سبەی ١٦ گەلاوێژ ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی رەزا(غولام رەزا) رەسایی ، زیندانی سیاسی کوردی یارسانی و لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیە کە بەبێ ئاگاداری بنەماڵە و بە شێوەی شاراوە و نەهێنی لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سێدارە درا.
رەزا رەسایی بە پێی بڕیاری دەرکراو لە لایەن محەمەد رەسوڵ حەق نجاتی بەرپرسی لقی دووی دادگای کەیفەری یەکی پارێزگای کرماشانەوە کە بە خێرایی لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا لە لایەن دادگای باڵای وڵاتەوە پەسند کرا، لە سێدارە درا.
رازا رەسایی لە پڕوسەی دادگایی کردنێکی ناڕوون و لە سەر بنەمای سیناریۆی ساختەی هێزە ئەمنییەکان، بە کوشتنی نادر بیرامی سەرۆکی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران تۆمەتبار کرابوو.
شایانی باسە نادر بیرامی لە رێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە جەریانی ڕێورەسمی ساڵڕۆژی سەید خەلیل عالی نژاد، لە سەرکردەکانی پێشتوویی کۆمەڵگای یارسان، لە شاری سەحنە کە بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان ئاڵۆزی و توندوتیژی تێکەوت ، کوژرابوو.