جێبەجێکردنی سزای سێدارەی حەسەن تەهماسبی و کوهیار عەباسی لە زیندانی ناوەندیی شاری قوروه

بەرەبەیانی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، حوکمی سێدارەی حەسەن تەهماسبی (٥٢ ساڵ) و کوهیار عەباسی (٣٧ ساڵ) لە زیندانی ناوەندیی قوروە جێبەجێ کرا.
ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی (لیوات بە زۆرەملێ) بۆ سەر «فەرید سادقی»، مێردمنداڵی تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی گوندی «چەمقلو گەنجی»، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو. فەرید کە منداڵێکی کار و منداڵی جیابوونەوە (فرزند طلاق) بوو، لە گەلاوێژی ١٤٠٣دا لە پاشهاتی ئەو زەبرە دەروونییانەی بەهۆی دەستدرێژییەکەوە بەری کەوتبوو و بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی خێرای دەروونی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و گیانی لەدەست دا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە جەخت دەکاتەوە کە گیانلەدەستدانی ئەم مێردمنداڵە، تەنیا تاوانێکی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکوو نیشاندەری کەلێنە جیدییەکانە لە سیستەمی پاراستنی مافی منداڵان لە ئێراندا. بە بڕوای ئەم ڕێکخراوە، سستی لە ڕێگریکردن لە تاوان دژی منداڵان و نەبوونی ناوەندی پسپۆڕی بۆ دەستێوەردان لە کاتی قەیراندا، مافی منداڵانی بۆ سوودمەندبوون لە ئاسایش و تەندروستیی دەروونی ڕووبەڕووی تەحەدای بونیادی (ساختاری) کردووەتەوە.
هانا هەروەها وەبیر دەهێنێتەوە کە ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی وەها کارەساتگەلێک، پێویستی بە پێداچوونەوە بە یاسا پاڵپشتییەکان، بەهێزکردنی میکانیزمەکانی دەستێوەردانی خێرا و پەرەپێدانی پەروەردەی ڕێگریکارانە هەیە، تا هیچ منداڵ یان مێردمنداڵێک دوای ئەزموونی توندوتیژی، خۆی ناچار بە کۆتاییهێنان بە ژیان نەبینێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین