رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی خۆیی ، شەپۆلی پێشێلکاری توندی مافی مرۆڤ لە دژی زیندانیانی سیاسی لە ئێران کە دوای هێرشی نیزامی بۆ زیندانی ئێڤین ، بۆ زیندانەکانی دیکە وەک قەرچەک ، تارانی گەورە (تهران بزرگ) و قزڵحسار ڕاگوێزراون ، دەکاتە بەڵگەنامە و بە توندی مەحکومی دەکات .
لە رێکەوتی ٢ی پوشپەڕی ١٤٠٤، لە جەریانی هێرشی موشەکی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین لە تاران ، لەوانەش لە سەردەر ، بینای چاوپێکەوتن و دادسەرا ، ژێرخانە سەرەکیەکانی زیندان لە کار کەوت و ئاو ، کارەبا ، گاز و تەلەفۆن پچڕا .
بەر لە گەیشتنی ئامبۆڵانسەکان ، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی چوونەتە شوێنەکە و بە چەک ڕێگریان لە ئەنجامدانی هەر جۆرە جوڵانەوەیەک لە زیندانیان کرد . ئەو زیندانیانە کە بنەماڵەکانیان لە دەرەوەی زیندان نیگەران بوون ، ڕۆژی دواتر لە دۆخێکی نالەبار و زەلیلکەر و بەبێ پێبوونی کەلوپەلی کەسی ، بۆ زیندانەکانی دیکە ڕاگوێزراون .
ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان لە ناوخۆی وڵاتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە زیندانییەکان – بە تایبەت ژنان – سەرەتا بۆ کۆمەڵێک سولە بەبێ ئیمکاناتی سەرەتایی لە زیندانی قەرچەک گواستراونەتەوە. پاشان بۆ ژورە بچووکەکانی کەرەنتینە بەبێ ئاوی پاک و هەواگۆڕکێ و پاکوخاوێنی پێویست ڕاگوێزراون .
زیندانیانی پیاویش بۆ زیندانی تارانی کەورە ڕاگوێزراون ، شوێنێک کە بە وتەی بنەماڵەکان و شایەتحاڵان ، دۆخی پاک و خاوێنی خراپ ، ئاوی شۆر ، بوونی قۆلانچە و قەرەباڵغی زۆر سێبەری خستووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەدا . لە هەندێک حاڵەتدا ئەو زیندانیانەی کە نەخۆشن ، بەساڵاچوون ، یان بارودۆخی تایبەتیان هەیە، وەک ئەبولفەزل قەدیانی تەمەن (٨٠ ساڵ)، لەم جۆرە بارودۆخانەدا ڕاگیراون . دوابەدوای فشارە توندەکانی ئەفسەرەکان بۆ پابەندبوون بە حیجابی زەرەملێ ، گواستنەوەی بەشێک لە زیندانییە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکە ڕووبەڕووی پێکدادان و هەڕەشە بووەتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە پێی ڕاپۆرتە کۆکراوەکان ، ئەم خاڵانەی خوارەوە بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ دەزانێت :
١. پێشێلکاری بنەمای کەرامەتی مرۆیی لە ئەنجامی هەڵسوکەوتی توندوتیژانە لە کاتی ڕاگوێزران
٢. بێبەش کردن لە دەرمان و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان پێچەوانەی پابەندبوونە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی ئێران
٣. دەستڕانەگەیشتن بە تەلەفۆن و چاوپێکەوتن و بڕینی یەکجاری پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکان
٤. نەبوونی جیاکاری تاوانەکان لە شوێنی ڕاگیران و ڕاگیرانی زیندانیانی سیاسی لە تەنیشت تۆمەتبارانی مەترسیدار
٥. ڕاگیران لە بارودۆخێکی ناتەندروست ، قەرەباڵغ و زیانبەخشدا، پێشێلکردنی بنەماکانی نیلسۆن ماندێلا و مادەی ١٠ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان .
بۆیە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ؛ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەکات ، بە ناردنی شاندەکانی ڕاستی دۆزی سەربەخۆ ، ڕاپۆرتی فەرمی بۆ لیژنەی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیە یەکگرتووەکان و گوشاری دیپلۆماتیک لە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگری بکات لە بەردەم دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکاریە سیستماتیکانە و گەرەنتی کەرامەتی زیندانیانی سیاسی لە ئێران بکات .