هەڕەشەی داواکاریی گشتی تاران لە ڕەخنەگرانی سزای سێدارەی ناڕازییان،بە بەدواداچوونی یاسایی

داواکاریی گشتی تاران ڕایگەیاندووە کە بۆ ژمارەیەک لەو کەسانەی دژ بە لە سێدارەدانی گیراوانی ناڕەزایەتیەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ ،نارەزایەتیان نیشان داوە یان لەو کەسانە پاڵپشتیان کردووە، دۆسییەی یاسایی کردووتەوە. لە ڕاگەیەندراوی دەزگای دادوەریدا، ئەم کەسانە بە «پاڵپشتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کودەتاچیەکان» ناوبراون، بەبێ ئەوەی ناسنامەی کەسەکان ، کرداری دیاریکراوی تۆمەتبارکراو، بنەمای یاسایی یان بەڵگەکانی تۆمەتبارکردنیان ڕابگەیەنرێت. ئەم هەڕەشە یاساییە لە دوای سەرکوتی خوێناوی ناڕەزایەتییەکان و جێبەجێکردنی سزاکانی سەندنەوەی ژیان، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بەرفراوانکردنی بازنەی سەرکوت لە ناڕازیکارانەوە بۆ ڕەخنەگران لە سێدارە.

لە ڕوانگەی ئەو بنەمایانەی کە لەسەر یاسای سزادانی تاوان دامەزراون، دەستەواژە ناڕوون و گشتییەکانی وەک «پشتیوانی ناڕاستەوخۆ» و «پشتیوانی لە کودەتاچیەکان» ناساندنی تاوانێکی سەربەخۆ و دیاریکراو نین. بەپێی ماددەی ٢ی یاسای سزادانی ئیسلامی و بنەمای سەرەتایی بەیاساییبوونی تاوان و سزا، بەدواداچوونی یاسایی هەر کەسێک پێویستی بە تۆمەتبارکردنی بە کردارێکی دیاریکراو، گونجاندنی ئەو کردارە لەگەڵ دەقی یاسایی و سەلماندنی بنەما مادی و مەعنەویەکانی تاوان لە پرۆسەیەکی دادگایی دادپەروەرانە هەیە. «ڕەخنەگرتن لە سزای سێدارە»، ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر پرۆسەیەکی نادادپەروەرانەی دادگایی، یان هاودەردی و پاڵپشتی لەگەڵ ناڕازییانی زیندانی، بەبێ ئەنجامدانی تاوانێکی سەربەخۆ، ناتوانێت ببێتە بنەمای یاسایی بۆ بەدواداچوونی تاوان.

بەکارهێنانی ناونیشانی «کودەتا»ش پشتگیرییەکی یاسایی و ڕاستیی نییە. کودەتا ئاماژەیە بە هەنگاوی ڕێکخراوەی بەشێک لە هێزە چەکدارەکان یان کەسانێک کە لە ناو پێکهاتەی دەسەڵاتدان، بۆ دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی حکومەت. دەزگای دادوەری تاکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بڵاونەکردووەتەوە کە بەشداری یەکەکانی سەربازی، فەرماندەکان یان بەرپرسانی حکومەت لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ پشتڕاست بکاتەوە. لە نەبوونی ئەم بەڵگانەدا، ئەم ناونیشانە تەنها برچسبێکی ئەمنیەتییە بۆ گۆڕینی سروشتی ناڕەزایەتییەکان، دروستکردنی دوژمن لە نەیاران و پاساوکردنی سزا قورسەکان.

ئەم هەنگاو و هەڕەشەیە جارێکی دیکە دەریدەخات کە بەرپرسانی دادوەریی کۆماری ئیسلامی نەک وەک دەزگایەکی سەربەخۆ، بەڵکو لە درێژەی دەزگای ئەمنیەتی کار دەکەن. بەدواداچوونه کەسەکان بە پشتبەستن بە چەمکە سیاسییەکان و بێبەش لە پێناسەی یاسایی، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم بەرپرسانە نەک تەنیا بنەماکانی دادگایی دادپەروەرانە و پابەندییەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن، بەڵکو پابەندی بە یاساکانی کۆماری ئیسلامیش نییە. لەم پێکهاتەیەدا، یاسا لە بری ئەوەی پێوەرێک بێت بۆ سنووردارکردنی دەسەڵات و پاراستنی مافی هاووڵاتیان لە بەرامبەر دەسەڵات، گۆڕاوە بە ئامرازێکی هەڵبژێردراو بۆ سەرکوتکردنی ڕەخنەگران و ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامیدا بە «پاراستنی ڕێژیم» ناودەبرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین