مادەی ٧٧ی ئایینی ئیجرایی قوتابخانەکان لێدان و سزای جەستەیی قوتابیان قەدەغەیە .

هەروەها بە پێی مادەی ١٩ی کۆنواسیۆنی مافەکانی منداڵان کە ئێرانیش چووەتە پاڵی و لە حوکمی یاسا نێوخۆییەکانیدایە ، حکومەتەکان پابەندن کە بەرامبەر سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی بە تایبەتی لێدان و سزادانی جەستەیی پشتیوانی لە منداڵان بکەن . هەر لەم ڕێرەوەدا بەندی الف مادەی ٣٧ی کۆنواسیۆندا هاتووە کە “نابێت هیچ منداڵێک تووشی ئەشکەنجە یان مامەڵەی بێڕەحمانە ، نامرۆڤانە یان سووکایەتیکردنێکی دیکە بکرێت”.

بە پێیە تیمی یاسایی هانا داوای ، لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ ئەو جۆرە توندوتیژییە قێزەونە لە قوتابخانەی سەرەتایی راشدینی ئاوایی کەرجۆ و داوا کردنی مامۆستاکە بە هۆی ئەشکەنجە و ئازاردانی ڕاستەوخۆیی ١٣ قوتابی پۆلی پێنجی ئەم قوتابخانەیە و هەروەها سەرجەم کارمەندانی قوتابخانە بە تایبەتی مودیرەکە بە هۆی کەمکاری لە ئەنجامدانی ئەرکە یاساییەکانی لە پشتیوانی قوتابیان و هەروەها قەبوڵ کردنی بەرپرسیاریەتی لە لایەن بەرپرسی پەروەدەوە ، دەکات .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین