ڕاپۆرتی تەواوکاریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆسیەی ئازاردانی منداڵ لە سنە

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە نیگەرانییەکی قووڵەوە، چاودێریی دۆسیەی بەئازاری منداڵئازاریی توند دژی دوو کچە منداڵی ٧ و ١٥ ساڵان لە سنە دەکات. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان و زانیارییە پێگەیشتووەکان، ئەم دوو منداڵە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو ئاودەستی ماڵەکەدا بەند کراون، لە دەستڕاگەیشتنی ئاسایی بە خۆراک، ئاسایش و چاودێری بێبەش کراون و بە شێوەیەکی بەردەوام ڕووبەڕووی لێدان، سووکایەتی، و ئازاری جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە. دوای دەستوەردانی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی و بە فەرمانی مەقامی دادوەری، لەو بارودۆخە نادروست و نامرۆڤانەیە ڕزگار کراون؛ بارودۆخێک کە هاوڕێ بووە لەگەڵ چەندین شکان، برینداریی توند و زیانی جیدیی جەستەیی. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە منداڵەکان لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و منداڵەکەی تریش خراوەتە ژێر چاودێریی ڕێکخراوی بێهزیستییەوە.

​زانیارییە پێگەیشتووەکان بۆ هانا ئاماژە بەوە دەکەن کە ناسنامەی باوکی ئەم منداڵانە «ڕ.ڕ» دانیشتووی سنەیە و لە کارمەندانی دادگستریی سنەیە. لە ئەگەری ڕاستبوونی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دۆسیەیە جیا لە ڕەهەندە سزایی و منداڵئازارییەکەی، نیگەرانییەکی جیدی لەسەر ئەگەری بەرژەوەندیی هاوبەش، بەکارهێنانی دەسەڵاتی کارگێڕی و لاوازکردنی سەربەخۆیی پرۆسەی دادوەری دروست دەکات. کارکردنی تۆمەتبار لە دامەزراوەیەکی سەر بە دەزگای دادوەری، گرنگیی ڕوونیی دووچەند، دوورخستنەوەی دەستبەجێ لە پێگەی کارگێڕی، و گەرەنتییکردنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە پێویستتر دەکات.

​لە ڕوانگەی یاسای ناوخۆیی ئێرانەوە، یاسای پاراستنی منداڵان و مێردمنداڵان پەسندکراوی ساڵی ١٣٩٩ (٢٠٢٠)، هەر جۆرە توندوتیژی، ڕەفتاری خراپ، پشتگوێخستن، بەندکردن، زیانی جەستەیی یان دەروونی بەرامبەر بە منداڵ، بە بنەمای دەستوەردانی دەستبەجێی دامەزراوە بەرپرسەکان دەزانێت. ئەم یاسایە تەنیا بۆ سزادانی تاوانباران دوای ڕوودانی کارەساتەکە دانەنراوە، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی ئەو پێشگیری، ناسینەوەی پێشوەختە و پشتگیریی کاریگەرە لەو منداڵانەی کە لەژێر مەترسیدان. بۆیە پرسیاری سەرەکیی ئەم دۆسیەیە ئەوەیە کە چۆن دوو منداڵ توانیویانە بگەنە قۆناغی شکان، بەندکردن و زیانی توندی جەستەیی و دەروونی، بێ ئەوەی سیستمی پاڵپشتیی وڵاتەکە پێشتر دەستوەردانێکی کاریگەری کردبێت.

​لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیشەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ئەندامێکی پەیماننامەی مافەکانی منداڵان، پابەندە بەوەی کە پارێزگاری لە سەرجەم منداڵان بکات لە بەرامبەر هەر جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی یان دەروونی، ڕەفتاری خراپ، پشتگوێخستن و ئەشکەنجەدان. ماددەی ١٩ی پەیماننامەی مافەکانی منداڵان، دەوڵەتان پابەند دەکات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، کارگێڕی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بۆ پێشگیری، ناسینەوە، ڕاپۆرتکردن و دەستوەردان لە حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی منداڵان. لێژنەی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە شیکردنەوەی گشتیی ژمارە ١٣دا ڕوونی کردووەتەوە کە هیچ شێوازێک لە توندوتیژی دژی منداڵان پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە و دەوڵەتان ناتوانن بەرپرسیارێتیی خۆیان تەنیا لە ڕاوەدوونانی سزایی دوای ڕوودانی تاوانەکەدا کورت بکەنەوە.

​هانا جەخت دەکاتەوە کە لەم جۆرە دۆسیانەدا، بەرپرسیارێتی تەنیا لەئەستۆی تاوانبارانی ڕاستەوخۆ نییە. دەوڵەت و دامەزراوە پاڵپشتیکارەکانیش لە هەمبەر هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک لە ناسینەوە، پێشگیری و دەستوەردانی بە کاتی خۆیدا بەرپرسیارن. کاتێک منداڵان لە ناوچەیەکی شرییدا دەگەنە قۆناغی بەندکردن، ئەشکەنجە و شکان، ئەمە نیشانەی شکستی دامەزراوەییە لە پاراستنی بێدەسەڵاتترین ئەندامانی کۆمەڵگەدا.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەشکەنجە، ئازار و ڕەفتارە نامرۆڤانەکان دژی ئەم دوو منداڵە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکات. هیچ پەیوەندییەکی خێزانی، مافی سەرپەرشتی، ویلایەت، وابەستەیی کارگێڕی یان پێگەی پیشەیی ناتوانێت توندوتیژی دژی منداڵ پاساو بدات یان تاوانبار لە لێپرسینەوە بپارێزێت. هانا هروەها هەر جۆرە هەوڵێک بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، بەکارهێنانی دەسەڵات لە دۆسیەکەدا، کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتیی تۆمەتباران یان بێبایەخکردنی ئازاری قوربانییەکان، بە پێشێلکردنی دووچەندی مافی منداڵ و دەستدرێژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دادپەروەری دەزانێت.

​ئەم دۆسیەیە دەبێت وەک تاقیکردنەوەیەکی جیدی بۆ لێپرسینەوە، ڕوونی و پاڵپشتیکردن لە منداڵانی قوربانیی توندوتیژی سەیر بکرێت. لە بارودۆخێکدا کە سەروەریی یاسا لە ئێراندا بە توندی لاواز بووە و دامەزراوە فەرمییەکان لە زۆر حاڵەتدا لەجیاتی پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییان، بوونەتە ئامرازی سەرکوت و پاراستنی تاوانباران لە سزا، پاراستنی منداڵان زیاتر لە هەر کاتێکی تر بووەتە داواکارییەکی بەپەلەی مافی مرۆڤ. بەرپرسیارێتیی دەوڵەت لەو چرکەساتەوە دەست پێدەکات کە منداڵێک دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، نەک لەو کاتەی کە شوێنەواری ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار دەبێت و ڕای گشتی لە کارەساتەکە ئاگادار دەبێتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین