بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەجاد وەیسی، تەمەن ٣٠ ساڵ، و شایان وەیسیی ئامۆزای، دوو هاووڵاتیی شوێنکەوتووی ئایینی یارسان، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیان، هێشتا لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان لە دۆخی ناڕووندان و دۆسیەکەیان لە دادگای شۆڕشی ئەم شارەدا کاری لەسەر دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، تۆمەتی «موحارەبە» (دژایەتی لەگەڵ خودا) خراوەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە؛ تۆمەتێک کە یەکێکە لەو تۆمەتە سزایییانەی کە قورسترین سزاکان لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەخۆ دەگرێت و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکان و چالاکانی مافی مرۆڤی بەرانبەر بە چارەنووسی دادوەریی ئەوان زیاد کردووە.
لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەستەکان، شایان وەیسی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە. سەجاد وەیسیش ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، لە ڕێگەی دەرەدرێژ بۆ سەرپێڵزەھاو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان گواسترایەوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بۆ بینینی بنەماڵەی هاوسەرەکەی لە ڕێگادا بووە.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەڵگە سەرەکییەکانی دۆسیەی سەجاد وەیسی و شایان وەیسی لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە داڕێژراون کە دەگوترێت لە کاتی دەستبەسەریدا لێیان وەرگیراوە. هەروەها ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەشکەنجە و جۆرەکانی تری ڕەفتاری پێشێلکاری مافەکانی تۆمەتباران لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا بڵاو کراونەتەوە، کە ئەگەر ڕاست بن، نیشاندەری پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە بنەڕەتییەکانی ئەوانە.
سەجاد وەیسی، برای مەیسەم و موجتەبا وەیسییە، ئەو دوو چالاکە کولتوورییە کورد و شوێنکەوتووی ئایینی یارسانەی کە بەرەبەیانی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە کاتی هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر گوندی «قەڵا کەهۆش»ی سەر بە شاری دالاهۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەست دا.
بەردەوامیی دەستبەسەرکرانی سەجاد وەیسی و شایان وەیسی لە دۆخی ناڕووندا، هاوکات لەگەڵ خستنەپاڵی تۆمەتی موحارەبە، نیگەرانییەکانی لەسەر ڕەچاوکردنی گەرەنتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافی بەرگریی تۆمەتباران و پرۆسەی دادگاییکردن لەم دۆسیەیەدا زیاد کردووە.
