بانگەوازی ١٥ رێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕزگار کردنی سێ زیندانی سیاسی عەرەبی مەحکوم بە ئێعدام

ئێمە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی واژۆکاری ئەم بەیاننامەیە ، نیگەرانی قوڵی خۆمان لە ئاست ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە ڕاگوێزانی سێ زیندانی عەرەبی ئەهوازی بۆ ژوری تاکەکەسی و مەترسی جێبەجێ کرانی حوکمی ئێعدامی ئەوان دەردەبڕین .

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ئەهوازەوە بە دەستمان گەیشتووە ، سێ زیندانی سیاسی عەرەب بە ناوەکانی عەلی مجدەم ، موعین خەنفەری و محەمەد رەزا موقەدەم کە سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێندراوە ، لە پێنجی پوشپەڕی ١٤٠٤ەوە بۆ ژوری تاکەکەسی ڕاگوێزراون و گیانیان لە بەردەم مەترسی جیددی لە سێدارەدانە .
ئەم کەسانە بە تۆمەتی “بەغی” مەترسی لە سێدارەدانیان لە سەرە ، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیدیعای جیددی لە سەر پێشێلکاری توندی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدا لە دۆسیەکەدا ، بوونی هەیە .
ڕاگوێزان بۆ ژوری تاکەکەسی لە بارودۆخێکدا ئەنجام دراوە کە ئەم کەسانە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ گروپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێندراوە .
بە پێی ڕاپۆرتەکان ، ئەم سێ زیندانیە پێشتریش بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژوری تاکەکەسی ڕاگیراون و لە ژێر لێپرسینەوە تونددا بوون . گەڕاندنەوەی دووبارەی ئەوان بۆ ژوری تاکەکەسی ئەویش لە بارودۆخێکدا کە کەشی ناوخۆی وڵات بە هۆی پێشهاتە سەربازی و ناوچەییەکان لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل ئاڵۆزە ، نیگەرانی لە ڕادەبەدەری بنەماڵە و رێکخراوە مافی مرۆڤیەکان لە سەر مەترسی جێبەجێ کرانی سزای لە سێدارەدانەکانی لێکەوتووەتەوە .
ئێمە وەک رێکخراوەکانی واژۆکاری بەیاننامەکە ، زیاد بوونی نیگەرانکەری جێبەجێ کرانی سزای لە سێدارەدانەکان لە ئێران لە مانگەکانی ڕابردوو بە توندی مەحکوم دەکەین و بە نسبەت هەڵسوکەوتی تۆڵەسەندنانەی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییانە ، هۆشداری دەدەین . ئێمە وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی خۆمان لە ئاست بەردەوامی و زۆر بوونی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە لە ئێران ، داوای ڕاگیرانی بەپەلەی ئەم سزادانە نامرۆڤانە و پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە دەکەین .

پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و داخوازی دادپەروەری
ئێران یەکێک لە بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا هەیە، زۆرجار دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، دانپێدانانەکانی بەدەست هێنراو لە ژێر ئەشکەنجەدان و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە نوێنەرایەتی یاسایی ئەنجام دەدرێت. قوربانیانی ئێعدامەکان لە ئێران تەنیا ئەو کەسانە نەبوون کە بە تاوانی گەورە تۆمەتبار کراون، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا، ناڕازیانی سیاسی، کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان و کەسانی کەم تەمەن لە کاتی تاوانەکەدا بوون.
ئێمە پێمان وایە سزای لەسێدارەدان بەتایبەت لە سیستەمێکدا کە شەفافیەت و سەربەخۆیی دادوەری و میکانیزمی چاودێری دیموکراسی تێدا نییە، نەک تەنها ئامرازێک نییە بۆ بەڕێوەبردنی دادپەروەری، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردن و تۆقاندن و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا . ئەم کردەوەیە کەرامەتی مرۆڤ پێشێل دەکات و پێچەوانەی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی ئێران لەوانەش پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە .
بانگەواز بۆ هەنگاوی بەپەلەی جیهانی
ئێمە داوای هەنگاوی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتەکان دەکەین بۆ فشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی دەستبەجێ لەسێدارەدانی ئەو سێ چالاکە ئەهوازییە ڕابگرن و هەموو حوکمەکانی لەسێدارەدان کە لە دژی چالاکانی سیاسی ، کۆمەڵایەتی و مەدەنی لە ئێران دەرکراون هەڵبوەشێننەوە .
هەروەها داوا لە خەڵک دەکەین کە لە زریاری تویتەری کە ڕۆژی شەممە ١٢ی ژوەنی ٢٠٢٥، کاژێر ٢٠ بە کاتی ئەوروپای ناوەندی واتە نۆ و نیو بە کاتی تاران بەڕێوەدەچێت بەشداری بکەن .

رێکخراوەکانی واژۆکاری بەیاننامەکە :
١-رێکخراوی مافی مرۆڤی کاروان
٢-رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران
٣-کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ژنێڤ
٤-حال وش
٥-رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٦-توهرا ، چالاکانی مافی مرۆڤی تورکەمەن سەحرا
٧-رەسانەک
٨-کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئازەربایجان ارک
٩-رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا
١٠-رێکخراوی مافی مرۆڤی “A.o.h.r”
١١-ناوەندی مافی مرۆڤیAhwazi Centre for Human Rights
١٢-رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز
١٣-ئەنجومەنی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی ئازەربایجانی لە ئێران “آداپ”
١٤-رێکخراوی مافی مرۆڤی شیوار
١٥-گروپی مافی مرۆڤی بەلوچستان

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین