هانا: رۆژی دووشەممە ٢٨ی خرمانانی ١٤٠١، دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی گەشێن محەممەدیان تەمەن ٣٠ ساڵ و فەرهاد سنەیی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵكی سنە لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
شایانی باسە هێزە ئەمنییەکان سەرەڕۆیان و بێ بەڵگەی یاسایی گەشێن محەممەدیان و فەرهاد سنەییان دەستبەسەر کردووە.
هەروەها لە راپۆرتێکی دیکەدا هاتووە، رۆژی یەکشەممە ٢٧ی خرمانانی ١٤٠١، شارۆمەندێکی تر لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی بە کوشتنی ژینا ئەمینی بە ناوی محەممەد عەبدوڵڵاهیپوور تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی سنە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوزراوەتەوە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هۆکار و شوێنی بەندکرانی ئەم شارۆمەندانە ئاشکرا نییە.
شایانی باسە کۆبوونەوەی هێمنانەی ناڕەزایەتی خەڵک بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە بە شێوەی توندوتیژانە وەڵامی دراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی خۆپیشاندەر و ناڕازی لە شارە جواروجۆرەکانی کوژراو، بریندار و دەستبەسەر کراون.