هانا: لە رۆژانی رابردوودا فەردین رەحیمی چالاکی مەدەنی و لە ئەندامانی کەمپەینی “ژیانەوەی کوردستان” دوای ئەوەی داوا کرابووە لقی بەرێوەبەرایەتی سزاکانی دادگای ئینقلاب لە سنە، دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی رەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، فەردین رەحیمی، عەلی ئەڵڵاوەیسی، مەهدی سەیفی، سیروان عەبدوڵڵاهی و دایکی واتە مەرزییە مرادوەیسی وێڕای سێ کەسی تر بە ناوەکانی قانع خاتری، عەتا رەزاروبابی و موحسین پەناهی لە ئەندامانی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"ـن.
ئەم شارۆمەندانە لە رێکەوتی ٤ی گوڵانی ١٤٠٠ – ٢٤ی ئاپریلی ٢٠٢١ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە سنە سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کران و پاش چەندین رۆژ بێ هەواڵی لە چارەنووسیان و بێ بەش بوون لە مافە سەرەتاییەکانیان ئازاد کران.
دواتر لە رێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠١ – ٢٩ی مەی ٢٠٢٢ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی بێ ئەوەی خۆیان لە دادگا ئامادە بن تۆمەتی "بانگەشە دژی حکومەتی ئیسلامی" و "هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستان" و هەروەها "پێکهێنانی گورووپی نایاسایی" درایە پاڵیان. بەپێی بڕیاری دادگا ئەو حەوت کەسە واتە قانع خاتری، مەرزییە مرادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، مەهدی سەیفی، فەردین رەحیمی و عەلی ئەڵڵاوەیسی هەر کامەیان سزای دوو ساڵ بەندکراونیان بە سەردا سەپا و عەتا رەزاروبابی سزای دوو ساڵی بەندکرانی بە شێوەی هەڵپەسێراو بۆ بڕایەوە.
رۆژی یەکشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ – ٣ی ژولی ٢٠٢٢، قانع خاتری دوای ئەوەی ملی بە بڕیاری دادگا دا ٦ مانگ لە سزاکەی داشکا و دوای داواکرانی بۆ لقی یەکی جێبەجێ کردنی یاسای دادگای ئینقلابی سنە، دەستبەسەر و رەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کراوە.
پێنج ئەندامی دیکەی ئەم کەمپەینە بە ناوەکانی سیروان عەبدوڵڵاهی، مەرزییە مرادوەیسی، فەردین رەحیمی، عەلی ئەڵڵاوەیسی و مەهدی سەیفی دوای دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بڕیاری دادگا سزای هەر کامەیان بۆ جێبەجێکرانی پێنج مانگ بەندکران و ٤ ساڵیش بە شێوەی هەڵپەسێردراو داشکا.