بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا حکومەتی تورکیا هەوڵی دیپۆرت کردنەوەی ژمارەیەک پەنابەری سیاسی بۆ ئێرانی داوە .
لەم حاڵەتانەدا حکومەتی تورکیا ڕێککەوتنی ڕادەستکردنەوەی تاوانبارانی نێوان تورکیا و ئێران وەک بنەمای یاسایی بۆ ئەم ڕادەستکردنانە دەهێنێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو جۆرە ڕادەستکردنەوە و دیپۆرت کردنانە داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات پابەند بێت بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە پەناخوازانی سیاسی .لە ژانویەی ٢٠١١ ئێران و تورکیە بەڵگەنامەیان لەسەر ڕێککەوتنی هاوکاری یاسایی لە بابەتە مەدەنی و تاوانکارییەکان ئاڵوگۆڕ کرد و ئەم بەڵگەنامە و رێککەوتنەیان خستە بواری جێبەجێ کردەنەوە .
شایانی باسە کە ئەم پەیماننامەیە جێگەی ڕێککەوتننامەی ڕادەستکردنەوە و هاوکاری دادوەری ساڵی ١٩٣٧ و ڕێککەوتننامەی تۆکمەی هاوکاریی دادوەری ساڵی ٢٠٠٩ی گرتووەتەوە . وەک لە مادەی ٣٤ی ئەم پەیماننامەیەدا ئاماژەی پێکراوە هەردوو لایەنی پەیمانبەست پابەندن بە ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە خاکی خۆیاندا دۆزراونەتەوە بەپێی بڕگەکانی ئەم ئامرازە بۆ لایەنی بەرامبەر بۆ لێپێچینەوە ، دادگاییکردن یان جێبەجێکردنی سزا. بەڵام بڕگەی (ب)ی بەشی یەکەمی مادەی ٣٥ ڕادەستکردنەوە لەو حاڵەتانەدا ناگرێتەوە کە تاکەکان تۆمەتی سیاسی یان سەربازییان لەسەرە . سەرەڕای لێدوانێکی لەو شێوەیە، لە پراکتیکدا، ئەو جۆرە ڕادەستکردنەوە زۆر ڕوویداوە، بەو پێیەی لایەنەکان لێکدانەوەی جۆراوجۆریان بۆ تاوانە سیاسییەکان خستووەتەڕوو .لە یاسای نێودەوڵەتیدا ڕادەستنەکردنی تۆمەتبارانی سیاسی یان تاوانباران بەتەواوی قەدەغە نییە بەڵکو لە حاڵەتەکانی وەک شەڕی گەندەڵی یان تیرۆردا ڕادەستکردنەوە بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دادپەروەری دادەنرێت.
بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ڕەسەن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ، حکومەتەکان دەبێ هەموو کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ئەو جۆرە ڕادەستکردنەوە لەبەرچاو بگرن.ئەگەری ئەشکەنجەدان و سەپاندنی سزای نامرۆڤانە و مەترسیدار بۆ سەر ژیان ، یەکێکە لە گرنگترین بەربەستەکانی مافی مرۆڤ لەبەردەم ڕادەستنەکردنی تاکەکان لەم ڕووەوە مادەی ٣ی ڕێککەوتننامەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر جۆرە ڕادەستکردنەوەیەک کە تاکەکان بخاتە بەر ئەشکەنجە بە تەواوی قەدەغە دەکات . قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان لە پەیماننامەکانی تری مافی مرۆڤدا وەک مادەی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان و مادەی ٣ی ڕێککەوتننامەی ئەوروپی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٥٠ی ئەنجومەنی ئەوروپا چەسپاوە .
گرنگیەکی زۆری هەیە کە حکومەتی تورکیا پەیوەندی بە کۆنوانسیۆنەکانی مار ئەلبەیان کردووە و لە ڕووی یاساییەوە پابەندە بە ڕەچاوکردنی کاریگەرییە ئەگەرییەکانی هەر جۆرە ڕادەستکردنەوەیەک بە کۆماری ئیسلامی ئێران . ئەم پابەندبوونە بۆ دەوڵەتانی ئەندام لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان چەندین جار لە حاڵەتە جیاوازەکانی لیژنەی چاودێریکردنی ئەم پەیماننامەیەدا ڕەنگدانەوەی هەبووە . بۆ نموونە لە دوو دۆسیەی مشتومڕاوی (469/1991) و (470/1991) دژی حکومەتی کەنەدا، لیژنەکە بڕیاریدا کە ئەم حکومەتە پابەندە بە پێشبینیکردن و لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕادەستکردنەوە لەسەر وڵاتی ڕەسەن ، چونکە سزای نامرۆڤانە بەشێکە لە سیستەمی سزادانی ئەو وڵاتە .
بە هەمان شێوە لە دۆسیەیەکی زۆر گرنگدا دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆی دەرکەوت کە ڕادەستکردنەوەی شارۆمەندێکی ئەمریکی بە ویلایەتی ڤێرجینیا لەلایەن بەریتانیاوە پێشێلکردنی مادەی ٣ی پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤە . بەپێی بڕیاری دادگا ئەم ڕادەستکردنەوەیە ئەو کەسە دەخاتە بەردەم مەترسی ئەگەری سپاندنی سزای سێدارە کە بەشێکە لە سیستەمی سزادانی ویلایەتی ڤێرجینیا .دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە پێشینەی کارەکانیدا لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییەکانی ڕادەستکردنەوەی تۆمەتبارەکان کردووە تەنانەت سەرەڕای ئەوەی ئینتەرپۆل فەرمانی دەستگیرکردنی دەستبەجێی بۆ تاکەکان دەرکردووە . دادگا لە مانگی ئاوریلی ٢٠١٩دا ئەم ئارگیومێنتەی بەکارهێنا بۆ ئەوەی حکومەتی بولغارستان نەتوانێت شارۆمەندێکی ئێرانی ڕادەستی حکومەتی ئێران بکاتەوە .
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە ئاشکرایە کە ڕادەستکردنەوە و دیپۆرتی پەنابەرانی سیاسی بۆ ئێران نەک هەر بەگوێرەی پەیماننامەی ڕادەستکردنەوەی دەوڵەتی تورکیا و ئێران نییە بەڵکو لە چوارچێوەی پەیماننامەی دژ بە ئەشکەنجە ، پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، هەروەها پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ ، پێچەوانەی سەرجەم ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی تورکیایە .
لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات کە بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە پەنابەرانی سیاسی پابەند بێت .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ڤانکۆڤەر کەنەدا
ی١٤ فێوریەی٢٠٢٥