بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، «تارا فەرهەنگیان»، خوێندکاری تەمەن ٢١ ساڵی بەشی پەروەردەی وەرزشی و خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ئەم شارەوە بە ساڵێک بەندکرانی تەعزیری، ٣١ قامچی و دوو ساڵ دوورخستنەوە سزا دراوە.
ئەم حوکمە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «هادی خانی» و بە پشتبەستن بە تۆمەتی «تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی» دەرچووە. هاوکات، دۆسیەیەکی دیکە دژی تارا فەرهەنگیان بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و تەگبیر بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی» لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی قوروە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «حوسێن بەیگدلو» لەژێر پێڕاگەییشتندایە. بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، تا ئێستا هیچ حوکمێک لەم دۆسیەیەدا بە شێوەیەکی فەرمی بە ناوبراو ڕانەگەیەندراوە.
تارا فەرهەنگیان کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا خوێندکاری زانکۆی هەمەدان بووە و لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە قوروە دەستبەسەر کرابوو و دوای نزیکەی سێ هەفتە، لە ٨ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا ئازاد کربوو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە دەرچوونی ئەم حوکمە، بەتایبەت سزای قامچی دەردەبڕێت. لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا، قامچی وەک سزایەکی جەستەیی، نموونەی ئەشکەنجە و ڕەفتار یان سزای دڕندانە، نامرۆڤانە و سووکایەتیپێکراوانەیە. قەدەغەکردنی ئەشکەنجە لەسەر بنەمای ماددەی ٧ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ڕەهایە و بەبێ جیاکارییە و هیچ یاسایەکی ناوخۆیی، تۆمەتێکی سزایی یان حوکمێکی دادوەری ناتوانێت جێبەجێکردنی وەها سزایەک ڕەوا بکات.
سزای دوورخستنەوەش بە دوورخستنەوەی سزادراو لە بنەماڵە، زانکۆ و ژینگەی ژیانی، گوشارێکی دوو قات دەخاتە سەر ناوبراو و کەسە نزیکەکانی.
هانا داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمە دەرچووەکەی دژی تارا فەرەنگیان، ڕاگرتنی یەکجارەکیی جێبەجێکردنی سزای قامچی و ڕەچاوکردنی تەواوی گەرەنتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە لە هەر دوو دۆسیەکەیدا دەکات.
