هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لانیکەم ١١ کەس لە رۆژانی ٢٩ و ٣٠ی خرمانانی ١٤٠١ لە سنە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە رۆژی سێشەممە ٢٩ی خرمانان شارۆمەندێک بە ناوی کاوە کەریمی و چوار شارۆمەندی ژن بە ناوەکانی رۆژان قادری، ساریا شەریفی، ئازادە جەماعەتی خەڵکی سنە و رێزان ئەحمەدی خەڵکی دێولان و نیشتەجێی سنە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار رەوانە کراون. شایانی باسە رێزان ئەحمەدی لە شوێنی کارەکەی خۆی قۆڵبەست کراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، لە رۆژی سێشەممەدا چالاکێکی مەدەنی و لە وەرزشکارانی سنە بە ناوی شاریار ئێسکۆیی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار رەوانە کراوە. هەروەها رۆژی سێشەممە ئەمیر غوڵامی فیلمساز و لە چالاکانی مەدەنی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە ٣٠ خرمانانی ١٤٠١، چالاکێکی مەدەنی و کرێکاری تر بە ناوی مزەفەر ساڵح نیا خەڵکی سنە و هەروەها چالاکێکی تری مافەکانی ژنان بە ناوی ژینا مودەڕس گورجی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازرانەوە.
دوو چالاکی مەدەنی تر بە ناوەکانی محەممەد عەبدوڵڵاهیپوور و حەیات ئەڵماسی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەوە.
هێزە ئەمنییەکانی حکومەت هەموو ئەم شارۆمەندانەیان بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە لە ماڵی خۆیان یا لە شوێنی کار گرتوویانن. جێگای ئاماژەیە ژمارەی ئەو کەسانەی دەستبەسەر کراون زۆر لەوە زیاترە بەڵام تا ئێستا ناوی ئەم ١١ شارۆمەندە بۆ هانا ئاشکرا بووە.