هانا: بە پێی راپۆرتی هاوکارانی هانا لە کرماشانەوە، لاوێکی خەڵکی ئەم شارە بە هۆی گوشاری کۆمەڵایەتی دەستی داوەتە خۆکوژی و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە.
ناسنامەی ئەم لاوە "هوشەنگ فەرەجی" راگەیەندراوە. ناوبراو بە هۆی زەخت و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان کە یەخەی زۆربەی کۆمەڵگایان گرتووە، لە ناو ماشێنەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
شایانی باسە ساڵێ ژمارەیەکی زۆر لە شارۆمەندانی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران دەست دەدەنە خۆکوژی و لە ئاکامدا گیانیان لە دەست دەدەن. کێشەی ئابووری و هەژاری، نەخۆشی دەروونی، گوشاری فەرهەنگی، گیروگرفتی سیاسی و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارە باوەکانی خۆکوژین لە کۆمەڵگای ئێران. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی رەچاوکردنی هەڵاواردن و دانانی جیاوازی بە ئەنقەستی حکومەتی ئێران لە باری ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە دژی خەڵکی کورد، رادەی خۆکوژی لە کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران زیاترە.