هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە درێژەی دەستبەسەرکرانی شارۆمەندانی لە ئابدانان ناوی دوو کەسی تر لە بەندکراوان بە ناوەکانی بابەک دانیالی و مەجید حاجیان خەڵکی ئابدانان لە پارێزگای ئیلام ئاشکرابووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەم دوو شارۆمەندە لەلایەن هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رەوانە کراون.
شایانی باسە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی حکومەتی ئیسلامی ئێران و هەوڵی حکومەت بۆ ئاشکرا نەبوونی ئەم قەتڵە و پەردەپۆش کردنی، لە سەقز و شارەکانی کوردستان ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتی دەستی پێ کرد و پاشان ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە سەراسەری ئێرانی گرتەوە و ئێستا بۆ ماوەی مانگێک زیاترە درێژەی هەیە.
لەم ماوەیەدا هەزاران کەس دەستبەسەر کراون و سەدان کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومتی ئیسلامی گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش بریندارن بوون.