ڕاپۆرتی یاسایی هانا سەبارەت بە تاوانی جەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی پێشمەرگەکانی گوردانی شوان لە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٦٦

دوابەدوای شکستی دانوستان لەگەڵ حکومەتی تازە دامەزراوی کۆماری ئیسلامی و فەتوای جیهادی ئایەتوڵڵا خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨، لە دژی خەڵکی کوردستان ، حزبە کوردییەکان بە شێوەی نەخوازراو ڕووبەڕووی هێرشی هەمەلایەنەی هێزەکانی حکومەت بوونەوە ، کە وردە وردە بووە هۆی پاشەکشەی حزبەکان بۆ ناو کوردستانی عێراق .هاوکات لەگەڵ شەڕی ئێران و عێراقدا ئەم پارتانە بنکە و بارەگایان لە کەرتی سنووری نێوان هەردوو وڵات هەبووە .

لە یەکێک لە بارەگاکان لە ئاوایی بیارەی سەر بە ( پارێزگای هەڵەبجە) پێشمەرگەکانی حیزبی کۆمەڵە (ئەو سەردەمە سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیسیتی ئێران) هەبوون . لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٦٦، و دوای پێشهاتەکانی شەڕی نێوان دەوڵەتانی شەڕکەر ، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە حاڵەتی لەشکرکێشیدا چوونە ناو خاکی عێراق و هێزەکانی عێراق پاشەکشەیان کرد . لەم دۆخە ئاڵۆزەی شەڕدا یەکێک لە گوردانەکانی پێشمەرگە بە ناوی “گوردانی شەوان” لە لایەن لایەنە شەڕکەرەکانەوە دەورە دەدرێت .

ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەمەی ١٣٦٦ ، حکومەتی بەعسی عێراق شاری هەڵەبجەی بە مادەی کیمیاوی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ئەو ناوچەیە گیانیان لەدەستدا ، چڕی بۆردومانە کیمیاییەکان ئەوەندە سەخت بوو کە پێشمەرگەکانی ” گوردانی شوان” کە لە نێویاندا پێشمەرگەی ژنیش ئامادە بوون تووشی ژەهراویبوون و خنکان و کاڵبوونەوەی توندی بینین بوون .

بە پێی چەندین گێڕانەوەی جۆراراوجۆر کە لە بەر دەستدان ، چارەنووسی ئەو پێشمەرگانە لە دوای کیمیاباران، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشیان کردە سەریان و لە کۆی ٦٨ پێشمەرگەی ئامادەبوو ، تەنیا ١٢ پێشمەرگە ڕزگاریان بوو و لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بە دیل گیران .

پێشمەرگە ڕزگاربووەکان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزران و دوابەدوای ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی ، لە هەمان کاتدا لەگەڵ کۆمەڵکوژیی گەلاوێژ و خەرمانانی ١٣٦٧ی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی سنە گوللەباران کران .

شایانی باسە کە چەندین جۆرە گێڕانەوە سەبارەت بەم کارەساتە بڵاوکراونەتەوە ، کە هەندێکیان لە بواری وردەکارییەکانی ئەو بابەتە و تەنانەت ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە دیل گیراون جیاوازن . سەرەڕای گێڕانەوەی کەسی و سیاسی ، ئەم تاوانە تا ئێستا لە ڕوانگەی یاساییەوە لەبەرچاو نەگیراوە .

بۆیە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، بە پێی ئەرکی سروشتی خۆی تەنیا لایەنی یاسایی و مافی مرۆڤی ئەو پرسە لە بەر چاو دەگرێت .لە ڕووی یاساییەوە چەکداران و بەرپرسانی دەوڵەت هەریەکەیان لەو تاوانانەی کە ئەنجام دەدرێن بە ڕێژەی ئەو کردەوانەی ئەنجام دەدرێن و پێشێلکردنی بنەما بنەڕەتییەکانی یاسای مرۆیی لە شەڕە چەکدارییەکاندا بەرپرسیارن .

حکومەتی عێراق لە ڕووی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارە لەم تاوانە ، بەڵام ئەم دۆسیەیە هەرگیز لە دادگا ناوخۆییەکان یان دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ نەکراوە .لە لایەکی دیکەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسیارێتی تاکەکەسی تاوانکاریی فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامی هەیە .

ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پێشمەرگەی حیزبە کوردییەکان ملکەچی یاسای مرۆڤدۆستانەیە کە ململانێ چەکدارییە غەیرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوە دەبات ، کە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی بەردەست ، کۆماری ئیسلامی هەرگیز وەک دەوڵەتێک ئەم ڕێسایانەی کە بۆ پاراستنی قوربانیان و مافی ئەو شەڕڤانانەی کە دەستیان لە ململانێدا نییەی، ڕەچاو نەکردووە .

بەم پێیە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە پشتبەستن بە مادەی ٣ی هاوبەشی چوار کۆنوانسیۆنی ژنێڤی ١٩٤٩ و بڕگەی یەکەمی پرۆتۆکۆڵی دووهەمی زیادەی ئەم کۆنوانسیۆنانەی ١٩٧٧ ، پابەندن بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێشمەرگەکانی گوردانی شوان لەوانەش لە کاتی هێرشکردن و بەدیل کردنیانە و پێشێلکردنی ئەو ڕێسایانە لە یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی جەنگ دادەنرێت .

هەروەها حکومەت و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە ئەشکەنجەدان و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە لەگەڵ ئەم پێشمەرگانە لە دوای بە دیل گرتنیان تۆمەتبار کراون کە ئەمەش بە پێی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان ١٩٦٦ بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان پێشێلکارییەکی گەورەی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی ئێرانە .

پێشمەرگە دیلگیراوەکان کە چەند پێشمەرگەیەکی ژن لەنێویاندا هەبووە ، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆیی و بەرگری لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی تۆمەتبار لە دادگاییەکی تاوانکاریدا بێبەش کراون . ئەم پێشمەرگانە بە فەرمانی کاربەدەستانی ئەوکاتی دادگای ئینقیلاب(شۆڕش) بەبێ ئەوەی مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان هەبێت ، لە شاری سنە گوللەباران کران .

دەفتەری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی خۆی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان لە ساڵیادی ئەم تاوانەدا ، بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەم دۆسیەیە بە میکانیزمە یاساییە ئەگەرییەکاندا تێدەپەڕێت سەبارەت بە داوای یاسایی (دادخوازی)بنەماڵەی قوربانییەکان لە ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان و لە پرۆسەی دادپەروەری ئینتقالیدا هەموو هەوڵێک دەدات .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین