سزای سێدارە، نمونەی ئاشکرای زەوت کردنی خۆسەرانەی مافی ژیانە؛ مافێک کە لە بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەکاندا لەوانەش مادەی ٣ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و مادەی ٦ی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسیەکان بە ڕوونی پشتگیری لێکراوە.
سێدارە نەک تەنها ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دادپەروەری نیە بەڵکوو نمونەی ئاشکرای توندوتیژی و قەتڵی حکومەتیە کە بە تەواوەتی بە پێچەوانەی کەرامەتی مرۆیی و بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤە.
بە گوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەکان، حکومەتە دواکەوتووەکان و ئیدیۆلۆژیکەکان سزای سێدارەیان وەک کەرەستەیەک بۆ سەکوتی ناڕازیەکان، کوشتنی سیاسیەکان و دروست کردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگا بەکارهێناوە. کۆماری ئیسلامی ئێران نمونەی دیاری ئەم توندوتیژیە پلان بۆ داڕێژراوە دەوڵەتیەیە کە لە سەرەتای هاتنە سەر کاریەوە بەردەوام سێدارەی وەک ئامرازێک لە دژی ناڕازیە سیاسیەکان، چالاکانی مەدەنی، کەمینە ئەتنیکی و ئایینی و تەنانەت شارۆمەندانی ئاسایی بە کار هێناوە.
لە کوردستان بە کارهێنانی سزای سێدارە لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، بە تایبەتی دەستی پێکرد. دەرکردنی فەرمانی ناسراو بە جیهاد لە کوردستان لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینی و جێبەجێ کردنی ژمارەیەکی زۆر سزای سێدارە لە لایەن سادق خەڵخاڵیەوە دەسپێکی پڕۆسەیەک بوو کە تا ئەمڕۆ بە شێوەی جیاجیا بەردەوام بووە. دادگا چەند خولەکیەکان، دەستڕانەگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، دانپێدانان لە ژێر ئەشکەنجە و جێبەجێ کرانی سزا بە شێوەی شاراوە لە تایبەتمەندیە بەرچاوەکانی ئەم پڕۆسە نایاسایی و دژە مرۆییە بووە.
بە گوێرەی ئاماری فەرمی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥، یەکێک لە بەرزترین نرخەکانی ئێعدام لە جیهانی هەیە؛ بە شێوەیەک کە تەنها لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵدا زیاتر لە ١١٠٠ کەس لە سەرانسەری وڵات لە سێدارە دراون.
ڕاپۆرتە پشتڕاست کراوەکانی رێکخراوی مافی مروڤی هاناش دەریدەخات کە لە دەسپێکی ئەمساڵەوە لانیکەم ١٢٨ کەس لە کوردستان لە سێدارە دراون ؛ لەوانەش سێ کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و دوو کەس بە تۆمەتی موحاڕبە.
زۆربەی لە سێدارەدانەکان دوای پڕۆسەیەکی دادگایی کردنی ناڕون، بەبێ لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندیەکانی دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە و بێبەش کرانی تۆمەتبار لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ ئەنجام دراوە.
ئەو زانیاریانەی لە بنەماڵەی بەندکراوان وەرگیراوە باس لەوە دەکات کە سزادراوان بە سێدارە، بە تایبەتی لە بەندیخانەکانی کوردستان، لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەک دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی، مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵە و پاراستیان لە بەرامبەر ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاو بێبەش کراون. ئەم دۆخە بە پێشێلکاری ئاشکرای پابەندبوون و بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی ئێران لە بواری رێککەوتنی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسیەکان و کۆنواسیۆنی قەدەغەی ئەشکەنجە دادەنرێت.
ڕۆژی جیهانی خەبات بۆ هەڵوەشانەوەی سزای سێدارە، وەبیرهێنەرەوەی بەرپرسیارەتێکی هاوبەشی کۆمەڵی جیهانییە بۆ پاراستنی مافی ژیان و بەرەوڕووبوونەوەی سیاسەتی مەرگ تەوەر و کوشت و بڕی حکومەتی ئیسلامی ئێران. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ پێداگری لە سەر پێویستیی هاوپشتی جیهانی لە بواری هەڵپێچانی ئێجگارەکی سزای سێدارە لە سیستەمی یاسا و پەرەپێدانی دادپەروەری لە سەر بنەمای کەڕامەت و شکۆی ئینسان.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی هەرجۆرە پەنابردنێک بۆ سزای سێدارە، ئەوە بە ئامرازێک بۆ درێژەدان بە چەسباندنی ترس و سەرکوتی سیاسی دەزانێت کە پێچەوانەی بنەما بنەڕەتیەکانی مافی مرۆڤ و بەهاکانی مرۆڤە. ئەم رێکخراوەیە جارێکیتر داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات بەپەلە جێبەجێ کردنی سزای سێدارە ڕاگرێت، هەنگاوی پێویست بۆ تەعلیقی فەرمی و دواتر هەڵوەشاندنەوەی بە تەواوەتی سزای سێدارە لە یاسا نەتەوەییەکان بنێت و ڕێز لە پابەندبوون و بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی خۆیی لە بەرامبەر مافی ژیان بگرێت.