١٥ی سەرماوەز ڕۆژی یادی قوربانیانی ڕووداوی شیناوێ و جەختکردنەوە لە سەر پێویستی چاکسازی پێکهاتەیی لە سیستەمی پەروەردەدا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕێز دەگرێ لە ١٥ی سەرماوەز، ڕۆژی کچانی شیناوێ. ڕێکخراوی هانا ڕێز دەگرێ لە یادی دوو خوێندکاری گیانبەختکردوو و هەروەها ٢٩ خوێندکاری زامدار و زەرەرمەندی ئاگرکەوتنەوەی خوێندنگەی کچانەی ئاوایی شیناوێ سەر بە ناوچەی پیرانشار لە ساڵی ١٣٩١. ڕێکخراوی هانا جەخت دەکاتەوە کە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەم کارەساتە، نەبوونی ستانداردی ئەمن و پارێزراو، کەمبوونی چاوەدێری کاریگەر و گوێنەدان و سەرنج نەدانی سیستماتیک بە بارودۆخی خوێندنگەکان، بەتایبەت لە کوردەواری و ناوچەکانی کوردستان و سەلمێنەر و شاهیدی ئاشکرای پێشێلکاریی مافە سەرەتاییەکانی منداڵان بۆ فێرکردن و پەروەردەی ئەمن و پارێزراو و تەندروستە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم ڕاستییە وەبیر ڕای گشتی دێنێتەوە کە ڕووداوی شیناوێ نەک تەنیا ڕووداوێکی بە هەڵکەوت و دەگمەن نەبوو، بەڵکوو نیشانەیەکە لە زنجیرەی کەوتنەوەی ئاگر و ڕووداوی دڵتەزێن لە خوێندنگەکانی ئێران کە بەر لەویش ڕووداوی ئاوا هاتبووە ئاراوە و دوای ئەویش گەلێک جار ڕوویداوەتەوە. درێژەی ئەم بارودۆخە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێ ناوەندە بەرپرسەکان لە بەڕێوەبردنی ئەرکی یاسایی خۆیان و زەمانەتی ئەمنییەتی گیانی خوێندکاران ناکارامە و دەستەوستان و کەمتەرخەمن.

ئەم ڕێکخراوە لە سەر پێویست بوونی وەڵامدانەوەی بەرپرسانی پێوەندیدار، قەرەبوو کردنەوەی گشت زەرەر و زیانە مادی و مەعنەوییەکانی قوربانییان و بەڕێوبردنی دەستبەجێی ستانداردەکانی پارێزراو و دوور لە مەترسی لە سەرانسەری خوێندنگەکانی ئێران جەخت دەکاتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕادەگەیەنێ، ڕێزگرتن لە کچانی شیناوێ نە تەنیا دەربڕینی ڕێز و وەفا لە ئاست قوربانییانی ئەو ڕووداوەیە، بەڵکوو داوکارییەکی یاسایی و ئەخلاقی بۆ بەدەستهێنانی مافی فێرکردن و پەروەردەی ئەمین و تەندروست، یەکسان و ئینسانی بۆ سەرجەم منداڵانە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین