سەرچاوەیەکی ئاگادار پەیامنێری هانای ئاگادار کردەوە کە دامودەزگا ئەمنییەکان نزیکەی ساڵ و نیوێکە دەستیان گرتووە بە سەر ئەکاونتی ئینستگرامی مەحبوبە موسەوی یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی ڕاپەڕینی ژینا و لە ڕێگەی ئەمەوە بەنیاز بوون دۆسیە لە دژی بەشێک لە هاوڕێ و ناسیاوەکانی دیکەی ئەو دروست بکەن .
خاتوو موسەوی لە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ ، لە نێو ناڕەزایەتییەکانی #ژن_ژیان_ئازادی گوللە لە شانی درا .
١٨ی سەرماوەز کە ئەو خەریک بوو بچێتە لای پزیشک بۆ جاری دووەم بە هۆی بەرگری کردن لە دوو شارۆمەندی دیکە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە تەقەی لێکرا و ئەمجارەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا . خاتوو موسەوی سەرەڕای خوێنبەربوون زیاتر لە بیست ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی لە شاری چوارشێری ئەهواز ڕاگیرا .
کاتێک بنەماڵەی خاتوو موسەوی بەدواداچوون بۆ دۆخی دەکەن دەزگا ئەمنییەکان پێیان دەڵێن کە لە خوڕەم ئاوا تەرمێکیان دۆزیوەتەوە کە لەگەڵ وەسفی کچەکەتدا دەگونجێت ! دوای ئەوەی بنەماڵەی خاتوو موسەوی چوونەتە فەرمانگەی پزیشکی دادوەری خوڕەم ئاوا ، یەکێک لە ئەفسەرە ئەمنییەکان بە زانینی ئەوەی کە بنەماڵەی خاتوو موسەوی بنەماڵەیەکی تەقلیدین ، بە باوکی گوت “ئایا ئێمە بەرپرسیارین لە دیارنەمانی کچەکەت؟! ڕەنگە کچەکەت لەگەڵ کوڕێکدا هەڵهاتبێت!”
لە کاتی دەستگیرکردنیدا دامودەزگا ئەمنییەکان بریکارێکی ژنێکیان وەک پارێزەری خاتوو موسەوی ناساند و بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەم پارێزەرە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە پەسەند کراوە. پاش ماوەیەک دەرکەوت کە ئەم کەسە لێکۆڵەرێکە کە لە ڕۆڵی پارێزەردا هەوڵی ناچارکردنی خاتوو موسەوی دەدات بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ !
دواجار دوای مانگێک خاتوو موسەوی بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و پێنسەد هەزار تمەنی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئازاد کرا. خاتوو موسەوی دوای ئازاد بوون و تێپەڕ بوونی مانگێک توانی ئەو فیشەکەی کە لە شانیدا بوو لە دەستی دەربهێنێت .
لە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ ، لە سەروبەندی یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی خاتوو موسەوی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و دوای چەند هەفتەیەک بە فیشی حقۆقی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا .
مەحبوبە موسەوی لە ئێستادا بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانەوە ناتوانێت نیشتەجێی ئەهواز بێت و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەو تاقیگەیەی کە تێیدا کاری دەکرد ، لە کارەکەی دوورخراوەتەوە . دۆسیەی خاتوو موسەوی بە کراوەیی ماوەتەوە و تا ئێستا دادگایەک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی خاتوو موسەوی پێکنەهاتووە .
جێگای سەرنجە کە هێزە ئەمنییەکان نزیکەی ساڵ و نیوێک پەیجی ئینستاگرامی خاتوو موسەوییان لەبەردەستدا بوو و بەکاریان دەهێنا بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی دۆسیە لە دژی چەند هاوڕێ و ناسیاوێکی .