نوێنەرایەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی خۆی لە زەخت و زۆری حکومەت بۆ سەرکوتی خەڵک لە ژێر ناوی“پڕۆژەی بڕیاری سەختتر کردنەوەی سزای سیخوڕی و هاوکاری ئیسڕائیل و وڵاتانی تر دژی بەرژەوەند و ئەمنییەتی نەتەوەیی”، کە لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی پەسند کرا، مەحکوم دەکا.
ئەم یاسایە لە بواری جوارجۆرەوە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دادخوازی و دادگایی دادپەروەرانە پێشێل دەکا. لەم پەسند کراوەدا، گەلێک لە چەمکە یاساییەکان وەک “هاوکاری“، “یارمەتی“، “پشێوی و ئاژاوە“، “پەسند کردن“ یان “ڕەوایی دان“ زۆر بە شێوەیەکی گشتی، ناروون و جێگای ڕاڤە و لێکدانەوەی جیاواز و ڕەها دارێژراون. هەر ئەم ناڕوونییە دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانن هەر جۆرە چالاکییەکی سیاسی، فەرهەنگی و کولتوری، ڕاگەیاندن، کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەڵک وەرگرتن لە ئامرازەکانی پێوەندی گرتن وەک ئینترنێتی مانگی دەسکرد، وەکو “ئەفسادی فی الارز” لێکدانەوەی بۆ بکەن و سزاگەلی قورس و درێژماوە یا تەنانەت سێدارەی بەدوادا بێ.
شایانی باسە ئەم پەسندکراوە، زۆربەی مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی تۆمەتلێدراوان لەبەرچاو ناگرێ؛ بۆ وێنە مافی دەستڕاگەیشتن و بەهرەمەند بوون لە وەکیل، مافی ناڕازی بوون بە بڕیاری دادگا و داوای پێداچوونەوە و مافی بەهرەمەند بوون لە دادگاییەکی دادپەروەرانە و بێ لایەن.
پێڕاگەیشتنی بەپەلە و بەدەر لە نۆرە لە لقی تایبەتی دادگای شۆڕش و داسەپاندنی سزای قورس و سەختتر لە هەلومەرجی ڕاگەیاندنی شوڕای باڵای ئەمنییەتی نەتەوەییش ئەم نیگەرانییە زیاتر دەکا کە بە بێ لەبەر چاوگرتنی هەر جۆرە ستانداردێکی مافی مرۆڤی پڕۆسەی لێپرسینەوە و دادگایی بەڕێوەبچێ.
لەم پڕۆژە پەسندکراوەدا زۆر بە هاسانی دەکرێ تەنانەت چالایکی ڕاگەیاندن یان ناردنی وێنە بۆ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی ئێران، بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان وەک تاوان چاوی لێ بکرێ و شارۆمەندان بخاتە مەترسییەوە و بەرەوڕووی بەندکران، بێبەش کران لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت سێدارە بکاتەوە.
نوێنەرایەتی هانا ڕایدەگەیەنێ ئەگەر ئەم پڕۆژە پەسندکراوەی مەجلیس لەلایەن شوڕای نیگابانەوە پەسند بکرێ و ببێتە یاسا، سەرەتاییترین مافی شارۆمەندان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرین پێشێل دەکرێ. بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی چەمک و تێگەیشتنی سزا بە شێوەیەکی نائاسایی ڕەها و بەربڵاو لەم پەسندکراوەدا هەیە، لەوانەیە هەر بە لێکدانەوەی بەرپرسانی ئەمنی هەر شارۆمەندێکی ڕەخنەگر، چالاکی مەدەنی، ڕۆژنامەنووس یا تەنانەت تاکی ئاسایی بکەوێتە بەر مەترسی سزای قورس و تەنانەت سێدارە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، داوا دەکا لە گشت ناوەندە نێونەتەوەییەکان، بەتایبەت ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێپۆرتەری تایبەتی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، لە بەرامبەر ئەم پڕۆژە پەسندکراوە مەترسیدارەدا کاردانەوە و هەڵوستی بەپەلە و کاریگەر بگرن.
نوێنەراتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
ژێنێڤ