نیگەرانیی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنەکان، بێدەنگەیی لە دۆخی دەستبەسەرکراوان و پێشێلکردنی گەرەنتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە زیادبوونی حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە کوردستان لە مانگەکانی ڕابردوو و بەتایبەت لە هەفتەکانی ڕابردوودا، ڕایدەگەیەنێت کە بەپێی زانیاری و ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان لە سەرچاوە ناوخۆییەکان، بنەماڵەکان و شایەتحاڵان، ژمارەیەک لەم دەستبەسەرکردنانە بێ پێشکەشکردنی حوکمی دادوەری و لە هەندێک حاڵەتدا هاوڕێ لەگەڵ هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵە تایبەتییەکان یان دەستبەسەرکردنی کەسەکان لە شوێنە گشتییەکاندا ئەنجام دراون.

​بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا، دوای دەستبەسەرکردنی کەسەکان، دامەزراوە بەرپرسەکان لە پێدانی هەر جۆرە زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن، هۆکاری دەستبەسەرکردن، سەرچاوەی دادوەریی پێڕاناڵ و دۆخی یاسایی دەستبەسەرکراوان خۆیان پاراستووە. بەردەوامیی ئەم دۆخە، نیگەرانیی جددی لەسەر پێشێلکردنی مافی ئاگاداربوون لە دۆخی دەستبەسەرکردن، بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و سنووردارکردنی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەدا دروست کردووە.

​بەپێی ماددەی ٩ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، هیچ کەسێک نابێت بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر یان بێبەش لە ئازادی بکرێت و هەر کەسێکی دەستبەسەرکراو دەبێت لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، دەستبەجێ لە هۆکارەکانی ئاگادار بکرێتەوە. هەروەها بەپێی ماددەی ١٤ی هەمان پەیماننامە، بەهرەمەندبوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دەرفەتی بەرگریی کاریگەر، لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر تۆمەتبارێک بە ئەژمار دێت.

​زێدەباری ئەمە، بەپێی «کۆمەڵە بنەماکانی پاراستنی سەرجەم کەسانی ژێر هەر جۆرە دەستبەسەرکردن یان بەندکردنێک» کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کراوە، بەرپرسان ناچارن زانیارییەکانی پێوەست بە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی یاسایی و دەرفەتی پەیوەندیی دەستبەسەرکراوان لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانیان بەبێ دواکەوتن دابین بکەن.

​هەندێک لە ڕاپۆرتە وەرگیراوەکان هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە لە نێوان دەستبەسەرکراواندا، کەسانی بەتەمەن و ئەو کەسانەی نەخۆشیی جەستەیییان هەیە و پێویستییان بە چاودێریی پزیشکی هەیە، بوونیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە دۆخی تەندروستی، مەرجەکانی ڕاگرتن و دەستڕاگەیشتنی ئەوان بە خزمەتگوزارییە دەرمانی و پزیشکییەکان بڵاو نەکراوەتەوە. بێبەشکردنی دەستبەسەرکراوانی نەخۆش لە چاودێرییە دەرمانییەکان دەکرێت وەک پێشێلکردنی بەڵێنەکانی دەوڵەتان لە ژێر سایەی ڕێساکانی کەمترین ستانداردی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕەفتارکردن لەگەڵ زیندانیاندا (ڕێساکانی نێڵسۆن ماندێلا) سەیر بکرێت.

​هەروەها بەردەوامیی بێئاگایی بنەماڵەکان لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هەندێک لە دەستبەسەرکراوان، نیگەرانییەکان لەسەر مەترسیی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ڕاگرتن لە شوێنە نادیارەکان و پێشێلکردنی بنەمای قەدەغەکردنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی زیاتر کردووە. ڕێوشوێنێکی لەم شێوەیە دژایەتیی هەیە لەگەڵ بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتان لە بواری پاراستنی مافی ئازادی، ئاسایشی تاکەکەسی و کەرامەتی مرۆییدا.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە کاتێکدا جەخت لەسەر پێویستیی پابەندبوونی تەواوی دامەزراوە بەرپرسەکان بە بەڵێنە یاسایی و نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە، داوای ئەم هەنگاوە بەپەلانەی خوارەوە دەکات:

​١_ ڕاگەیاندنی فەرمی، دەستبەجێ و شەفافی ناسنامە، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی سەرجەم دەستبەسەرکراوان

​٢_ ئاگادارکردنەوەی بەپەلە سەبارەت بە بنەما و بەڵگەنامە یاساییەکانی دەستبەسەرکردن بە بنەماڵەکان و پارێزەرەکانیان

​٣_ گەرەنتیی دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێ و بێبەربەستی دەستبەسەرکراوان بە پارێزەری دڵخوازی خۆیان، خزمەتگوزارییە یاساییە سەربەخۆکان و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەدا

​٤_ ڕەچاوکردنی تەواوی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و گەرەنتیی مافەکانی بەرگریی دەستبەسەرکراوان هاوتەریب لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ

​٥_ پێڕاگەیشتنی بەپەلە و پسپۆڕانە بە دۆخی تەندروستیی کەسانی نەخۆش، بەتەمەنەکان و ئەو کەسانەی دیکە کە پێویستییان بە چاودێریی پزیشکی هەیە

​٦_ گەرەنتیی دەستڕاگەیشتنی دەستبەسەرکراوان بە خزمەتگوزارییە دەرمانی، دەرمان و چاودێرییە پزیشکییە گونجاوەکان

​٧_ خۆپاراستن لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان و ڕەچاوکردنی تەواوی ئەو بەڵێنانەی کە لە مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرن

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ڕەوتێکی لەم شێوەیە دەکرێت ببێتە نموونەی پێشێلکردنی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ببێتە هۆی قووڵتربوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی سەروەریی یاسا، شەفافیی دادوەری و گەرەنتیی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان. لەبەر ئەوە، پێویستە دامەزراوە بەرپرسەکان لە زووترین کاتدا کار بکەن بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخی دەستبەسەرکراوان، ڕەچاوکردنی مافە یاساییەکانیان و وەڵامدانەوە بەرامبەر بە ڕای گشتی و بنەماڵەکان.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین