مافی ژیان بنەڕەتیترین مافی هەر مرۆڤێکە ، بەبێ ئەو مافە مرۆڤ ناتوانێت سود لە مافەکانی تری مرۆڤ وەربگرێت .
هەر لەبەر ئەم هۆکارە هیچکام لە ماف و ئازادییەکی تری مرۆڤ بە ئەندازەی ئەم مافە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا پارێزراو نەبووە .
هۆکاری ئەمەش ڕوونە چونکە هەموو ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بۆ مرۆڤێک دابین کراوە کە زیندووە و ئەگەر ئەم مافە لە مرۆڤێک بسەنرێتەوە، ئەوا مافی مرۆڤ هیچ مانایەکی نییە .
سەرەڕای گرنگی بنەڕەتی مافی ژیان ، حکومەتی کۆماری ئیسلامی هەمووکات لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدا بووە کە مافی ژیان ڕەتدەکەنەوە . ئەمەش لە سەرەتای دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلامییەوە سەبارەت بە شارۆمەندانی کورد بە سیستماتیک بەردەوام بوونی بووە .
یەکێک لەم نموونانەی زەوتکردنی مافی ژیان و قەتڵی نایاسایی زیندانیانی سیاسی کورد بووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە دوایین لێکۆڵینەوەکانیدا سێ حاڵەتی قەتڵی نایاسایی پشتڕاست دەکاتەوە کە لە ژێر دەستبەسەرکردن و چاودێریی دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕوویانداوە .
ئەم حاڵەتانە لە سەر بنەمای ڕاپۆرتە مەیدانیەکان و لێدوانی شایەتحاڵان و زانیاریەکانی کەسوکاری دەستبەسەرکراوان کۆکراونەتەوە .
حاڵەتی یەکەم:فواد عەلیخانی _ کوژران لە ژێر ئەشکەنجەدا لە ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپا
ناو:فواد عەلیخانی
تەمەن : ٤۱ساڵ
شوێنی نیشتەجێبون : کرماشان
ڕێکەوتی دەستبەسەرکران : یەکی پوشپەڕی ۱٤۰٤
ناوەندی دەستبەسەرکردن : ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران
دۆخی یاسایی : دەستبەسەرکرانی خۆسەرانە _پێشگیری لە گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ بنەماڵەی _ وڵامنەدانەوە لە لایەن ناوەندەکانی حکومەت
فواد عەلیخانی باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی شاری کرماشان کاسبکاری بواری بازرگانی، ناوبراو هیچ پێشینەیەکی سیاسی نەبووە و لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە کەسێکی ئارام وەسف کراوە . ناوبراو لەلایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنیەکانی سوپاوە لە کرماشان بەشێوەی خۆسەرانە دەستبەسەرکرا .
بە گوتەی بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە ، ئەو لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا لە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی بووە و هەر بەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە . تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە دامودەزگا ئەمنییەکان تەرمی ئەم شارۆمەندەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکردووەتەوە
و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لە سەر هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەم شارۆمەندە نەداوە ، هەروەها سەبارەت بە میدیای کردنەوەی ئەم بابەتە هەڕەشەی توند له بنەماڵەکە کراوه .
حاڵەتی دوهەم: سالار خالەندی _دوای ئازاد بوونی لە زیندان بە شێوەی گوماناوی گیانی لە دەستدا
ناو : سالار خالەندی
تەمەن : ۳۱ساڵ
شوێنی نیشتەجێبون : بۆکان
ڕێکەوتی دەستبەسەرکران : ۲۷ی جۆزەردانی ۱٤۰٤
“سالارخالەندی” کوڕی محەمەد و جەمیلە ، هیچ جۆرە پێشینەیەکی سیاسی نەبووە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدا بووە ، دوای ئازادبوون بە دۆخێکی تەندروستی خراپ گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و لە کەمتر لە ۲٤ کاژێردا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە .
دامەزراوە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی سالار کردبوو کە بۆیان نیە بەدواداچوونی یاسایی لەمبارەوە ئەنجام بدەن و نابێت هیچ زانیاریەک لەمبارەوە بڵاو بکەنەوە .
حاڵەتی سێهەم : قادر ڕەسوڵپور _ گیانلە دەستدانی گوماناوی لە سەروبەندی ئازادی بوونی لە زیندانی مەهاباد
ناو:قادر ڕەسوڵپور
تەمەن : ٥۳ ساڵ
پەیوەندی سیاسی : ئەندامی پێشووی حزبی کۆمەڵە
ڕێکەوتی دەستبەسەرکران : ۲۰ی ڕێبەندانی ۱٤۰۳
ڕێکەوتی گیانلەدەستدان : ٢٧ پوشپەڕی ۱٤۰٤ ڕۆژێک پێش ئازادی
شوێنی ڕاگیران: زیندانی ناوەندی مەهاباد
هۆکاری ڕاگەیەندراو : لە کاتی حەمام کردن تووشی تەشەنوج بووە (ئیدیعای فەرمی)
قادر ڕەسوڵپور چالاکوانی سیاسی و پێشتر ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بووە ، کە بۆ ماوەی ۹ساڵ ژیانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەربرد و بە هۆی چالاکیە سیاسیەکانیەوە ڕووبەڕووی سەختترین فشارەکان بووەتەوە . لە ساڵی ۱٤۰۳، سزای ٦مانگ زیندانی بە سەردا سەپێنرا و بڕیار بوو لە ۲٨ی پوشپەڕ ئازاد بکرێت.لە کاتێکدا بنەماڵەکەی خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئازاد کردنی ، لە زیندانەوە بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورت پێیان ڕاگەیاندن کە قادر لە حەمام توشی تەشەنوج بووە و گیانی لە دەستداوە . بنەماڵە و زیندانیانی دیکە ئەم ئیدیعا ڕەت دەکەنەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو پێشینەی هیچ جۆرە نەخۆشی و کێشەیەکی جەستەی نەبووە . تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەی نەکراوەتەوە و هیچ پشکنینێک بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری مەرگی ئەنجام نەدراوە .
بەگوێرەی ئەوسێ بەڵگەی سەرەوە کۆمەڵێک لە مافە سەرەتایەکانی مرۆڤ بە شێوەی جددی پێشێل کراون . لەوانە مافی ژیان کە لە مادەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا دەستەبەر کراوە ، هەروەها قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە کە بە ئاشکرا بەپێی ماددەی ٧ ی هەمان پەیماننامە قەدەغەکراوە ، هەروەها پێوەرەکانی هەڵسوکەوت لەگەڵ زیندانییەکان کە لە یاساکانی نیلسۆن ماندێلا پێناسە کراون، کە لەم حاڵەتانەدا ڕەچاو نەکراون . لەلایەکی ترەوە نەبوونی شەفافییەت و لێپرسینەوە لەلایەن دەزگا بەرپرسەکانەوە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی قوربانیان و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەکانیان بە زانیاری دروست پێشێلکردنی مافی زانینی ڕاستیەکانە . لە کۆتاییدا گوشار و هەڕەشە و تۆقاندنی بنەماڵەکان تەواو پێچەوانەی پرەنسیپەکانی پشتیوانیکردن لە بنەماڵەی قوربانیان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤە .
هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم حاڵەتانە بەشێکن لە نەبوونی چاودێری و لێپرسینەوە، بەردەوامی شێوازێکی پێکهاتەیی سەرکوت و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ کە چەندین جار لە کاتی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی ناسراو بە شۆڕشی ژینا (۱٤۰۱) بەدی کراون .
لەو سەردەمەش گیانلەدەستدانی گوماناوی دوای ماوەیەکی کورت لە ئازادکردن لە زیندانەکان ڕوویدا . ڕاپۆرتە فەرمییەکان زۆر جار پێچەوانەی ڕاپۆرتەکانی بنەماڵەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکان بوون و سەبارەت بە گیانلەدەستدانەکان هیچ پرۆسەی دادوەری شەفاف و لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری بێلایەن ئەنجام نەدرا .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەجەختکردنەوە لە سەر پێویستی لێپرسینەوە و دادپەروەری سەبارەت بەو سێ بەڵگەی سەرەوە داوای لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ و بێلایەنانە و سەربەخۆ و شەفاف لە گیانلەدەستدانی ئەو سێ شارۆمەندە کوردە ، وڵامدانەوەی فەرمی دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ، لێپێچینەوەی یاسایی بۆ پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ ، پاڵپشتی یاسایی و دەروونی بۆ کەسوکاری قوربانیان ، ڕێزگرتن لە مافی زانینی ڕاستیەکان و هەروەها دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری بۆ ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە چاودێری زیندانیەکان بەتایبەتی زیندانە نهێنییەکانی کوردستان کە لە لیستی فەرمی زیندانەکانی حکومەت ناویان تۆمار نەکراوە دەکات .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا