ڕاپۆرتی بەپەلەی هانا لە سەر ناڕەزایەتی دەربڕینی زیندانیان لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە دەستیکەوتووە ڕایدەگەینێت کە ئەمڕۆ زیندانیانی زیندانیکراو لە زیندانی دیزڵاوای کرماشان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە کرماشان، ئیلام، لوڕستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، لە بەیانی ئەمڕۆ، سەرجەم سەردانەکان و ئەگەری پەیوەندی کردنی پارێزەرانی بەرگری لە موکلە زیندانیکراوەکانیان بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە و لە هەمان کاتدا کەشێکی ئەمنی توند لە زیندانەکەدا زاڵ بووە.

سەرچاوەکان باس لە زیادبوونی گرژیی نێوان زیندانییەکان و پاسەوانانی زیندان دەکەن، هەروەها گواستنەوەی بەکۆمەڵی زیندانییەکان بۆ ناو یەک بەند؛ کارێک کە دەتوانێت نموونەی فشار و سزای بەکۆمەڵ و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی زیندانییەکان لەوانەش مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ خێزان بێت.

هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی زیندانیان، داوای کۆتایی هێنانی دەستبەجێی ئەو سنووردارکردنانە کە سەپێنراون، دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەران و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە بە شێوەیەکی کاریگەر و دابینکردنی ئەگەری چاودێریکردنی سەربەخۆ لە دۆخی زیندانی دیزڵاوای کرماشان دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین