پەری سامانی و رۆیا سامانی، دوو خوشکی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگ کران بۆ لقی یەکەمی لێکۆڵەری دادگای شۆڕشی مەهاباد، تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی نیزامیان خراوەتە پاڵ، تۆمەتێک کە بە پێی زانیارییە بەردەستەکان، لە سەر بنەمای بەشدارییان لە گروپێکی تێلێگرامییە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە هانا گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، پەری و رۆیا سامانی دوای ئامادەبوون لە لقی یەکەمی لێکۆڵەری دادگای شۆڕشی مەهاباد، تۆمەتی پڕۆپاگەندە دژی نیزامیان بۆ ڕوونکراوەتەوە.
بنەمای ئەم تۆمەتە ئیدیعای ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد دەربارەی بەشداری ئەم دوو خوشکە لە گروپێکی تێلێگرامی لە ساڵی ڕابردوو ڕاگەیندراوە. بەڵام بە پێی زانیارییە بەردەستەکان، لە جەریانی ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکە، بەڵگەنامەیەک کە ڕەفتاری تاوانبارانەی دیاریکراو بێت لە سەر ئەوان، پێشکەش نەکراوە.
دۆسیەی ئەم دوو هاووڵاتییە لە دوای چالاکییەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥ دروست بووە، لەو ڕۆژەدا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی پەری و رۆیا سامانی و ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر ژمارەیەک ئامێری ئەلیکترۆنی ئەواندا گرتووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، مۆبایل و لاپتۆپی رۆیا سامانی و مۆبایلی پەری سامانی بەبێ پێشکەشکردنی حوکمی دادگا دەستی بە سەردا گیراوە. ئەم دوو خوشکە دوای ئەمە بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە مەهاباد بانگ کران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرا.
لە ڕوانگەی یاساییەوە، شێوازی پشکنینی شوێنی نیشتەجێبوون و دەستبەسەرداگرتنی ئامێرە کەسی و ئەلیکترۆنیەکان لە دۆسیەیەکی لەو جۆرەدا گرنگییەکی سەربەخۆی هەیە، چونکە شەرعیەتی بەدەستهێنان و بەکارهێنانی ئەو زانیاریانەی کە لە مۆبایل و کۆمپیوتەردا هەن، پێویستی بە پابەندبوون بە ڕێکارە یاساییەکانی پەیوەست بە گەڕان و دەستبەسەرداگرتن و کۆکردنەوەی بەڵگە هەیە. هەروەها، تەنها ئەندامێتی لە گروپێکی تێلێگرامدا، بەبێ پشتڕاست بوونەوەی ڕەفتارێکی تایبەتی تۆمەتبار و پێشکەشکردنی بەڵگەی هەڵسەنگاندن، خۆی لە خۆیدا دۆخی وەپاڵدرانی تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” ڕوون ناکاتەوە.
