محەمەد ئەمین ئەسکەندەری سزای دوو ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، محەمەد ئەمین ئەسکەندەری، شارۆمەندی تەمەن ٢٤ ساڵی کورد، خەڵکی ئاشخانە لە خوراسانی باکوور، لە لایەن لقی دوویی دادگای شۆڕشی بۆجنورد بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” و “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی” سزای دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپێندراوە.

ئەو لە کۆتایییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. بە گوتەی سەرچاویەکی ئاگادار، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و هەروەها لە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەییدا بووە.

سزای دەرکراو لە سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥، بە ئەو ڕاگەینراوە. محەمەد ئەمین ئەسکەندەری لە سەرجەم قۆناغەکانی دادگایی کرانیدا لە مافی هەڵبژاردنی پارێزەر بێبەش کراوە و تەنانەت پارێزەری دیاریکراو لە لایەن حکومەتیشی بۆ دابین نەکراوە. هەروەها پێی ڕاگەینراوە کە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بڕیارەکە، ئەگەری هەیە سزاکەی سەری زیاتر بکات.

دەستبەسەر کردن بە شێوەی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجە، بێبەشی لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و فشار بۆ وازهێنان لە ناڕەزایەتی دەربڕین، پێشێلکاری ئاشکرای قەدەغەی ئەشکەنجە، مافی دادرەسی دادپەروەرانە و مافی بەهرەمەندبوون لە چارەسەری کاریگەری دادوەرییە.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها