ڕاپۆرتی هانا لەسەر پێشێلکاری مافە بنەڕەتییەکانی بنەماڵەی کورکور

بنەماڵەی کورکور نموونەی بنەماڵەیەکن کە مافە بنەڕەتییەکانیان پێشێل کراوە و گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی ئەندامانی بنەماڵەکە هەبووە.

چارەنوسی سێ ئەندامی ئەم بنەماڵەیە، موجاهد، نگار و ڕەعنا، نمونەیەکی ئاشکرای ئازاری سیستماتیک و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامیە لە دژی بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی.

موجاهد کورکور ( عەباس کورکوری) شارۆمەندی خەڵکی ئیزە، لە سەرماوەزی ۱٤۰۱ لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دەستبەسەر و لە بەندیخانەی شیبانی ئەهواز بەندکرا.
دەسەڵاتی دادوەری بە تۆمەتی موحاربە و ئەندام بوونی لە گروپی باغی تاوانباری کرد و دادگای ئینقلابی ئەهواز لە خاکەلێوەی ۱٤۰۲ سزای سێدارەی بۆ دەرکرد. ئەم حوکمە یەک جار لە دادگای باڵا هەڵوەشایەوە بەڵام جارێکی دیکە لە دادگای هاوتا پەسەند کرا.

دەسەڵاتدارانی دادوەری بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە ئیدیعایان کرد کە ئەو ئەنجامدەری تەقەکردنەکەی ۲٥ی خەزەڵوەری ۱٤۰۱ لە ئیزە بووە، ڕووداوێک کە بووە هۆی کوژرانی حەوت کەس کە لە نێویاندا کیان پیرفەلەکی تەمەن ۹ساڵ.

بەڵام بنەماڵەی پیرفەلەک چەندین جار لە چاوپێکەوتن و لێدوانە گشتییەکاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تەقەکردنەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراوە. تەنانەت مەیسەم پیرفەلەک، باوکی کیان کە لە هەمان ڕووداودا بریندار بووە، تۆمەتەکانی سەر موجاهدکورکوری بەبێ بنەما ناوبردووە.

ڕاپۆرتەکان باس لە ئەشکەنجەی توندی موجاهد بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ دەکەن. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کۆمەڵێک ڕاپۆرتدا پڕۆسەی دادگایی کردنەکەیان بە ناڕون و نادادپەروەرانە و پێچەوانەی بنەماکانی دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە ڕاگەیاندووە.
لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایکبوونی کیان پیرفەلەک و تەنها سێ مانگ دوای گیانلەدەستدانی خوشکە دادخوازەکەی نگار کورکور، سزای سێدارە جێبەجێ کرا، لە سێدارەدانێک کە ناڕەزایەتی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

خوشکی ئەو نگار کورکور کە بۆ پاراستنی گیانی براکەی و دادخوازی ڕووی لە چالاکی مەدەنی و میدیایی کردبوو لە دەرەوەی وڵات ژیانی دەکرد. نگار لە غەریبی و لە بارودۆخێکی پڕ لە گوشاری ڕۆحی بە هۆکاری هەڕەشەی بەردەوام و توشبوونی بە نەخۆشی ئازاربەخشی شێرپەنجە، لە کۆتایدا خاکەلێوەی ١٤٠٤، بە هۆکاری نەخۆشی گیانی لە دەستدا. مەرگی ئەو وەک دادخوازێک تێچوویی قورسی چالاکانی مەدەنی و بنەماڵەکانی دادخواز لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتمان بیردەهێنێتەوە.

خوشکێکی دیکەی ئەو بنەماڵەیە کە ناوی رەعنا کورکورە کە بووەتە ئامانجی چەندین جار لێپێچینەوە. لە مانگی پوشپەڕی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.  ڕاپۆرتە بڵاو کراوەکانی ناو زیندانەکە و هەروەها گێڕانەوەی زیندانیانی سیاسی پێشوو، لەنێویاندا مریەم یەحیەوی، ڕەنگدانەوەی بارودۆخی سەختی دەستبەسەرکردنی ڕەعنا و ئەو فشارە دەرونییانەیت کە خراوەتە سەری.

گێڕانەوەکان ئاماژە بە نیگەرانییە چڕەکانی ڕەعنا دەکەن سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی براکەی و بارودۆخی ناجێگیری دایکی و چارەنوسی منداڵەکانی دەکەن. ئەو دوای نزیکەی مانگێک لە دەستبەسەرکردنی بە دانانی بارمتە ئازادکرا، بەڵام جارێکی دیکە ڕووبەڕووی تۆمەتی نوێ بووەوە.

ماوەیەک پێش ئێستا ڕەعنا کۆرکور لە پەیجی تایبەتی خۆی ڕایگەیاند کە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و دەبێت خۆی ڕادەست بکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزایە. لە دەقە بڵاوکراوەکەدا جەختی لەسەر بێتاوانی خۆی کردووەتەوە و ئازارەکانی لەدەستدانی خوشک و براکەی بەبیرهێناوەتەوە، هاوکات ڕوونیکردووەتەوە کە تاکە “تاوانەکەی” وەستاون لە پاڵ ڕاستییەکان بووە.

دۆخی نالەباری بنەماڵەی کورکور جارێکی دیکە ئازاری سیستماتیکی بنەماڵەکانی دادخواز لە ئێران پشتڕاست دەکاتەوە. لە گرتن و لە سێدارەدانی موجاهدەوە، تا مەرگی نگار لە غوربەت و دواجاریش زیندانیکردنی رەعنا، ئەم نەخشەیە نموونەیەکی ڕوونی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە: مافی ژیان، ئازادی ڕادەربڕین، مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، و ڕزگاربوون لە ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی ئازاردان و هەراسانکردنی بنەماڵەی کورکور، داوای کۆتایهێنان بەم سووڕە بێکۆتایەی هەراسانکردن و گوشار لە دژی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و دادخواز دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین