ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆخی مرۆیی و ئەمنییەتی شارەکانی کوردستان ڕاپۆرتی تایبەت بە شاری بانە

ڕاپۆرتی تایبەت بە بانە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە درێژەی کۆکردنەوە و تۆمارکردنی پێشهاتە مەیدانییەکانی شارەکانی کوردستان لە نێوان پەرەسەندنی قەیرانی ئەمنی و سنوورداربوونی پەیوەندییەکان، دوایین هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دۆخی شاری بانە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی سەرچاوە ناوخۆییەکان بڵاودەکاتەوە.داتا مەیدانییەکان دەریدەخەن کە دۆخی ئابووری و بژێوی بانە بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە و زۆربەی چالاکییە بازرگانییەکانی ئەو شارە وەستاون. بازاڕ لە زۆر شوێن ڕووبەڕووی چەقبەستوویی جددی بووەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە دوکانەکان بە تەواوی داخراون.

لەهەمان کاتدا نرخی کەلوپەلی سەرەتایی لەسەر ئاستێکی بەرفراوان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و سەرچاوە ناوخۆییەکانیش باس لەوە دەکەن کە نرخی زۆرێک لە کەلوپەلەکان بەتایبەتی کەلوپەلی خۆراکی وەک برنج و ڕۆن و گۆشت و پێداویستییە سەرەتاییەکانی تری خۆراک لەماوەیەکی کورتدا سێ بۆ چوار هێندە زیادی کردووە.لە کەشی کۆمەڵایەتی شارەکەدا، سەرەڕای فشارە ئابوورییەکان و نیگەرانییەکان لە سەر داهاتوو، بەشێکی بەرچاو لە گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵک لەسەر ئەگەری لاوازبوون یان کۆتاییهاتنی حکومەتە و سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە لە نێوان بەشێک لە کۆمەڵگادا ئەم تێڕوانینە ڕوانگەیەکی ئەرێنی بۆ پێشهاتەکانی ئێستای لەگەڵدایە. لەبەرامبەردا بەشێکی دیکەی هاووڵاتیان ترسیان لەوە هەیە کە بەردەوامیی دۆخی ئێستا ببێتە هۆی گەڕانەوەی فشارە ئەمنییەکانی فراوانتر و پێکدادانی توندتر.بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی دەستمان کەوتووە، حکومەت متمانەی بە جاشەکان کەم بووەتەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە متمانە بەم هێزانە کەمی کردووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​بەشێکی زۆریان لە شارەکانی نیشتەجێبوونیان بۆیان نییە چالاکی بکەن و بۆ ناوچەکانی دیکە لەوانەش شارە فارس و تورک نشینەکان دەگوازرێنەوە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت هاوکارییەکان کۆتایی پێبهێنن داوایان لێدەکرێت بڕە پارەیەکی زۆر بدەن کە نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن بۆ یەک ملیارد تمەنە و بەگوێرەی هەواڵە بیستراوەکان بەشێکیان لەلایەن داواکاری گشتیی ڕێکخراوی دادوەری هێزە چەکدارەکانەوە بانگهێشت کراون.جموجۆڵی هێزه حکومییەکان له شاره کەدا سنووردارتر بووه ، هەروەها ئامادەبوونیان له جاران زیاترە، به بێ ئەوەی به ڕوونی له شوێنه گشتییه کاندا جێگیر بکرێن. سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە زۆرینەی هێزەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بە شارەکەدا دەسوڕێنەوە و بەشێکی زۆریشیان شوێنی جێگیربوونی پێشوویان بەجێهێشتووە. لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی دۆخی شارەکە زیاتر لە دوورەوە ئەنجام دەدرێت، بە کەمترین ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی هێزەکان لە شەقامەکاندا.

لە بواری کۆنتڕۆڵی ئەمنیدا، زۆرێک لە خاڵە پشکنینەکانی پێشوو هەڵوەشاونەتەوە و ئەوانەی کە ماون زۆرجار بە ئامادەبوونی هێزێکی کەم دادەنرێن یان بە کردەوە لە شەودا بە بەتاڵی دەمێننەوە.بە پشتبەستن بە زانیارییە بەردەستەکان، ژمارەی کوژراوانی سوپا بە تەنیا لەم ناوچەیەدا لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ کەس مەزەندە دەکرێت، هەرچەندە ئاماری سەربەخۆ و فەرمی لەو بارەیەوە لەبەردەستدا نییە.هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری هەندێک کەسایەتی ئایینی و کەسایەتییە ناوخۆییە کاریگەرەکانیش بڵاوبووەتەوە. به پێی ئەم زانیاریانه ژماره یەک له هێزه ئه منییەکان، به بێ ئەوەی ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن، پەیوەندییان به هەندێک له پیاوانی ئایینی و که سایەتیی متمانه پێکراوەوه کردووه و داوایان لێکردوون به ڕادەستکردنی چەک به شداری له پلانێک به ناوی “پاراستنی شار” بکەن. بەڵام هەمان سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژمارەیەک کەسایەتی ئایینی و کەسایەتی کاریگەر ئەم داوایەیان ڕەتکردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بەشداری هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی دژ بە خەڵکی ناوچەکە نابن.ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی فشارە ئابوورییەکان، پەکخستنی ئاسایشی بژێوی ژیان، و فراوانبوونی پراکتیکەکانی کۆنترۆڵکردنی ئەمنیەتی لە بانە دەردەبڕێت و جەخت لەسەر گرنگیدانی بەپەلە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە دۆخی خەڵکی مەدەنی ئەو شارە دەکاتەوە. هەروەها هانا هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی هێزه خۆجێیەکان و کەسایەتییه ئاینییەکان له پرۆسه ئەمنییەکاندا به هەنگاوێکی نیگەرانکەر دەزانێت که دەتوانێت ئاکام و کاریگەری ڕاستەوخۆی له سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی ناوچەکە هەبێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین