بۆکان: میلیتاریزە کردنی کێوی تەرەغە 

هانا: رۆژی هەینی ٢٩ی رەشەمەی ١٣٩٩ بەرامبەر بە ١٩ی مارسی ٢٠٢١، هێزەکانی سپای پاسدارانی ئیران بە مەبەستی بەرگری لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نەورۆز، رێگاکانی دەوروبەری کێوی تەرەغە لە نزیکی بۆکانیان گرت و ئەو دەوروبەرەیان میلیتاریزە کردووە. 

پێش گرتن بە رێوڕەسمی نەورۆز لە کێوی تەرەغە لە کاتێکدایە کە هەموو ساڵێ خەڵکی بۆکان و ناوچەکە بە مەبەستی پێشوازی لە نەورۆز دوایین هەینی مانگی رەشەمەی هەموو ساڵێک لە کێوی تەرەغە کۆدەبنەوە مەراسمێکی شکۆدار بەڕێوەدەبەن. 
شایانی باسە خەڵکی ئەم شارە سەرەڕای میلیتاریزە کردنی تەرەغە، رێوڕەسمی خۆیان لە بەرزاییەکانی کێوی بەردەزرد لە نزیک بۆکان بەڕێوەبرد. 
بۆنە کولتورییەکان، پێشوازی لە سەری ساڵ، هەڵپەڕکی و دەربڕینی شادی لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگادا، بەڵام لە ئێران لە لایەن حکومەتەوە پێشێل دەکرێ و بەری پێ دەگیرێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular