کۆڕبەندی (فوروم) کۆمەڵایەتی ساڵی ٢٠٢٥ی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕۆژانی ٣٠-٣١ی ئۆکتۆبر لەژێر تەوەری “ڕۆڵی پەروەردە لە ڕێزگرتن، بەرەوپێشبردن، پاراستن و بەدیهێنانی هەموو مافەکانی مرۆڤ بۆ هەمووان”لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوەچوو.
ئەم چالاکییە ساڵانەیە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان حکومەتەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەکادیمییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت.
لە میانی خولەکەدا بەشداربووان جەختیان لە گرنگی پەروەردە وەک یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ کردەوە. وتاردەران و گروپە پسپۆڕەکان وێڕای پێشکەشکردنی ئەزموونی کردەیی لە وڵاتانی جیاوازەوە، جەختیان لەسەر پێویستی تێکەڵکردنی پەروەردەی مافی مرۆڤ لە سیستەمی پەروەردەی نیشتمانی و بەرنامەکانی گەشەپێدانی بەردەوامدا کردەوە.
هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا چالاکانە بەشداری لەم کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەدا کرد. خاتوو غەزاڵ موهتەدی، یەکێک لە پەیامنێرە لێکۆڵەرەکانی ڕێکخراوەکە، نوێنەرایەتی هانای کرد لە دانیشتنە گشتییەکان و گروپە تایبەتەکانی کاری کۆڕەکەدا. بەشداریکردنی لەم چالاکییەدا لەگەڵ ئەرکی هانادا بۆ فراوانکردنی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، بەهێزکردنی توانا پەروەردەییەکان و پێشخستنی بەهاکانی هاودەنگی و یەکسانی هاوتەریب بوو.
هانا وێڕای پێشوازیکردن لە بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە، جەخت لەسەر پێویستی گرنگیدانی تایبەت بە پەروەردەی مافەکانی مرۆڤ لە پێکهاتەکانی ناوچە پەراوێزخراوەکان و بەتایبەتی لە کوردستان و بەلوچستان دەکاتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری هاوبەشی پەروەردەیی، توێژینەوە و تواناسازی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕادەگەیەنێت.
