بەپێی راپۆرتێک کە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی خرمانانی ١٤٠١، دەیان مەئمووری چەکدرای ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەندکراوی سیاسی و چالاکی مەدەنی شارام کازمیان تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی ورمێ و وێڕای شکاندنی دەرکای ماڵەکەیان دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان بردووە.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، لە کاتی چوونەژووری هێزە ئەمنییەکان، شارام کازمیان ٥٠ حەبی خواردووە و لە پێشدا ئەو ئامادەکارییەی کردووە.
لە رۆژانی رابردوودا ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە رێگای ناردنی پەیام بۆ موبایلەکەی چەند جار هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو.
بەپێی نامەی پزیشکی داد شارام کازمیان بە هۆی ئەوەی لە کاتی بەندکرانیدا ئەشکەنجە و ئازاری زۆر دراوە نابێ لە گرتووخانە یا بەندیخانە بەند بکرێ.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە شارام کازمیان رێکەوتی ١٢ی رێبەندانی ١٣٩٨ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێ دەستبەسەر و دوای مانگێک بەندکران و کۆتایی لێپرسینەوە رەوانەی بەندیخانەی ئەو شارەیان کردبوو. ناوبراو رۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ بە دانای بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرابوو.
شارام کازمیان لە مانگی رەشەمەی ١٣٩٩ لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حزبێکی کوردستانی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو و لە دادگای پێداچوونەوە ئەم سزایە وەک خۆی پەسند کرایەوە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە زانیاری زیاتر لە سەر دۆخی تەندروستی شارام کازمیان کە لە نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە لەبەردەستدا نییە.