سنە: کوشتنی کچێک لەلایەن باوکییەوە 

هانا: بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، شەوی شەممە ١٠ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، کچێک کە لەلایەن باوکییەوە ئاگر لە جەستەی بەردرابوو، بە هۆی سووتان و برینی زۆرەوە بەداخەوە گیانی لەدەستداوە. 

ناسنامەی ئەم کچە "فائیزە مەلەکی نیا" خەڵکی ئاوایی "کوڕکوڕە" لە ناچەی سنە راگەیەندراوە. ناوبراو پاش ٧ رۆژ ئێش و ئازاری برینی جەستەی و بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، سەرئەنجام بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە گیانی لەدەستداوە. 

بە وتەی سەرچاوەگەلی ئاگادار، ٧٥ لە سەدی لەشی فائیزە سووتابوو و هۆکاری ئەم کارەی باوکی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناوبراو کوڕێکی خۆشویستووە. 

ئەگەرچی لە دەیەکانی رابردوو و بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا قەتڵ و کوشتنی دڵتەزێن لە ژێر ناوی شەرەف و نامووس لە ئێران و کوردستان روویداوە، بەڵام تا ئێستا ئامارێک لە قەتڵی بە ناو نامووس لەلایەن هیچکام لە ناوەندە دەوڵەتی و حکومییەکانەوە رانەگەیەندراوە. بەڵام کۆمەڵناسان لە سەر ئەم باوەڕەن نزیکەی ٤٠ لە سەدی ئەم قەتڵانە لە ئیران، قەتڵی شەرەف و نامووسن و بە هۆی لەبەرچاوگرتنی ژینگەی فەرهەنگی، بنەماڵە و سەرنج و تێبینی دیکە لە ژێر ناوی قەتڵی نامووس راناگەیەندرێ و تەنانەت لە دادگا و ناوەندەکانی داد و قەزایش باسی ناکرێ. هەڵبەت لە دامودەزگای قەزایی ئێراندا، کوشتنی فەرزەند و رۆڵە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەوە و بەتایبەت باوک، بە قەتڵی عەمد و ئەنقەست نایاتە هەژمار و هەر ئەمەش کێشەیەکی یاساییە. هەروەها شەرع و یاساکانی ئێرانیش پشتیوانی لە قەتڵی نامووسی دەکەن و لە کۆمەڵیشدا پەرەی پێدەدەن. بەکەمدانانی ژنان، هەڵاواردن، جیاکردنەوەی رەگەزی، بە شوودانی کچانی منداڵ و مێرمنداڵ و ئەو گشتە بەربەست و لەمپەرەی دژی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا بوونی هەیە لەلایەن حکومەتەوە باری یاسایی پێ دراوە و حکومەت سەرمایە و هێزی زۆری بۆ بەڕێوەبردنیان تەرخان کردووە. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا رادەگەیەنێ، ژن نامووس و شەرەفی کەس نییە و دەستبردن بۆ کاری توندوتیژی دژی ژنان لە ژێر هەر ناوێکدا مەحکوومە. داوا لە خەڵکی سنە دەکەین بە هەر جۆرێک بۆیان دەکرێ مەحکوومی بکەن و بەر بە دووپات بوونەوەی ئەم کردەوە دژی ئینسانییە بگرن. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular