ڕاپۆرتی دەفتەری یاسایی هانا سەبارەت بە ڕەوایی ئیدیعای کۆماری ئیسلامی ئێران دەربارەی دەرکردنی هۆشداری سووری ئینتەرپۆل لە دژی ڕێبەرانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا، میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانەش ئاژانسی هەواڵی “میزان” و ئاژانسی هەواڵی “فارس”، بڵاویان کردووەتەوە کە هۆشداریی سووری ئینتەرپۆل (Red Notice) و حوکمی جەلب یان دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکراوە و داواکاری ڕادەستکردنەوە دژی ژمارەیەک لە ڕێبەران و ئەندامانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران نێردراوە. بەپێی لێدوانە فەرمییە بڵاوکراوەکان، ئەم ڕێکارانە دوای تۆمارکردنی دۆسیەی تاوانکاری دژی ئەم کەسانە و لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوە بۆ حکومەتی عێراق و هەندێک وڵاتی ئەوروپی شوێنگیری کراون.
بە سەرنجدان بە دەنگدانەوەی بەربڵاوی ئەم بانگەشەیانە، پێویستە کاریگەری و ئیعتباری یاساییی ئەوان لەسەر بنەمای بەڵگەنامە و یاساکانی ئینتەرپۆل، ڕێساکانی مافی نێودەوڵەتیی ڕادەستکردنەوە و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لێک بدرێتەوە. جیاوازیی چەمکە یاسایییەکان سەرەتا دەبێت جیاوازی لە نێوان “داواکاری دەرکردنی هۆشداریی سوور”، “بڵاوکردنەوەی هۆشداریی سوور”، “دەستبەسەرکردنی کاتی” و “ڕادەستکردنەوە” بکرێت. ئەم قۆناغانە لە ڕوانگەی یاسایییەوە لە یەکتر جیان و جێبەجێبوونی هەرکامێکیان پێویستی بە تێپەڕاندنی ڕێوشوێنی تایبەت و سەلماندنی مەرجەکانی خۆی هەیە. بۆیە تەنها ڕاگەیاندنی بەرپرسێکی دادوەری لەسەر ناردنی داواکاری بۆ ئینتەرپۆل یان بانگەشەی دەرکردنی هۆشداریی سوور، خۆی لە خۆیدا هیچ کاریگەرییەکی یاسایی لە سیستمی هاوکاریی تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا دروست ناکات پێگەی یاساییی هۆشداریی سوور بەپێی یاساکانی ئینتەرپۆل، هۆشداریی سوور (Red Notice) فەرمانێکی دەستگیرکردنی ڕاستەوخۆ نییە. ئەم ڕێکارە لە بنەڕەتدا داواکارییەکی نێودەوڵەتییە بۆ گەڕان و دەستگیرکردنی کاتیی کەسێک بەمەبەستی ڕادەستکردنەوە؛ بەڵکو ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو کەسەی کە لەلایەن وڵاتێکی ئەندامەوە داواکراوە. جێبەجێکردنی ئەمەش بۆ دەوڵەتانی ئەندام مەرج نییە و بڕیاردان لەسەر دەستبەسەرکردن یان ڕادەستکردنەوە، هەمیشە لە دەسەڵاتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتی داواکراودایە و پەیڕەوی یاسا ناوخۆیییەکان و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی ئەو وڵاتەیە.
ڕەوایی هەر داواکارییەک لە چوارچێوەی ئینتەرپۆلدا بەندە بە هاوئاهەنگیی تەواوی لەگەڵ ئەساسنامەی ئەم ڕێکخراوەدا. بەپێی ماددەی ٣ی ئەساسنامەکە، ئینتەرپۆل لە هەر جۆرە دەستێوەردان یان چالاکییەک لەو دۆسیانەی کە سروشتی سیاسی، سەربازی، ئایینی یان ڕەگەزییان هەیە قەدەغە کراوە. سەرەڕای ئەمەش، “کۆمیسیۆنی کۆنترۆڵکردنی دۆسیەکانی ئینتەرپۆل” (CCF) دەسەڵاتی هەیە یاساییبوونی داواکارییەکان و گونجانیان لەگەڵ ئەساسنامە و ڕێساکانی پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان لێک بداتەوە و لە ئەگەری پێچەوانەبوونیدا، ڕێگری لە بڵاوکردنەوە یان بەردەوامییان بکات. کەواتە تەنها ناردنی داواکاری لە لایەن دەوڵەتێکەوە، نە بە واتای قبووڵکردنیەتی لە لایەن ئینتەرپۆلەوە و نە بەڵگەیە لەسەر گونجانی لەگەڵ یاساکانی ئەم ڕێکخراوەیەدا.
ڕێڕەوی کارکردنی ئینتەرپۆل شایەتی هەر ئەم تێگەیشتنەیە. ئەم ڕێکخراوە لە چەندین حاڵەتدا لە قبووڵکردنی ئەو داواکارییانەی کە سروشتی سیاسییان هەبووە، خۆی بەدوور گرتووە. بۆ نموونە، داواکاریی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرکردنی هۆشداریی سوور دژی هەندێک لە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ دۆسیەی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئینتەرپۆلەوە ڕەت کرایەوە. ئەم ڕێڕەوە نیشانی دەدات کە بڕیارەکان یان بانگەشەکانی دەوڵەتێکی ئەندام بە تەنیا بۆ ڕێکاری ئینتەرپۆل بەس نین و ئەم ڕێکخراوە ئەرکدارە پێش هەر کارێک، داواکارییەکە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی خۆیدا هاوئاهەنگ بکات.
تەنانەت لە ئەگەری بڵاوکردنەوەی هۆشداریی سووریشدا، هیچ پابەندییەک بۆ ڕادەستکردنەوە دروست نابێت. ڕادەستکردنەوە پڕۆسەیەکی دادوەریی سەربەخۆیە کە دەبێت لە دادگاکانی وڵاتی داواکراودا لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت. ئەم لایەنانە ناچارن پێش هەر بڕیارێک، مەترسیی ئەشکەنجە، سزای لەسێدارەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، پێشێلکردنی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و حاڵەتەکانی تری پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکان، بەپێی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی خۆیان، لەوانەش بنەمای “قەدەغەی گەڕاندنەوە” (Non-refoulement)، کۆنڤانسیۆنی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە وبەڵگەنامە ناچارییەکانی تری مافی مرۆڤ، هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.
لەلایەکی ترەوە، دەبێت جیاوازی لە نێوان پێناسەی سیاسی دەوڵەتێک و پێگەی یاسایی کەسەکان یان گرووپەکان لە سیستمی نێودەوڵەتیدا بکرێت.
لێکۆڵینەوە لە لیستە فەرمییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا نیشانی دەدات کە حیزبە سەرەکییەکانی کوردستانی ئێران، لەوانەش حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و حیزبە کوردستانییەکانی تر، لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان یان یەکێتیی ئەوروپادا نین. بۆیە، بەکارهێنانی ناونیشانی “گرووپی تیرۆریستی” لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، خۆی لە خۆیدا نابێتە جێگرەوەی پێوەرە ناسراوەکانی مافە نێودەوڵەتییەکان و هیچ کاریگەرییەکی یاسایی ناچاری بۆ دەوڵەتانی تر دروست ناکات. لە بەرامبەردا، سوپای پاسداران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکاندا داندراوە و پەرلەمانی ئەوروپاش لە ڕێگەی چەندین بڕیارنامەوە داوای دانانی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەوروپای کردووە ئەگەرچی تا ئێستا ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا بڕیارێکی لەم بارەیەوە نەداوە.
هەروەها، قبووڵکردنی داواکارییەک لە لایەن ئینتەرپۆلەوە، تەنانەت لەبەرچاوگرتنی جێبەجێبوونیشیدا، بە واتای پشتڕاستکردنەوەی ناوەڕۆکی تۆمەتەکان یان ناساندنی نێودەوڵەتیی تاوانباریی پاڵدراو بە کەسەکان نییە. ئینتەرپۆل وەک لایەنی ڕاگەیاندنی دادوەری یان دیاریکردنی بەرپرسیارێتی تاوانکاریی کەسەکان و گرووپەکان ئەژمار ناکرێت و ڕۆڵی ئەو تەنها ئاسانکاریی هاوکاریی پۆلیسییە لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا. بۆیە پشتبەستن بە ڕێکارەکانی ئینتەرپۆل بۆ نیشاندانی ڕەوابوونی نێودەوڵەتیی تۆمەتە ئاراستەکراوەکان، لەگەڵ سنووری دەسەڵات و کارکردنی ئەم ڕێکخراوەدا ناگونجێت.
لێکۆڵینەوە لە یاساکانی ئینتەرپۆل، ڕێساکانی مافی نێودەوڵەتی ڕادەستکردنەوە و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتان لە بواری مافی مرۆڤدا نیشانی دەدات کە بانگەشە ئاراستەکراوەکان لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، تەنها دەربڕینی هەڵوێستی سیاسیی ئەم دەوڵەتەن بێ ئەوەی پشتگیریی یاسایییان هەبێت و خۆیان لە خۆیاندا هیچ کاریگەرییەکی یاسایی لە سیستمی هاوکاریی تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا دروست ناکەن. تەنانەت لەبەرچاوگرتنی بڵاوکردنەوەی هۆشداریی سووریشدا، کارێکی لەم شێوەیە نە بە واتای پشتڕاستکردنەوەی ناوەڕۆکی تۆمەتە پاڵدراوەکانە و نە دەبێتە هۆی دروستبوونی پابەندی بۆ دەوڵەتانی تر لە بواری دەستبەسەرکردن یان ڕادەستکردنەوەی کەسەکاندا.
سەرەڕای ئەمەش، ڕێڕەوی دەوڵەتە دیموکراتەکان و لایەنە دادوەرییەکانیان نیشانی دەدات کە داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕادەستکردنەوە بەتایبەت لە دۆسیەکانی پێوەندیدار بە نەیارانی سیاسی بەهۆی نیگەرانییە چەسپاوەکان بەرامبەر بە پێشێلکردنی بەربڵاو و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، نەبوونی سەربەخۆیی دەزگای دادوەری، مەترسیی ئەشکەنجە، سزای لەسێدارەدان و پێشێلکردنی مافی بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بە توندی کۆنترۆڵ و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و لە چەندین حاڵەتدا، ئەو کاریگەرییە یاسایییەی کە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی دەکردی، لێ نەکەوتووەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین