ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر بەشداری لە دانیشتنی هەژدەیەمین ئەنجومەنی کاروباری کەمینەکان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ

دانیشتنی هەژدەیەمی ئەنجومەنی کاروباری کەمینەکان ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥، بە ئامادە بوونی حکومەتەکان، دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و رێکخراوە مەدەنیەکان لە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی کەمینەکان لە بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و بەشداریکردن لە حوکمڕانی و پێشخستنی ئاشتی بەردەوام کرایەوە. بەشداربووان ئاماژەیان بە پێویستی چاکسازی لە یاسا جیاکارییەکان و دەستەبەرکردنی یەکسانی لە داڕشتنی سیاسەت و پاراستنی مافە کولتووری و زمانەوانییەکان و بەشداریکردنی مانادارانەی کەمینەکان لە پرۆسەکانی ئاشتی و دادپەروەری ئینتقالیدا کرد.

تەوەرەکانی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەی کۆڕەکە بریتی بوون لە بەرەنگاربوونەوەی قسەی ڕقاوی لە میدیاکان، پەرەپێدانی پەروەردەی فرە کولتوری و بەهێزکردنی هاوکاری جیهانی بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا و جەختیان لەسەر پێویستی هەماهەنگی زیاتر لە نێوان ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کورد بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە.

هەروەها نوێنەرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد و بە خستنەڕووی بۆچوونەکانیان، ئامادەیی ڕێکخراوەکەیان بۆ بەردەوامیی هاوکارییەکان ڕاگەیاند.

ئەمساڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەگەڵ دوو لە نوێنەرەکەی بەڕێزان وریا محەممەدیان و فازڵ وەلیان بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد و بەیاننامەیەکی یاسایی تۆکمەی پێشکەش بە سکرتاریەت کرد. ئامادەبوونی هانا بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراوەکە بۆ بەدواداچوونی مافەکانی کەمینەکان بە تایبەت لە کوردستان.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین