ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر مانگرتنی سایەق و خاوەن بارهەڵگرەکان لە ئێران و پێشلکاری سیستماتیکی مافی ئازادی سەندیکاکان ئازادی گردبوونەوە و مانگرتن

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی ومانگرتن لە نێو سایەق بارهەڵگرەکان لە ئێراندا دەستی پێکردووە کە ڕیشەی لە قەیرانە ئابووریەکان ، گوزەران و ساختاریدایە . سایەقەکان لە کاردانەوەیاندا بەرامبەر بەرز بوونەوەی بەرچاوی تێچووی گواستنەوە و کەمی کرێ ، کەمی و گرانی پارچەی یەدەکی ئۆتۆمبێل ، گران بوونی نرخی گازۆیل لە ٦٠٠ تمەنەوە بۆ ١٥هەزار تمەن و نەبوونی پشتیوانیە کۆمەڵایەتییەکان ، مانیان گرتووە . ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتیە سەرەڕای ناوەڕۆکی ئاشتیخوازانە و سنفیەکەی ، بەرەوڕووی کاردانەوەیەکی توند ، ئەمنییەتی و سەرکوتگەرانەی حکومەت بووەوە .

لە جەریانی ئەم مانگرتنەدا دەیان سایەق ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە پارێزگاکانی ئێران دەستبەسەر کران . هەندێکیان ڕووبەڕووی سزای قورس و تۆمەتی وەک “تێکدانی نەزمی گشتی” یان “هاندنی خەڵک دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بوونەتەوە .
هەروەها فشارێکی بەرفراوان لەسەر چالاکانی سەندیکاکان و هەوڵەکانیان بۆ دروستکردن یان زیندووکردنەوەی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری دروست بووە. ئەم پێکدادانانە نیشانەیەکی ڕوونی بەردەوامی ڕەوتێکە کە تێیدا داواکارییەکانی سەندیکای کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەرەوڕووی وەڵامێکی ئەمنیەتی دەبنەوە .
مافی رێکخستن ؛ مافێکی بنەڕەتی و دانپێدراوی جیهانی :
ئازادی سەندیکاکان و چالاکی ئازادانەی سەندیکا کرێکاریەکان ، یەکێک لە مافە بنچینەییەکانی هێزی کارە کە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا ، لەوانە :

ڕێککەوتننامەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO) ٨٧ و ٩٨
جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ (مادەی ٢٣)
پەیمانی نێودەوڵەتی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان (مادەی هەشتەم)
بە ئاشکرا دانپێدانراوە .
ئێران وەک ئەندامێکی رێکخراوی نێونەتەوەیی کار پابەندە بە رچاو کردنی ئەم بنەمایانە ؛ لەگەڵ ئەمەش لە کردەوەدا چالاکی سەندیکا سەربەخۆکان لە ئێران ڕووبەڕووی سنووردارکردنی بەرفراوان و هەڕەشەی بەردەوام دەبنەوە .

بە تاوان ناسینی چالاکییەکانی سەندیکاکان ؛ پێشێلکاری سیستماتیکی مافی مرۆڤ
مامەڵەی دامودەزگا ئەمنییەکان و دادوەریەکان لەگەڵ مانگرتنی سایەق بارهەڵگرەکان نمونەی ڕوونی پێشێلکردنی ماف و بە تاوان ناسینی چالاکی سنفیە . ئەمە نەک تەنها بە پێشێلکاری پابەندیە نێونەتەوەییەکانی ئێران هەژمار دەکرێت بەڵکوو پێچەوانەی ئەو بنەمایانەیە کە لە دەستوری کۆماری ئیسلامی (لەوانە مادەی ٢٦ و ٢٧)یشە کە پێکهێنانی کۆمەڵەکان و بەڕێوبردنی گردبوونەوەکان بە مەرجی هەڵنەگرتنی چەک و دەستوەرنەدان لە مەبانی ئیسلام ، بە ڕێگە پێدراو دەناسێت .
بەم حاڵەشەوە ئەزمونی زیستەی کرێکاران لە ئێران نیشانی دەدات کە تەنانەت سەرەتاییترین جۆرەکانی چالاکی سنفی لە کردەوەدا ڕووبەڕووی هەڕەشە ، بێبەش کردن دەبێتەوە .
مانگرتنی سایەق بارهەڵگرەکان هێمای بارودۆخی گشتی مافی هێزی کار لە ئێرانە . سەرکوتی ئەم ناڕەزایەتیانە ، نەک تەنها ڕووبەڕوو بوونەوەی سنفێکی تایبەت نیە بەڵکوو نیشانەی ئینکاری بەردەوام و دامەرزایی مافە بنچینەییەکانە کە پێویستە زامنی کەرامەتی مرۆیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێت .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی پشتیوانی و پشتگیری لە مانگرتنی سایەق بارهەڵگرەکان و مەحکوم کردنی سەرکوت و پێشێلکاری مافەکانیان لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داوا دەکات :
سەرجەمی دەستبەسەر کراوانی مانگرتنەکە بێ مەرج ئازاد کرێن .
مافی سەندیکا . ئەندامیەت و چالاکی لە کۆمەڵەکان و سەندیکا سەربەخۆکان ، بەبێ دەستێوەردانی حکومەت یا هێزە ئەمنییەکان ، بە فەرمی بناسرێت .
ئێران پابەندی بەڵێننامە نێونەتەوەییەکانی سەبارەت بە ئازادی کۆمەڵەکان و سەندیکاکان و پشتیوانی لە مافی کار بێت .
بێدەنگی لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا شەرعیەت بە بەردەوامی سەرکوتکردن دەدات . پاراستنی مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان ، بەتایبەتی لەو کەرتانەی کەمتر دیارن ، ئەرکی ئینسانی ، ئەخلاقی و یاسایی هەموو دامەزراوە و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین