بەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بۆ مەحکوم کردنی دەرکرانی مۆڵەتی تەقەکردن لە خەڵکی سڤیل لە لایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە فەرمانداری بانە لە ڕێگایەندراوێکدا کە لە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ەوە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە چوونە سەرەوە بۆ بەرزاییەکان و مانەوە بە شەو لە ناوچە کوێستانیەکانی ئەم شارەی قەدەغە کردووە و هۆشداری داوە کە هەر کەسێک پێشێلی ئەم بڕیارە بکات تەقەی لێ دەکرێت. لەم ڕاگەیندراوەدا داوا لە دانیشتووان کراوە لەم پەیوەندەدا هاوکاری هێزە نیزامی و ئەمنییەکان بن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قووڵی خۆی لە ناوەڕۆکی ئەم ئاگادارییە دەردەبڕێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەپاندنی ئەو جۆرە سنووردارکردنانە، بەبێ بنەمایەکی یاسایی ڕوون و متمانەپێکراو، لەگەڵ مافی ئازادی هاتووچۆدا ناکۆکە. لە مادەی دوازدەهەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هاتووە، هەر کەسێک بەشێوەیەکی یاسایی لەناو خاکی دەوڵەتێکدا مافی ئازادی هاتوچۆی هەیە و هەرچەشنە سنووردارکردنێک بۆ ئەم مافە دەبێت یاسایی، پێویست و ڕێژەیی بێت. 

هانا هەروەها هۆشداری دەدات کە لەوەی دەستەواژەی “بەرپرسایەتی هەرجۆرە تەقەکردنێک” لە ئەستۆی شارۆمەندانە، لە ڕوانگەی مافی مرۆییەوە ناتوانێت دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان یان ئەمنییەکان لە بەرپرسیارێتی یاسایی خۆیان بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی بێبەری بکات. مافی ژیان لە مادەی شەشەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان دانپێدانراوە و دەوڵەتان پابەندن بە پاراستنی ژیانی تاکەکان لە بەرامبەر هەڕەشە پێشبینیکراوەکاندا. هەروەها کۆمەڵەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە پاراستنی مافی ژیان پێویستی بە دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یاسایی و ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشە پێشبینیکراوەکان بۆ سەر ژیانی مرۆڤ هەیە.

لە لایەکی دیکەوە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کە چاوەدێری بەکارهێنانی هێز دەکەن ڕوونن. “پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی هێز و چەک” و هەروەها “رێسای ڕەفتاری بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسا” جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەکارهێنانی هێز تەنها لە حاڵەتەکانی پێویستییەکی توند و تەنها تا ئەو ڕادەیەی کە پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکە ڕێگەپێدراوە، هەروەها ئەفسەرەکان دەبێت لە هەموو کاتێکدا ڕێز لە کەرامەت و مافەکانی تاکەکان بگرن. بۆیە هیچ ئاگادارییەکی کارگێڕی ناتوانێت مۆڵەتی تەقەکردن بەبێ جیاوازی دروست بکات یان بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکانی مردنیان بۆ خودی هاوڵاتیان بگوازێتەوە.

هەر لە هەمان چوارچێوەدا، هانا بانگەوازی لە ڕاگەیەندراوەکەدا بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتییان لەگەڵ هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بە جێی نیگەرانی دەزانێت، چونکە ئەم جۆرە زمانە، لە چوارچێوەی بارودۆخی جەنگی زاڵ لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ببێتە هۆی چڕبونەوەی کەشی تۆقاندن و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و زیادبوونی فشار بۆ سەر دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین