بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، ناهید کەسنەزانی، ٤٨ ساڵە، کچی محەممەد و خەڵکی ئاوایی کەسنەزان سەر بە سەقز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە ، شایانی باسە هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەرکردنی ناهید کەسنەزانی لانی کەم بە شەش ئۆتۆمبێل هێرشیان کردووتەوە سەر ئاوایی کەسنەزان و قەدەغەی هاتوو چۆیان لە ئاوایی دا کردووە بە جۆرێک خەڵک تا ماوەیەک نەیتوانیوە لەماڵ بێنە دەرێ .
هەروەها هێزە ئەمییەکان لە دوای دەستبەسەرکردن، بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەی داوای ڕادەستکردنی مۆبایل و کەل وپەلە تایبەتیەکانی ناهید کەسنەزانی یان کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە بەڵگە و بڕیاری دادوەری بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەم شتانەیان نەبووە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، شوێنی راگرتن ، هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەری ناهید کەسنەزانی دیار نییە و هەروەها هیچ زانیارییەک دەربارەی دەستگەیشتنی ئەو بە پارێزەر و مافی پەیوەندی یان دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی نییە.
