ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – ( ٢ی ئاگۆستی ٢٠٢١) رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کرایەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٣ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لە سێدارە دراون.
ناسنامەی ئەم سێ شارۆمەندە "سپێهر بیگزادە"، "ئەسکەندەر زارع" و "هەمزە رەزایی" راگەیەندراوە. ئەم شارۆمەندانە رۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ بۆ بەڕێوەچوونی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوێزرابوونەوە.
بە گوێرەی بڕیاری دادگا، ئەم سێ شارۆمەندە بە تۆمەتی مادە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.
بەپێی راپۆرتە نێونەتەوەییەکان وڵاتی ئێران دوای چین لە پلەی یەکەمدایە بۆ لەسێدارەدانی شارۆمەندانی وڵاتەکەی. هەڵبەت ئەم پلەبەندییە ئەگەر بە پێی رێژەی دانیشتووانی ئێران بەراورد بکرێ، وڵاتی ئێران لە سەر ئاستی جیهاندا بۆ ئێعدامی شارۆمەندانی لە پلەی یەکەمدایە.
وێنەکان لە هەواڵنێری کوردپا وەرگیراون.