سزادرانی فەرهاد باغچەقی، شارۆمەندی کورد، بە بەندکران و قامچی

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، فەرهاد باغچەقی شارۆمەندی کوردی خەڵکی بۆجنورد، لە لایەن لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەری ئەم شارەوە سزای سێ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و ٧٤ قامچی بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو سزایە لە کۆتاییەکانی مانگی پوشپەڕی ١٤٠٥ و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگای بەشداریکردن لە گردبوونەوەکان و سەرپێچی لە بڕیار و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیادا، دەرچووە و بەبێ ئامادەبوونی خۆیی پێی ڕاگەیندراوە.

فەرهاد باغچەقی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەو دوای نزیکەی دوو مانگ لە گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی لە بۆجورد کە ماوەیەکیش لە ژووری تاکەکەسی بووە، بە دانانی بارمتەی پێنج ملیارد تمەنی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادرەسی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەری، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و لە ماوەی پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەشی پارێزەری نەبووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین