بەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی یەکەم ساڵوەگەڕی لە سێدارەدانی چوار زیندانی سیاسی کورد موحسێن مەزڵوم ، محەمەد فەرامەرزی ، وەفا ئازەربار ، پژمان فاتحی

ساڵێک لەمەوبەر لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، چوار زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی “پژمان فاتحی، موحسێن مەزڵوم، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی” لە لایەن سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی “سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل” لە سێدارە دران .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایدەگەینێت کە پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە کوردە نەک هەر پابەند نەبووە بە بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە مافی نێوەدوڵەتی مرۆڤدا بەڵکو بنەماکانی دادگاییکردنی تاوانکاری لەسەر بنەمای کەمترین یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێشێل کردووە .

وەفا ئازەربار، موحسێن مەزڵوم، پژمان فاتحی و محەمەد فەرامەرزی لە سەرەتای دەستبەسەر کردنیان یا بە زاراوەی یاسایی دروست “بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە گرتنگەی نهێنی-ئەمنی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕاگیراون و لە دەستڕاگەیشتن بە کەمترین مافەکانی تۆمەتبار لەوانەش پارێزەر و خزمەتگوزاری ڕاوێژکاری یاسایی بێبەش کران .

دانیشتنەکانی لێپرسینەوە و دادگاییکردنی دواتر لە دادگای شۆڕشی تاران بە بێ ئامادەبوونی پارێزەرێکی هەڵبژێردراو لە پرۆسەیەکی تەواو نهێنی و تەنیا بە ئامادەبوونی بەرپرسان و لێکۆڵەرە ئەمنییەکان بەڕێوەچووە . بەپێی ڕای دەسەڵاتی ئەمنی، سزای لەسێدارەدانیان دەرچووە و دەسەڵاتی دادوەری تەنها جێبەجێی کردووە .شایانی باسە لە کاتی لەسێدارەدانی ئەو چوار کەسە لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتەوە ، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نەبووە تەرمی ئەو چوار کەسە ڕادەست بکاتەوە و هیچ زانیارییەکیشی سەبارەت بە شوێنی ناشتنیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە .

بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانێکی نێودەوڵەتی دادەنرێت . هەستیاری کۆمەڵگای جیهانی بەرامبەر بەم تاوانە بە جۆرێک بووە کە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی گرنگ (کە لە ساڵی ٢٠١٠ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە) بۆ پاراستنی مرۆڤەکان بۆ ئەم پرسە تەرخان کراوە .

هەروەها مادەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەزانێت. تایبەتمەندی ئەم تاوانە ئەوەیە کە بە تاوانێکی بەردەوام دادەنرێت تا ئەو کاتەی دوا حاڵەتی کەسەکە دەزانرێت . بۆیە تەنانەت بە گریمانەکردنی مردنی کەسەکە تا تەرمەکە ڕادەستی بنەماڵەکە دەکرێت و بەڵگەنامەی ناسنامەی ڕەوا دابین دەکرێت ئەم تاوانە بەردەوام دەبێت .

سەرەڕای بانگەشەی لەسێدارەدان دەسەڵاتدارانی حکومەت هیچ زانیارییەک لەسەر تەرمەکانیان و شوێنی ناشتنیان بڵاو ناکەنەوە . ئەم هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی حکومەت تەنانەت پێچەوانەی مادەکانی ٢٢ و ٢٣ی یاسای تۆماری مەدەنی ئێرانە کە حکومەت بە دەرکردنی بڕوانامەی مردن بۆ هەموو مردووەکان بەبێ جیاوازی پابەند دەکات .

هەر لەو پێوەندییەدا بنەماڵەی قوربانییەکان سکاڵایان لە گروپی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ تۆمار کرد و داوایان لەم گروپە کارە کرد کە بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی دۆخی ئەو ٤ کەسە وەک بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بکەن .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وەک سپۆنسەری هەڵمەتی دادخوازی بۆ چوار زیندانی سیاسی کورد پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، موحسێن مەزڵوم و محەممەد فەرامەرزی، داوا لە هەموو ڕێکخراو و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ دەکات کە لە ڕێڕەوی ڕێگای دادخوازی نێودەوڵەتی دەنگی بنەماڵەی قوربانییەکان بن .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

٢٧ی ژانویەی ٢٠٢٥_ڤانکۆڤەری

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین