بۆ حکومەتەکانی بەشدار لە دانوستانە ئەتۆمییەکانی ڕۆم ، نەتەوە یەکگرتووەکان ، یەکێتی ئەوروپا ، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی جیهانی
لە سەروبەندی خولی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بڕیارە لە ١٩ی ئاوریلی ٢٠٢٥ لە ڕۆم بەڕێوە بچێت ، واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە لە سەر ئەو باوەڕەن ئەم دانوستانانە سەرەڕای پێویستی ستراتژیکیان ، ناتوانن جێگەی لێپرسینەوە نێودەوڵەتییەکان لە بەرامبەر پێشێلکارییە سیستماتیکییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بگرێتەوە .
ئێمە پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسی دەکەین کە ڕێگری لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران بکات و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا بکات. بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەر ڕێککەوتنێک کە حکومەتی ئێستای ئێران بەهێزتر بکات و ڕێگەی پێبدات بەبێ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام بێت، پێچەوانەی ئیرادەی زۆرینەی گەلی ئێران دەبێت بۆ گواستنەوە لە سیستەمێکی پاوانخوازانە و گەیشتن بە حوکمڕانییەکی دێموکراتیک لەسەر بنەمای ئیرادەی گشتی .
ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمێک کە لە ڕووی پێکهاتەییەوە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات- لەوانەش لە ڕێگەی ئاپارتایدی جنسیەتی ، بەکارهێنانی بەربڵاوی سزای لەسێدارەدان ، سەرکوتکردنی کەمینەکان ، زیندانیکردنی ڕەخنەگران و چالاکوانان و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین، گردبوونەوە و بیروڕا- بە بێ لەبەرچاوگرتنی میکانیزمە پابەندکەر و کاریگەرەکان بۆ وەستاندنی ئەم پرۆسانە ، نەک هەر بێ متمانەییە بەڵکوو هاودەستی نەخوازراوی چەوساندنەوە و سەرکوتە .
ئێمە پێمان وایە ئاشتییەکی بەردەوام بەبێ ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ مومکین نییە.
بۆیە داوا لە حکومەتە بەشداربووەکانی دانوستانەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەم بڕگانەی خوارەوە وەک پێشمەرجێک بۆ هەر ڕێککەوتنێک لەبەرچاو بگرن :
١- ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی و قەدەغەکردنی بە تاوان هەژمار کردنی چالاکییە سیاسی و سەندیکایی و چالاکییە مەدەنییەکان
٢- ئازادی بێ مەرجی بیروباوەڕ و ڕادەربڕین و بیرکردنەوە، ڕۆژنامەگەری ، سەندیکای کرێکاری ناوخۆیی و نیشتمانی و ڕێکخراوە جەماوەریەکان؛
٣- هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی دەرکردن و جێبەجێکردنی هەر جۆرە سزایەکی کوشتن ، سێدارە و تۆڵەسەندنەوە (قەساس) و قەدەغەکردنی هەر جۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی ؛
٤. پێداگری لەسەر خستنەڕووی مەرجە ڕوون و پشتڕاستکراوەکانی مافی مرۆڤ لە مەرجەکانی هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەریدا؛
٥. پشتیوانی دەربڕین بۆ مافی گەلی ئێران بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە ؛
لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە شەرعیەتی هەر ڕێککەوتنێکی بەردەوام و مانادار نەک تەنیا بە ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییە مەترسیدارەکان بەڵکو بە پابەندبوون بە ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی ئێرانەوە گرێدراوە .
لەگەڵ ڕێزدا
ئاوریلی ٢٠٢٥