ڕاپۆرتی تایبەت بە شاری سنە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە پشتبەستن بە داتای مەیدانی و زانیاریی دەستکەوتوو لە سەرچاوە خۆجێییەکان، هەڵسەنگاندنێکی نوێ لە دۆخی مرۆیی و ئەمنی شاری سنە بڵاودەکاتەوە.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پادگان، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان، بارەگا و بەڕێوەبەرایەتییەکان، ئاستی کۆنترۆڵی ئەمنی لە شارەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە بەڵام هێزەکانی حکومەت هێشتا پێکهاتەی خۆیان پاراستووە. هەر لەو پێوەندییەدا هەوڵیان داوە خاڵی پشکنین لە ناوخۆی شار دابمەزرێنن. هەروەها لەسەر ڕێگای کامیاران- کرماشان، لە مەیدانی جیهاد (گرێزە)، هەروەها لەسەر میحوەرەکانی دیواندەرە و مەریوان، ژمارەیەکی زۆر خاڵی پشکنین دامەزراون، بەجۆرێک کە ئەم خاڵە پشکنینانە سەرەتا لە سنووری “ئیمام ڕەزا” و پاشان لەسەر ڕێگای بەرەو تێرمیناڵی کۆنی مەریوان دەبینرێن. لەسەر جادەی کۆنی مەریوان، ئەم خاڵە پشکنینانەش بۆ نزیک گەڕەکی ماڵە کوێرە گواستراونەتەوە.
لەسەر میحوەری هەمەدان سەرەڕای بڵاوەپێکردنی پۆلیسی هاتووچۆ لە پێگەی پێشوودا، ڕێگاکان بە بلۆکی چیمەنتۆ گیراون و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بە توندی سنووردار کراوە، بە جۆرێک خێرایی جوڵە بە کردەوە دەگاتە کەمتر لە 5 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
لە هەموو ئەو خاڵە پشکنینانە چەکی نیمچە قورس وەک دوشکا جێگیر کراون و لە هەندێک شوێن وەک چوارڕێیانی شەریفاوا ئەم کەرەستانە بەشێوەیەکی هەمیشەیی دانراون. جگە لەوەش چەندین ئۆتۆمبێلی تەیار بە دوشکە بەردەوام شارەکەدا دەگەڕێن. هەروەها ئاڕایشی هێزەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بوونیان بە پەرشوبڵاوی لە سەرتاسەری شار و بەرزاییەکانی دەوروبەر و ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە دەبینرێت.
هێزە غەیرە ڕەسەنەکان بنەماڵەکانیان لە شارەکە لابردووە و لە ئێستادا بە شێوەیەکی سەرەکی هێزە ئۆپەراسیۆنەکان و سوپای پاسداران و هێزەکانی “جاش” لە شارەکەدا ماونەتەوە. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی “جاش” لە ژێر فەرماندەیی هێزی پۆلیسی ئینتیزامیدا کاردەکەن و ئەم کۆمپلێکسەش لە ژێر چاودێری سوپای پاسداران کاردەکات. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مۆڕاڵی ئەو هێزانە ناجێگیرە و هەندێکیان خۆیان لە چالاکی لە شارەکەدا بەدوور دەگرن یان لە پێگەیەکی کەمتر مەترسیداردا جێگیرکراون. هەروەها بەشێکی بەرچاو لە چەکە قورسەکان بۆ دەرەوەی شار و ناوچەکانی دیکە لەوان ناوچەی کرماشان گواستراوەتەوە.
جگە لەوەش بڵاوەپێکردنی هێزەکان لەسەر زەوییە بەرزەکان و لە باڵەخانە بەرزەکاندا زیادی کردووە، هەروەها لە هەندێک ناوچەدا قەناس بەدەستەکان لە دەوروبەری گۆڕەپانەکان و ناوەندە ئیداریەکان ڕاگەیەندراوە. سەرچاوە خۆجێییەکان بە تایبەتی باس لە بڵاوەپێکردنی ئەو هێزانە لە مەیدانی ئیقباڵ دەکەن، لەوانەش لەسەر بیناکانی بانکی میلەت و سادرات.
هەروەها لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی شارەکە و شوێنە بەرزەکانی دیکەش قەناس بەدەستەکان بینراون.
بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، هەندێک شوێنی گشتی، لەوانەش قوتابخانەکان کراون بە پاڵپشتی لۆجستی و ناوەندی گواستنەوەی سەربازەکان، له ناوچەی بەهاران و ناوچەی سێ ڕێیانی پاوان، ژماره یه ک ناوەندی پەرواردە بۆ ڕێکخستن و گۆڕینی شیفت بەکاردەهێنرێن و قوتابخانەی ئیمام شافەعی له پشت ئیدارەی کارەبایش بۆته جێگەی نیشتاجێبوونی ئەو هێزانە. سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە گواستنەوەکان بە پاس ئەنجام دەدرێن و لە هەر جارە دوو پاس هێزی نوێ دەهێنن و دوو پاسیش لە یەک کاتدا هێزەکانی شیفتی پێشوو دەگوازنەوە. ماوەی ئەم چالاکییان بە ٢٤ کاتژمێر کارکردن و ٢٤ کاتژمێر پشوودان دانراوە.
دوابەدوای هێرشەکانی ئەم دواییە، زیانی گیانی بەرچاو لەنێو هێزەکانی حکومەتدا تۆمارکراوە. لە یەکەم بۆردوماندا، کە لە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای سنە لە سێ ڕایینی شەڵمان ڕوویدا، زیاتر لە ٦٤ هێزی حکومی کوژران. هەروەها کەمپی قودسی سوپای پاسداران کە بنکەیەکی سەربازی بووە کراوەتە ئامانج و بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، لانیکەم ١٢ تەرم لەوێ لە کاتژمێرەکانی سەرەتاوە دەرهێنراون. سەرچاوە مەیدانییەکان کۆی گشتی قوربانیانی ئەم هێرشانە بە زیاتر دەخەمڵێنن و ڕاپۆرت دەکەن کە دەیان کەسی دیکە بریندار بوون، هەرچەندە دەستڕاگەیشتن بە ئامارە وردەکان هێشتا سنووردارە.
هەروەها لە یەکێک لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکەی بەسیج لە پشت مزگەوتی قەبا لە ناوچەی بەهاران، هەموو ئامادەبووان لە شوێنەکە کوژران.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پێشهاتانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر مۆڕاڵی هێزەکانی حکومەت هەبووە. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لە بەرزبوونەوەی ئاستی نیگەرانی و دابەزینی مۆڕاڵی هێزەکان دەکەن و دەڵێن بڵاوبوونەوەی هێزەکان و گۆڕینی بەردەوامی شوێنەکانیان نیشانەی دۆخی ناسەقامگیری ئەو هێزانەیە.
لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش کەشی گشتی شارەکە سەرەڕای بەردەوامی هێرشەکان، زیاتر کەشی چاوەڕوانی و هیوایە. بەشێک لە هاووڵاتیان لاوازبوونی پێگەی حکومەت بە نیشانەی ئەگەری گۆڕانکاری دەزانن و تێڕوانینێکی ئەرێنییان بۆ داهاتوو هەیە. لە هەمان کاتدا نیگەرانی لای خەڵک هەیە کە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت یان سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکهاتەیەی کە هەیە، فشاری ئەمنی دەخرێتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی.
لە ڕووی بژێوی ژیانەوە، سەرەڕای گرانی نرخ، دەستڕاگەیشتن بە خۆراک و کەرەستەی پێویست وەک خۆی ماوەتەوە. بەڵام نرخی کاڵاکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، کیسەیەکی 10 کیلۆگرام برنجی پاکستانی لە نزیکەی یەک ملیۆن تمەنەوە بۆ 2 ملیۆن و 860 هەزار بەرزبووەتەوە، کیسەیەکی 5 کیلۆگرام شەکر لە 380 هەزار تمەنەوە بۆ 650 هەزار بەرزبووەتەوە، هەروەها لیترێک ڕۆنیش لە نزیکەی 280 هەزار تمەنەوە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 700 هەزار تمەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە سەرنجدان بە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی شاری سنە، لێکەوتە مرۆییەکانی ئەم دۆخە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی بە جێگەی نیگەرانی هەڵدەسەنگێنێت. ڕێکخراوەکە جەخت لەسەر گرنگیدانی بەپەلە لە لایەن دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ بە بارودۆخی هاووڵاتیان دەکاتەوە و فراوانبوونی بوونی هێزی چەکدار لە ناوچە شارییەکان و بەکارهێنانی فەزای گشتی بە فاکتەرێک بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسی لە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی دەزانێت. بە لەبەرچاوگرتنی کوژانەوەی ئینتەرنێتی سەرتاسەری و ئاستەنگی بێئەندازەی پەیوەندیکردن لەگەڵ ناوخۆی وڵات، هانا هەموو هەوڵێکی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی لە ناوخۆی شارەکانی کوردستانەوە زانیاری پێشکەش بکات و ئەم ڕاپۆرتانەش بە بەردەوامی نوێ دەکرێنەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
