دەستپێکی لێکۆڵینەوەی بەشی دادی فیدراسیۆنی جیهانی فوتباڵ (فیفا) سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی نەفرەت و چاندنی تۆوی ڕق و قین بە شێوەی سیستماتیک لە دژی کوردەکان لە کاتی کایەی فوتباڵ لە ورمێ

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، دوابەدوای شکایەتی پارێزەر و مافناسی کورد بەڕێز دوکتور فەراز فیروزی بەشی دادی فیدراسیۆنی جیهانی فوتباڵ (فیفا) دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوەی خۆی سەبارەت بە دروشمگەلی ڕەگەزپەرستانە و هەڵگری توندوتیژی سیستماتیک دژی کورد لە کێبڕکێی نێوان تیمەکانی «نەوەدی ورمێ» و «نەساجی مازەندەران» کە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٤ بەڕێوەچوو.

شایانی باسە بە پێی گرتە ڤیدیۆگەلێک بە بەڵگە دەیسەلمێنێ کە لە کاتی کایەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هاندەران بە زمانی تورکی دەستیان کردووە بە دانی دروشمی سووکایەتی و هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی قین و نەفرەت لە دژی کوردەکان. لە کاتی کایەکەدا دروشمی «حەسەنی لە کوێی تا لەگەڵ کوردەکان وەک … هەڵسوکەت بکەی» بە بەردەوامی گوتراوەتەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای یەوەی بە توندی ئەم کردەوەیە و چاندنی تۆوی ڕق و قین لە دژی گەلی کورد لە ورمێ مەحکوم دەکا، خوازیاری لێپرسینەوەی لێبڕاوانەی فیفایە لەم بابەتە و ناساندنی بەرپرسایەتی حقوقی فیدراسیۆنی فوتباڵی ئێرانە تایبەت بەم ڕووداوە کە هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی حقوقی بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەم بابەتەی نەکردووە.
هەروەها رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئازەربایجان دەکا وێڕای مەحکوم کردنی ئەم جۆرە کردەوە دژی مرۆڤانەیە، هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ پاراستنی ئارامی، ڕێز بۆ شکۆ و کەڕامەتی ئینسانی و قەبوڵ کردنی جیاوازی و جۆراوجۆری نەتەوەیی – ئیتنیکی لەم سەر خاکە.

بۆ بەرچاوڕوونی ئاشکرا بوونی زیاتر غوڵامڕەزا حەسەنی یەکێک لە مەلا توندئاژۆ شیعەکانی ورمێ و دەوروبەر کە هاوکات لەگەڵ فتوای جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان دەستی ڕاستەوخۆی لە جینایەت دژی مرۆڤایەتی و دژی کوردەکان بووە و بە دیاریکراوی بە سڕینەوەی ئیتنیکی لە ئاوایی قاڕنێ تاوانبار بوو. غوڵام ڕەزا حەسەنی بە هۆی ئەوەی لە باری یاساییەوە پارێزراو بوو تا کاتی مردنی لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٩٧ لە هەر جۆرە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەیەک پارێزراو بوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین